پرۆسەی سەربەخۆیی لە دیدگای دژانی سەربەخۆییدا
March 23, 2017
وتار و بیروڕا
لە هەرێم و لە بەغدا ناوماڵی کورد تێکدەدەن و دەڵێن: زەمینە بۆ پرسی سەربەخۆیی لەبار نییە و دەبێ ناوماڵی کورد رێکبخرێ، ئەی کە وایە بۆچی لە بەغدا ئەوەندە نەرم و نیانن کە میلیشیای مەزهەبیان بۆ بە یاسایی دەکەن؟! لە کوردستانیش بە توندی هەڵکوتنە سەر بارەگای نەیارەکانیان و بە بەردی رەق بەردبارانیان دەکەن، دیارە لەبیریان چووە کە (زێوەر)ی شاعیر بۆ راپەڕین داوا لە کورد دەکا دەست لەناو دەستی یەکتری بکەن، نەک دژی یەکری راپەڕن و دەڵێ:
ئەی کوردینە ئەی مەردینە با دەست لەناو دەست کەین هەموو
بۆ بەرزێتی خاکی وەتەن بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردین هەموو
بۆ ئەوەی پرسی سەربەخۆیی رابگرن پرۆسەی دیموکراتی پێش سەربەخۆیی دەخەن, لە پەرلەمانیش گەورەترین فراکسیۆن پەراوێز دەخەن و بۆ پاکتاو کردنیشی داوای راپەڕینی سەرتاسەری دەکەن، جا ئەگەر ئەوە تەشقەڵە کردن نییە بە سەربەخۆیی! لە کوێی دیموکراتیدا بووە دەستی داگیرکاری دیکتاتۆر بگری و دژی داگیرکراویش داوای راپەڕین بکەی؟! دیارە ئەو شیعرەی (گۆران)ی شاعیریان روو پێ لەناو خۆمان کردووە کە دەڵێ:
دەمی راپەڕینە دەمی راپەڕین
هەتا کەی بە سستی و بە پەستی بژین
برسێتی و نەبوونی دەکەنە بیانووی دواخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و پێشنیاری بڕینی قووت و برسی کردنی خەڵکی کوردستانیش لە بەغدا دەکەن، جا ئەگەر ئەوەندە پەرۆشی برسی بوونی خەڵکن و ئامادەن سەربەخۆیی بە تێر کردن بگۆڕنەوە، بۆچی پێشنیاری بڕینی مووچە و برسی کردنی خەڵکی کوردستان و لە بەغدا کرد؟! دیارە لەبیرتان چووە کە هێمن موکوریانی شاعیر دەڵێ:
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ رەق هەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم تا لەسەر هەردم ئەمن