پەیەدە وەک ماشێنێکی فاشیستی
March 22, 2017
وتار و بیروڕا
كاتێك فۆرمێكی ئایدۆلۆژی وەردەگرێت، لە نێوەڕاستی هەموو هێزێكی فاشیزمدا (ئەویدییەكی) ترسناك هەیە كە یان وێرانمان دەكات یان دەبێ وێرانی بكەین، ئەم ((ئەویدییە)) ترسناكە لە هەموو جێگایەك و لە هەموو پنتێك و لە هەموو ئایدۆلۆژیایەكان و هەموو ساتە مێژوووییەكان و لای كۆی شوناسەكان هەیە، پارادایمی ئەویدی دەبێتە فوبیایەك كە ناهێلێ هیچ كات دەرفەتی كۆبونەوە هەبێ، بە كورتی بە ئەنیمالیزەكردنی بەرامبەرەكانمانە، ئەوەی ئەمرۆ پەیەدە لە خۆرئاوای كوردستان دەیكات رێك بە ئەنیمالیزەكردنی هەموو هێزە شەرعییەكانی تری خۆرئاوایە كە شەرعییەتیان لە خەلك و ئەو شەهیدانەوە وەرگرتەوە كە لە پێناوی ئەو پارچەیەی كوردستان گیانی خۆیان كردوتەوە قوربانی، ئێستا پەیەدە بەجورێك مۆنۆپۆلی سەرجەم كایەكانی كردوە كە تەنانەت وای لێ هاتوە هەڵكردنی ئالای كوردستانیشی لە خەلك و ئەو هیزانە قەدەغە بكات كه وەك ئەوان بیر ناكەنەوە، روژانه بەبەرچاوی ئەوانەوە بێ رێزی بەئالایەك دەكات كە سیمبولی هەر تاكێكی كوردە لە هەموو دونیاوە. سیاسەت كردن ئەمرۆ بەلای پەیەدە گوزارشت كردنە لە ترسێكی قولی ناوەكی بەرامبەر هیزەكانی تری خورئاوای كوردستانەوە، ئەوەی ئەمرۆ پەیەدە دەیکات نەكەرەستەی تەعبیری فیكری هێزێكە لە هێزەكان نەئەداتی رێكخستن و كونترۆل كردن وبەرێوەبردنە، بەڵكو كۆبونەوەیەكی نارێك و تۆپەل ئاسای گروهێكی بەشەری ناشەرعییە لە دەوری ترسێك لەوانی تر، ئەوەی ئیستا پەیەدە بەرامبەر باشوری كوردستان و هیزەكانی خورئاوای كوردستان وەك (ئەنەكەسە و پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سوریا) دەیكات بەمانا((دۆلۆزییەكە)) بۆتەیەكە كە تێیدا خواستی خۆشاردنەوە و خۆتێركردن و خۆخالیكردنەوە و خۆ ئۆرگازمكردنی دەستەجەمعیەكی ئەو هێزەیە كە جگە لە خەونی نەتەوەیەك هەموو شتێكی لەو سەرە كۆ كردوتەوە كە نەعامە ئاسا خستویەتیە ژێر گڵ، لە جیهانی دەرەوەش چی دەگوزەری كێشەی ئەو نیە.
پەكەكە ئەمرۆ لە رێگای لق و پوپەكانی وەك پەیەدەوە هیچ پانتایەكی بۆ تاك و گروهی سیاسی لەو پارچەیەی كوردستان نەهێشتوتەوە تەنانەت بێ رێزیەكانی ئەو هێزە فاشییە گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە نەهێلی شەهیدەكانیش لەسەر خاكی دایكیان بنێژرێن، ئەوە فاشیزمەی ئەمرۆ ئەو هێزە پیادەی دەكات رێك كۆپی كردنەوەی ئەسەدیزم و سەدامیزمە، كە دوای گوللە باران كردنی رۆلەكانی كورد پارەی ئەو فیشەكانەشی لە خانەوادەی ئەو شەهیدە وەردەگرتەوە كە رۆلەكانیانی پێ شەهید دەكردن. سیاستەكەی ئەمرۆی پەكەكە و كلكەكانی بریتیە لە پشت كردنە لە باشوری كوردستان و باوەش كردنە بە رژێمەكەی ئەسەدەوە، لە كاتێكدا هەموو جیهان بۆ دەست بردن بۆ پرسی ناوچەكە بەبێ سەردانی كردنی باشوری كردستان و گوێ گرتن لە راوێژو پێشنیارەكانی سەرۆك بارزانی لە هەمبەر پرسی كورد یەك هەنگاو نانێن.قەدەغە كردنی كاری سیاسی و گرتن و راودونانی سەركردە سیاسیەكانی خورئاوای كوردستان و راپێچ كردنی گەنج و لاوان بۆ سەربازی بەزۆر و نەهێشتنی بیروڕای ئازاد ئەمەنا گشتی لە یەك بۆتەكە خۆیان دەبینەوە ئەویش بۆتەكەی فاشیزمە، ئەوانەی پێیانوایە فاشیزم تەنیا لە فوری دەولەت خۆی دەبینێتەوە جگە لە خوێندنەوەی سادە لەو حیانە هیچی تر نیە بەڵكو ئەمرۆ هەموو تیزەكان بەجورێك باس لە فاشیزم دەكەن كە سەرەتا لە تاكەوە بۆ گروه و دواتر بۆ فورمی دەوڵەت دەگوازرێتەوە.