سیاسەتی خۆپەسندی هەنگاوی یەکەم بەرەو دیکتاتۆری

سیاسەتی خۆپەسندی هەنگاوی یەکەم بەرەو دیکتاتۆری
هەموو ئەو دیکتاتۆر و پیاوکوژانەی کە خۆشی لە خوێن رشتنی خەڵکدا دەبین و حەزوخولیای شەڕانگێزیان لەسەر زەوتکردنی ماف و ئازادی بەرامبەرەکانیان خاڵی دەکەنەوە، لە قۆناغی هەڵکشان بەرەو دەسەڵات و بۆ خۆشکردنی شوێن پێی دیکتاتۆری و پاکتاو کردنی نەیارەکانیان، ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو دەگرن.
١ــ مێژوو دەشێونێ.
٢ــ ئێستا بێ بەها و سووک دەکات.
٣ــ داهاتوو دەخاتە ژێر پرسیار و گومان.
٤ــ کۆمەڵگا بەسەر رەش و سپیدا دابەش دەکات.
٥ــ هەموو راستییەکان لە سیاسەت و بیروبۆچوونی خۆیدا کۆ دەکاتەوە.
٦ــ دژەکانی دەخاتە بەرەی خیانەت و بە تۆمەتی دیکتاتۆر بوون و نەزان و دژی پێشکەوتن ناوزڕاویان دەکات.
٧ــ نەیارانی بە پەلاماری بێبنەما و ئیرهابی فکری دەترسێنێ.
٨ــ بۆ چەواشەکردنی خەڵک و بەراوەژوو پیشاندانی راستییەکان پشت بە میدیای (غۆبڵز)ی دەبەستێ و سیاسەتی درۆ بکە درۆ بکە تا درۆکان دەکەی بە راستی دەگرێتەبەر.
٩ــ لە قۆناغی سەرەتا و لە هەنگاوەکانی دەستپێکدا چەندی بۆی بکرێ دیموکراتی دەکاتە پەیژەی گەیشتن بە دەسەڵات.
جا ئەگەر دیکتاتۆر لە قۆناغی هەڵکشان بەرەو گرتنە دەستی دەسەڵات ئاوا سووک و ئاسان بناسرێتەوە، دەپرسین: ئایا لە کوردستان ئەو بونیاتە سیاسیە هەیە و کەس و دەستە و گرووپی وا دەرکەوتوون چاویان بڕیبێتە بە دیکتاتۆر بوون؟
ئەگەر پیداچوونەوە بە مێژووی هەندێ سەرکردەی ناو پرۆسەی سیاسی ئێستادا بکەین و هەڵوێستی رابردووی خۆیان و سیاسەتی ئێستای حزبەکەیان لە چرای ئەو بنەمایانە بدەین، کە دیکتاتۆر لە قۆناغی هەڵکشان بەرەو دەسەڵات پشتیان پێدەبەستێ، یان هەندێ سەرکردە و لایەنی سیاسی کە لە پیرۆزیەکانی ئایدۆلۆژیەوە دەڕواننە دەسەڵات و دەسەڵاتپارێزی، دەگەینە ئەو راستییەی کە بەڵێ کەسانێک بێ گوێدانە هەستیاری قۆناغەکە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان دەدەنە بەر نەشتەری دیکتاتۆری، فەرموون ئێوەی خوێنەر و پەردە لادان لەسەر نمایشی شانۆگەری بەرەو تاکڕەو ی و پاوانخوازی و دیکتاتۆریەت:
کە دەڵێم: دیکتاتۆر مێژوو دەشێوێنێ، کاتیک هەڵسووڕاو و بانگخواز و کادیری هەندێ حزب باس لە مێژوو دەکەن، رێک شۆڕشگێڕی و خیانەتکاری پێچەوانە دەکەنەوە، پەردەیەکی رەشیش بەسەر سەروەریەکانی مێژووی خەبات و قوربانیدانی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد هەڵدەکێشن، خۆ ئەگەر لە مێژووی پڕ سەروەری و قورباندیانی کورد بێئاگا بی، وادەەزانی هەموو شۆڕشگێڕان و ئەوانەی رەنجیان داوە و لە خەمی رزگاری کورد و سەربەخۆیی کوردستاندا بوون، خیانەتیان کردووە و خیانەتکارانیش شۆرشگێڕی عەیار ٢٤ بوون.
بۆ بێ بەهاو سووک کردنی ئێستاش وایان لە تاکی کورد کردووە خۆزگە بە سەردەمی سەددام حوسێن بخوازێ و هاواری عەبادی عەبادیان پێدەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ئازادی و دەستکەوتانەی ئێستا بەری رەنجی دەیان ساڵ خوێن و خەباتی گەلەکەمانن و بە دەریایەک خوێن بەدەست هاتوون، ئەگەر ئەوانە بە راستی هەڵگری خەمی نەتەوەیین و رێگە بۆ بە دیکتاتۆر کردنی خۆیان خۆشن ناکەن، دەبێ تاکی کورد وا رابهێنن کە لە خەمی هەڵگرتنەوەی کەموکورتیەکان و چارەسەریاندا بن، نەک بانگەشەی گێڕانەوەی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بکەن و هەوڵبدەن لە کوردستان بیانکەنەوە خاوەن ماڵ.
کاتێک لەسەر داهاتوو قسە دەکەن، کورد دەخەنە گێژاو و بە شێوەیەک دەرگاکانی دەرچوونی بەسەردا دادەخەن, کە جگە لە هەڵکردنی ئاڵای سپی و چوونەوە ژێر رەحمەتی داگیرکاران کورد هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەم نەبێ, ئەوەش روونە و بە گەرمی شەڕی چوونەوە بەغدا لەگەڵ سەربەخۆ خوازانی کوردستان دەکەن.
بەلای ئەو دەستە و گرووپانەی کە هزر و بیری دیکتاتۆریەت ئاراستەیان دەکات، کۆمەڵگا رەش و سپییە، ئەوەی لەگەڵیان هاوڕا بێ سپییە و ئەوەی دەمێنێتەوە یان نەیاریانە رەشی قەترانین، لە کوردستان ئەو رەش و سپی کردنە بۆتە دیاردە و بە چڕی و بە پلان و بەرنامە کاری لەسەر دەکرێ.
گەورەترین نەخۆشی دیکتاتۆرەکان ئەوەیە کە تەنها خۆی پێ راستە و راستییەکان لە بیروبۆچوونی سیاسی خۆیدا کۆدەکاتەوە، هەر کەسێکیش ئەوانی پێ راستە نەبێ بە تاوانبار و هەڵگەڕاوەی دەزانن، هەر ئەوەشە وای لە دیکتاتۆرەکان کردووە بۆ سەپاندنی بیروبۆچوونی سیاسی خۆیان کۆمەڵکوژی بە رەوا بزانن و حەڵاڵی بکەن، کۆمەڵکوژیەکانی هیتلەر و سەددام حوسێن دوو باشترین بەڵگەی ئەو راستییەن، لە کوردستانیش هاندانی شەقام و نانەوەی ئاژاوە بە مەبەستی کوشتن دووبارە کردنەوەى رەفتاری هیتلەر و سەددام حوسێنە.
ئەوەی لەسەر زاری پەیڕەوانی دیکتاتۆر خوازەکانی کوردستان گوێبیستی دەبین، تا هاوڕایان بیت وەک خۆیان دەڵێن موسڵمانێکی موجاهیدخوازی، یان گۆڕانخواز و هەڵگری خەم و بژێوی خەڵکی، هەر کاتیکیش لە فەمان و رینمایی سیاسی و موجاهیدی ئەوان دەرچووی، یان دەتکافرێنن، یان دەتخەنە قووڵایی خیانەت و تەنانەت ئەو ماوەیەش کە هاوڕایان بووی و خزمەتت کردوون، بە مونافیق و جاسووس تاوانبارت دەکەن.
لای خوازیارانی گەیشتن بە کورسی دیکتاتۆری هەڵبەستنی تۆمەتی بێنەما و ئیرهابی فکری بە یەکێک لەو چەکە کاریگەرانە دەزانن کە رێی دووریان بۆ نزیک دەکاتەوە، ئەو ئیرهابە فکری و هەڵبەستنی تۆمەتە بێبنەمایانەی لە کوردستان لە لایەن هەندێ دەستە و گرووپی دیاریکراوەوە کاری لەسەر دەکرێ، هیچ گومانێک لەسەر ئەوە ناهێلێ کە رەوتێکی دیکتاتۆرخواز خۆیان خزاندۆتە ناو پرۆسەی سیاسی و هەموو شتیک بە ئامانجە نەتەوەییەکانیشەوە بە قوربانی گەیشتن بە کورسی دیکاتۆری دەکەن.
دیکتاۆرەکان بۆ لادانی ئاستەنگەکانی بەردەمیان لە رێگای میدیای (غۆبڵزی)یەوە بەسەر هەموو جوانیەکانی مێژوو و ئێستا و داهاتوودا دەڕشێتەوە، درۆ دەکەن درۆ دەکەن تا درۆکانیان دەکەن بە راستی و گومانیش دەخەنە سەر راستییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی چەواشەکاری بە چەندین میدیای بەناو ئەهلی و سەربەخۆ و بێلایەن دەسپێرن، ئێستا لە کوردستان ئەو میدیا (غۆبڵز)یە بە شێوەیەکی کارا و بەربڵاو بە دوای چەواشە کردنی تاکی کورددا دەگەڕێ، بۆ ئەو مەبەستە و بێئومێد کردنی تاکی کورد بە دواڕۆژی خۆی و نەتەوەکەی پەنا بردنیان بۆ لێدوانی دوژمنان کردۆتە دیاردە.
ئەگەر سەردەمانی زوو دیکتاتۆر بۆ گەیشتن بە مەرامە دیکتاتۆریەکانی پەنای بۆ کودەتا بردبێ، ئەوا ئێستا پەردەی بوونی ئازادی بیروڕا بەسەر مەرامەکانی هەڵدەکێشێ و بە پەیژەی دیموکراتیدا سەردەکەوێ، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە دەستە و گرووپگەلەی لە کوردستان داوای دیموکراتی دەکەن، یان هەڵگری پەیامی ئایدۆلۆژی توندڕەوین، بێگومان هەموو ئایدۆلۆژییەکیش دیموکراتی لە هەناوی پیرۆزیەکانی خۆیدا دەگوشێ، یان مانای دیموکراتی لە ئازادی هەڵکوتانەسەر و کوشتنی نەیارەکانیاندا چڕ دەکەنەوە، ئەوەش دەرخوارد دانی دیموکراتییە بە تامی دیکتاتۆری، جا ئەگەر ئەوانە لە قۆناغی هەڵکشان بەرەو دیکتاتۆری ئەوە رەوشت و ئاکاری سیاسیان بێت! دەپرسین: ئەگەر بگەنە کورسی دیکتاتۆری دەبێ چ کارێک بە دیموکراتی بکەن؟!
تا ئێرە و ئەوەی باس کرا مەترسی دەرکەوتنی ئەو دەستە و گرووپانەن کە لەناو بوونی ئەو ئازادی و دیموکراتیەی لە کوردستان هەیە خۆیان حەشار داوە، لەوەش مەتریسیدار تر ئەوەیە ئەو دەستە و گرووپانە ئەگەر خۆیان بێئومێد بوون لە گەیشتنە کورسی دیکتاتۆری، ئەوا کار لەسەر هێنانەوەی دوژمنانیان بۆ کوردستان دەکەن، ئەوەش بە هەڵوێستیانەوە دیارە کە هێنانەوەی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیان کردۆتە جێگرەوەی خۆیان.
Top