نەهێنییە شاراوەكانی پەكەكە(زنجیرەی هەشتەم) پەكەكەو كوشتنی كادیرەكانی، لەوانەش ئەنوەر عەتا

نەهێنییە شاراوەكانی پەكەكە(زنجیرەی هەشتەم) پەكەكەو كوشتنی كادیرەكانی، لەوانەش ئەنوەر عەتا
بە پێچەوانەی ئەوەی كە بانگەشەی ئازادیخوازی بۆ ئەو حیزبە دەكرێت بەڵام هیچ كات بەو شێوەیە نەبووە ئەوانەی كە لە نێزیكەوە دەرگیری ئەو حیزبە بوونە و پەیوەندییان هەبووە و یان بە جۆرەك لە جۆرەكان لە بەرێوە بردنی پەكەكەدا دەستیان هەبوبیت دەزانن كەجۆرەك لە دیكتاتۆرییەت لە بریاردان لە ناو پەكەكە دا هەیە و هەموو ئەو دەنگانەی كە دژ بە دیكتاتۆرییەت دەر دەچن كپ دەكرێن و ئەوە ش بە كوشتنی خاوەنی ئەو دەنگە شازانە كۆتاییی بە ژیانیان دێت لەو زنجیرەیە دا پەنجە دەخەینە سەر چەند نەهێنییەكی تر بۆ ئەوەی روویەكی تری ئەو حیزبە بە ناو ئازادیخوازە دەر بخەین.
دوای ١٥ی ئابی ١٩٨٤، کێشە ناوخۆییەکانی پەکەکە بۆ بەدەستخستنی دەسەڵات بەوپەڕی خۆی گەیشت. چەتین گونگور "سەمیر"، کەسیرە یەڵدرم "فاتمە"، دوران کالکان "عەباس"، عەلی حەیدەر قەتیان "فوئاد" و باقی قەرار "سلێمان" هەرکامیان بە شێوەیەک دژی دەسەڵاتدارییەتی ئۆجەلان ڕاوەستان. لەبەر ئەوە ئۆجەلان بڕیاریدا فاتمە و سەلیم لە ئەوروپاوە بگەڕێنێتەوە ناوەندی سەرۆکایەتی. فاتمە هەرکە گەڕایەوە، ڕاپۆرتێکیان لەسەر خۆی پێ نوسی و بڕیاری ئیعدام کردنیان دا، بەڵام ئۆجەلان قبووڵی نەکرد.
کێشە ناوخۆییەکانی پەکەکە لەو ساڵەدا گەیشتە جێیەک کە چەند کەسێک، لەوانە عوسمان ئۆجەلانی برای عەبدوڵا ئۆجەلان بڕیاریاندا خۆیان بکوژن. لەم بارەیەوە جەمیل بایک ئاماژە بۆ نامەیەک دەکات کە عوسمان بۆ عەبدوڵا ئۆجەلانی برای نوسیوە و دەڵێت: (ئەگەر بە کوشتنی من پارتی ڕزگاری دەبێت، ئەوا من ئامادەم خۆم بکوژم.)
ئۆجەلان لە وەڵامی ئەودا نامەیەکی بۆ فێرگەی پەکەکە نوسی و لەودا بەتوندی ڕەخنەی لە عوسمان گرت و داوای لێکرد هەلومەرجی خۆی لەبەرچاو بگرێت. لە ئەنجامدا عوسمان ئۆجەلان وازی لە کوشتنی خۆی هێنا(١). لەو بارەیەوە عوسمان ئۆجەلان دەڵێت:
- (ئەم ڕووداوە دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣، نەک ساڵی ١٩٨٤ و لەو بارەیەوە جەمیل بایک هەڵەی کردوە. ساڵی ١٩٩٢ من شەڕی نێوان یەکێتی و پارتیم لەگەڵ پەکەکە ڕاوەستاند. مانگی ١٠ی ئەو ساڵە خەریکبووم کە پەیمانێکی دوولایەنە لەگەڵ ئەوان واژۆ بکەم کە لەنێو کورداندا شەڕ نەبێت. چووم لەگەڵ مام جەلال، کاک مەسعود و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران قسەم کرد و هەوڵمدا لەنێو ئەوان و پەکەکەدا پەیمانێکی نەتەوەیی پێکبێت و زۆریشم بۆ ئەو بیرە هەوڵدا. هەموو حیزبەکان ڕازی بوون کەچی جەمیل بایک بە هاودەنگی کردن لەگەڵ ئاپۆ لە حەفتانینەوە هێرشی مقەڕەکانی پارتی دیموکراتی کرد. ئەو کێشەیە ناچاری کردم لە مانگی حوزەیرانی "ژوئین" ١٩٩٣دا ئیستقالە بکەم. پەکەکە ویستی ئەمن موحاکمە بکات، من لە ئێران لە ماڵی پەکەکە لە ورمێ بووم. ئەوان لە کۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٣وە بۆ ماوەی دوو مانگ لەو ماڵەدا زیندانیان کردم و مانگی دووەمی ساڵی ١٩٩٤ ئازاد کرام. من لە حاڵەتێکی زۆر دژواری دەرونیدا دەژیام و شەوێک لەگەڵ ئەو ژمارە گەریلایانەی کە بەهۆی نەخۆشییەوە هاتبوون و لەو ماڵە بوون، دانیشتم و قسەم لەگەڵیان کرد و گوتم من موشکیلە نیم و باسی دەرد و ئازارەکانی خۆم و تەنانەت کوشتنی خۆم کرد.)
پەکەکە بۆ دەرچوونی لەو تەنگژەیە و کۆتایی هێنان بە کێشە ناوخۆییەکانی، ڕێگەی تیرۆرکردنی کادیرە ناڕازییەکانی خۆی گرتەبەر. ڕۆژی ٢٠/٦/١٩٨٤ لە شاری ئوپسالای سوید، یەکێک لە کادیرەکانی خۆی بەناوی ئەنوەر عەتا کوشت و بە دوای ئەودا ویستی لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا کۆتایی بە ژیانی سەلاحەدی چەلیک "سەلیم خۆجە" بێنێ کە سەلیمیان بریندار کرد، بەڵام لە مەرگ ڕزگاری بوو.
ئەوەش زیاتر رووی راستەقینەی ئەو حیزبە دەردەخات ئەوانەی كە لە ناو ئەو حیزبە دابوون دەتوانن گەواهیدەری ئەو راستییانە بن كە لە سەرەوە ئاماژەیانپێكراوە.
سەرچاوە:
پارتی كرێكارانی كوردستان لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە تا جەمیل بایک حامید گەوهەری
Top