ئەگەر شەرم لە مێژووش ناکەن، رێز لە داهاتوو بگرن
March 18, 2017
وتار و بیروڕا
ئەو هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیانەی ئەو کەس و دەستە و گرووپانە کە بە مەبەستی چەواشەکردنی رای گشتی، جاشایەتی بە تامی کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشن و ململانێی پێ لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی و خواستی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەن، دەکرێن بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەمیان ئەو کەس و دەستە و گرووپانەن کە لە رابردوودا داگیرکارانی کوردستان بە گەروویاندا رشاونەوە و لە شەڕی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی کوردستان لەگەڵیان هاوسەنگەر بوون، بەشی دووەمیشیان ئەو خاوەن فایلانەن کە پەیوەندی ژێر بە ژێریان هەبووە و هەواڵی بوونی بارەگای جوولەکەیان لە هەولێر بە رژێم دەدا و بۆ لەناوبردنیان داوای چەک و جبەخانەی جەنگیان لە ئەنفالچی و کیمیا وەشێنانی بەغدا دەکرد.
ئەو کەس و دەستە و گرووپانە کە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد شەرم لە تۆمار کردنی کار و کردەوەی رابدوویان دەکا و، داهاتووی نەتەوەییش لە هەڵوێستی خۆ بەدەستوە دەرانە و پەیوەندیە ژێر بە ژێرەکانیان بە داگیرکاانی کوردستانەوە بێزارە، سەردەمانێک موزایەدەیان بە کوردایەتییەوە دەکرد و بە کەمتر لە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی رازی نەدەبوون، کەچی دوای ئەو هەموو مەرگەسات و بڕینی ئەو رێگا دوور و درێژە و نزیک بوونەوە لە سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، هێشتا دەستبەرداری مێژووی رەشی خۆیان نەبوون و بە رەشبینیشەوە لە داهاتوو دەڕوانن،