زامی هەڵەبجە چۆن سارێژ دەبێ
March 17, 2017
وتار و بیروڕا
هەڵەبجە زامێکی نەتەوەییە و بە مەڵهەمی حزبی ئازاری ناشکێ، پێویستی بە پیاهەڵدان و لاواندنەی حزبی نییە، ناخوازێ لاوک و بالۆرە و هەلهەلەی حزبی بۆ بکێشن، بێزی لەو بەیانە حزبیانە دەبێتەوە کە لە بۆنە و یادکردنەوەیدا بۆی دەنووسن، نەفرەت لەو فرمێسکە حزبیانە دەکات کە ساڵی یەکجار بۆی دەڕێژن، تف لەو دێڕە نووسینانە دەکات کە ساڵانە لە دەفتەری بیرەوەریەکانیدا بۆی دەنووسن.
هەڵەبجە دڵداری لەگەڵ مەرگی پێنج هەزار پەپوولە کردووە و شیعر و پەخشانی ساختە و سۆزداری ناوێ، بە تاسەوە لە بڕیاری ئازاد کردنی (تاریق رەمەزان)ی فرۆکەوان دەڕوانێ، بە دوای ئەو دەستە حزبییەدا دەگەڕێ کە جەنگی عێراق و ئێرانی هێنایە ناو هەڵەبجە و کانی عاشقانی لێکرد بە کانی مردووان، دواییش لەناو مەرگ و چڕەدووکەڵی کیمیاییدا بە تەنیا بەجێیانهێشت.
ئەرێ پێتانبڵێم هەڵەبجە چی دەوێ؟ رەواندنەوەی تەمومژی دووبەرەکی دەوێ، و بێزارە لە سەرەڕۆیی سیاسی و فەوزای هەڵکوتانەسەر، ئیرهابی فکری بە گرمەی فرۆکە تێدەگا و ماڵماڵۆکەی حزبیش بە بۆنی (سێو)، خۆتان لە گێلی مەدەن، هەڵەبجە کۆدەنگی و یەکهڵوێستی نەتەوەیی دەوێ، وەک رێگری لە دووبارە بوونەوەى هەڵبجەیەکی تر و نوری مالیکی نەکردن بە عەلی کیمیاییەکی تر، سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی دەوێ، ئەوەش بە تەنیا داوای هەڵەجەییەکان نییە و گەرمیان و ئۆردوگای زۆرەملێی قوشتەپەش هەمان داوای هەڵەبجەیان هەیە.