ستاندەر دەمێکە دەبوایە بخرێتە ژێر لێپێچینەوەی یاسایی
March 16, 2017
وتار و بیروڕا
لەهەمانکاتدا ئەو سایتە سەنگەرێکی بەردەوامی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بەدناوی و بڕو بیانوو بوختان بووەو لەکوێش شتێک دژی کوردستان گوترابێت دووبارەی کردۆتەوە، جیالەوەش بەبێ سەرچاووە بیروڕای جیاجیاو قسەی جیاجیا لەدژی بەرژەوەندی وڵات و ئاسایشی وڵات و هەندێکجاریش لەدژی کەسایەتیە سیاسیەکان و حزبەکانیش بڵاو دەکاتەوە، لە ڕووی یاساییەوە دەبوایە ئێستا بەهۆی هەموو ئەوانەوە ستاندەر دەمێک بێ بخرێتە ژێر لێپێچینەوەی یاساییەوەو ئێستا خاوەنی ستاندەر بەدوای مافی یاسایی خۆی بكەوتایە.
ئەوەی کەجێی تێبینیە لەسلێمانی کۆمەڵێک خەڵکی کە بەردەوام ستاندەر ئاسا ناهەقی دەڵێنەوەو بڕوبوختان دەکەن و هستریایی ڕاگەیاندنیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە، ئەوانە نامەیەکیان نووسیوە کە بەرگری لە هاوپیشەکەیان دەکەن کە ستاندەردە، ئەوانە ڕاهاتوون کە هەمیشە پشتیوانی خەڵکی تێکدەربن بەوشێوەیە:
١-کێ لەدژی سەربەخۆیی دام و دەزگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بجوڵێنێ، ئەوانە لە سلێمانیەوە پشتیوانی دەکەن.
٢-ئەوانە هەمیشە هەوڵدەدەن وەکو قاز بقیڕێنن، گوایە هاودەنگی دەکەن و فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان.
٣-کێ لەدژی ئارامی و ئاسایشی کوردستان کاربکات و هەنگاوبنێ وپڕوپاگەندە بڵاوبکاتەوە دیسان ئەوانەی کە ئێستا ئەو نامەیەیان ئیمزاکردووە پشتیوانی لێ دەکەن.
جابۆیە لەوەڵامی ئەوانەدا دەڵێم، ستاندەر چەند قیمەتی هەیە، قسەوڕای ئەو پەلاماردەرانەشی بەناو ڕاگەندنکارو یان ناویان لەخۆیان ناوە ڕۆشنبیر لەسلێمانی کە لەڕاستیدا نە ڕاگەندنکارو نەڕۆشنبیرن هەرهێندە قیمەتەیان هەیەو جێگا دەگرێ.