راستيى سووكايه‌تيكردن به‌ په‌شێوى مه‌زن!!.

راستيى سووكايه‌تيكردن به‌ په‌شێوى مه‌زن!!.
چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ فه‌يسبووك شاعيرى مه‌زنى كورد مامۆستا عه‌بدوڵا په‌شێو كراوه‌ته‌ بابه‌تێكى گه‌رمى شه‌ڕ و ناكۆكى سياسى و گوايه‌ له‌ هه‌ولێر چه‌ند چه‌كدارێ ئيهانه‌يان كردووه‌ و پێيان وتووه‌ تۆ كێيت و چيت و لێره‌ چى ئه‌كه‌يت و؟!! ...هتد. راستى و ناڕاستيى ئه‌م بابه‌ته‌ ديار نيه‌ و له‌ هيچ لايێ ساغ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام يه‌ك شت زۆر راست و دياره‌ و زۆريش به‌ باشى ساغ بۆته‌وه‌، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێ زه‌ڕه‌يێ رێز و خۆشه‌ويستى بۆ زاتێكى مه‌زنى وه‌ك په‌شێو هه‌بێ و په‌شێو‌ بناسێ، ويژدان و ئه‌خلاقى قبووڵ ناكا و هه‌رگيز رێگه‌ به‌ خۆى نادا و به‌و شێوه‌ ناشيرينه‌ په‌شێو ناكاته‌ چه‌كێكى سووك بۆ مه‌رام و شه‌ڕێكى قێزه‌وه‌نى سياسى كه‌ هه‌موو شتێكى كوردى ناشيرين و بۆگه‌ن كردووه‌.
په‌شێو زاتێكه‌‌ زۆر زۆر له‌وه‌ مه‌زنتره‌ ئه‌و نه‌خوێنه‌وار و جنێوفرۆشانه‌ بيانه‌وێ به‌و شێوه‌ ناشيرينه‌ به‌كارى بهێنن!. ئه‌و شتێ نيه‌ بۆ به‌كارهێنان، پاشان ئه‌و قسه‌يه‌ ئه‌كرێ، بۆچى يه‌كێ له‌ كه‌ناڵه‌ پرۆفيشنال و ئه‌هلى و سه‌ربه‌خۆكان په‌يوه‌نديه‌كيان پێوه‌ نه‌كرد و راستى و دروستيى بابه‌ته‌كه‌يان لێ نه‌پرسى؟! خۆ ئه‌و له‌ هه‌ساره‌يه‌كى ديكه‌ ناژى!. خۆ ئه‌و له‌و ئه‌وروپا ئازاده‌ ده‌مى نه‌گيراوه‌ تا هيچ نه‌ڵێ؟!!. ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بۆ ئه‌گه‌نه‌ هه‌موو شوێنێكى سه‌رزه‌مين و ناگه‌نه‌ مامۆستا په‌شێو؟!!..
ئه‌وه‌ وتمان په‌شێو بێزى نه‌هات وه‌ڵاميان باته‌وه!‌، ئه‌ى باشه‌ بۆ يه‌كێ له‌و كه‌ناڵانه‌ يان له‌و سايتانه‌ پرسيارى يه‌كێ له‌ دوو برازاكانى ناكا كه‌ وان له‌ هه‌ولێر و ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ڵ په‌شێوى ماميان چوونه‌ته‌ سه‌رقه‌بران. ئه‌و سه‌رقه‌برانه‌ى نه‌ هيچ حه‌ره‌سێكى لێيه‌ و نه‌ هيچ سه‌يته‌ره‌يه‌كى له‌ ڕێگه‌دايه. ئه‌وه‌ قه‌برستانى بێركۆته‌ و هه‌موو ڕۆژێ خه‌ڵك سه‌ردانى ئه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر تۆزێ ويژدانتان بێ، زاتێكى مه‌زنى وه‌ك په‌شێو‌ ناكه‌نه‌ بنێشته‌خۆشه‌ بۆ شه‌ڕه‌قسه‌ و جنێودانى خۆتان، گه‌وره‌ترين ئيهانه‌كردن‌ ئه‌وه‌يه‌ به‌ په‌شێو ئه‌كرێ، نه‌ك قسه‌يێ كه‌ هيچ كه‌ناڵ و سايتێ جورئه‌ت ناكا له‌باره‌يه‌وه‌ له‌ په‌شێو‌ خۆى، يان له‌ يه‌كێ له‌ خانه‌واده‌كه‌ى‌ بپرسێ و راستييه‌كه‌ بدۆزێته‌وه!‌.
حه‌يف كه‌ به‌و هه‌موو مه‌زنى و جوانيى خۆيه‌وه‌، په‌شێويشتان كرده‌ بابه‌تى ئه‌و شه‌ڕه ‌جنێو و سووكايه‌تى به‌يه‌ككردنه‌!. تۆزێ خواتان بێ، ئه‌و شايسته‌ى ئه‌وه‌ نيه‌، به‌س خوا ده‌زانێ ئێستا په‌شێو چه‌ند به‌و حاڵه‌ په‌شێوه‌؟!!.
Top