پەکەکە و عەلی باپیر، ئاڵا و ئەی رەقیب

پەکەکە و عەلی باپیر، ئاڵا و ئەی رەقیب
حەفتا و یەک ساڵ بەر لە ئێستا و بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان بە دەستی پێشەوا قازی و لەسەر کۆشکی یەکەم کۆماری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکرا، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو ئاڵایە بۆتە شکۆ و ناسنامەی نەتەوەیەکی نیشتیمان لەتلەتکراو، ئەوەی زیاتر ئەو ئاڵایەی پیرۆز کردووە پاراستنی بوو لە لایەن بارزانی نەمرەوە کاتێک پێشەوا قازی وەک شکۆی نەتەوەیەک رادەستی بارزانی نەمری کرد و ئەویش بەڵێنەکەی بردەسەر و نەیهێشت بکەوێتە دەستی دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان سووکایەتی پێبکەن, کەچی ئێستا پەکەکە بۆ بەرز راگرتنی ئاڵای بەعسی سوری گەنج و لاوی کورد بە کوشت دەدا و ئاڵای کوردستانیش دەخاتە ژێر پێ، ئایا بەرز راگرتنی ئاڵای دوژمنان و ژێرپێ خستنی ئاڵای کوردستان، جگە لە جاشایەتی و بێبەری بوون لە کوردبوون و کوردایەتی چ مانا و لێکدانەوەیەکی تر هەڵدەگرێ؟

حەفتا و یەک ساڵ بەر لە ئێستا و لەگەڵ راگەیاندنی یەکەم کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، (ئەی رەقیب) بە فەرمانی پێشەوا قازی کرایە مارشی نەتەوەیی و کوردیش وەک نەتەوەکانی تر بە خاوەن مارش کرا، لەو رۆژەوە ئەی رەقیب بۆتە وێردی سەر زمانی سەربەخۆخوازینی کورد و وەڵامی هەموو ئەو دژمن و داگیرکارانەی پێدراوەتەوە کە لەناوبردنی کوردیان لە کارنامەی سیاسی خۆیاندا کردۆتە ئامانج، لەو پێناوەشدا هەزاران سەربەخۆخوازی شۆڕشگێڕ لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بەدەم وتنی (ئەی رەقیب)ەوە گیانیان بە خاکی کوردستان و ئامانجە نەتەوەییەکان بەخشیوە، تەنانەت لەیلا قاسم لە کاتی چوونە ژێر پەتی سێدارە، بە خاوەن پەت و سێدارە و بکوژانی کوردی دەگوت:
کەس نەڵێ کورد مردووە کەس نەڵێ کورد مردووە

کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان

کەچی پەکەکە ئەو ئاڵایە دەخاتە ژێرپێ کە لەیلا قاسم بەدەم مەرگەوە بە دوژمنانی دەگوت: نانەوێ ئاڵاکەکان، عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیش لەبەر مارشی نەتەوەیی تورک و فارس و عەرەب بەرزەپێ بڵند دەبێ و بۆ ئەو مارشە نەتەوەییەش کە لەیلا قاسم لە سەرەمەرگدا سێرەی پێ لە دوژمنان دەگرت خۆی بە زەویەوە مەڵاس دەدات، جا ئەگەر ئەو خۆ مەڵاسدانەی عەلی باپیر خۆ دۆڕاندن و چوونە ژێر باری دوژمنان نەبێ، ئەی خۆ دۆڕاندن و چوونە ژێر باری دوژمنان چۆنە؟
کاتێک ئەو هەڵوێستە نانەتەوەیی و نانیشتیمانیەی پەکەکە و عەلی باپیر بەرامبەر بە ئاڵای کوردستان و سرووی (ئەی رەقیب)ی مارشی نەتەوەیی دەبینم، ناچارم پەردە لەسەر راستییەکی حاشا هەڵنەگر لابدەم و بڵێم: هەم پەکەکە و هەم عەلی باپیر توورەکەی ئایدۆلۆژییان بەسەر سەری خۆیان رۆکردووە و لە ئاخوڕی یەک داگیرکاری کوردستاندا دەلەوەڕێن.
Top