بارزانی كاریزمایەك بۆ گەلی كوردستان

بارزانی  كاریزمایەك بۆ گەلی كوردستان
گەلی كورد خاوەنی كەسایەتیی بارزانییە كە خاوەن كاریزمایەكی زۆر بەهێز و پڕ ئەزموون بووە و بونیادنەری شۆڕشی كوردایەتی و دانەری بەردی بناغەی دەوڵەتی كوردییە و تا ئێستا نەوەكانی بەو ڕێگا و پلانە پیرۆزەی ئەو پیاوە مەزنەدا دەڕۆن بۆ گەیشتن بەو دەوڵەتەی كە ئاواتی هەموو تاكێكی دڵسۆزی ئەم كوردستانەیە.

بارزانی خاوەنی كەسایەتییەكی زۆر بەهێز و بە توانا و دەسەڵاتداری بووە و خاوەن كاریزمایەكی زۆر تایبەت بووە هەمیشە كەسایەتییەكانی جیهان و عێراق لە سەرداندا بوون بۆ لای، هیچ كات نەچۆتە سەردانی كەسیان بۆ ئەوەی شكۆی كورد بە بڵندی ڕاگرێت و هەموو ئەو كەسایەتییانە لە چاوی بارزانییەوە سەیری تاكی كورد بكەن و هەمیشە وەك سەرۆكی كوردان ڕێزی لێگیراوە و هاتوونەتە خزمەتی، بارزانی قوتابخانەیەك بووە بۆ كوردایەتی، شكۆیەك بووە بۆ نەتەوەی كورد و نووسەری مێژوویەك بووە كە هەر تاكێك لە ئێمەی كورد شانازی پێوە بكەین، هەمیشە خاوەنی بڕیاری یەك لاكەرەوە و كۆتایی بووە.

لە خزمەت چەندین كەسایەتی بە تەمەن گفتوگۆم كردووە كە ساڵانێك لە خزمەت بارزانیدا بوون هەریەكیان بە كتێبێك لە باسكردن لەسەر كەسایەتیی بارزانی تەواو نەدەبوو، ڕاستی و دڵسۆزی و بوێریی بارزانییان بۆ باس كردم كە هەمیشە لە هەوڵدا بووە بۆ گەیشتنی گەلەكەی بە كەناری ئارامی و دروست كردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی كە خاوەنی ئاڵا و شكۆبێت لە ناو وڵاتانی جیهاندا. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاكێشام بەو تەمەنە زۆرەشیانەوە خۆیان بە قوتابی قوتابخانەی بارزانی دەزانین هەتا ئەم ساتە ژەنەڕاڵ بارزانی سونبولێكە بۆ ئەمڕۆی گەلی كورد كە هەر تاكێك لە ئێمە دەبێت بەرز یادی بكەین و هەمیشە شكۆی بەرز بنرخێنین لە هەموو جیهاندا ناوی بارزانی بە سەرۆك و ڕابەر و شوڕشگێڕی نەتەوەی كورد ناسراوە لە ساتی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلول و گوڵاندا زۆرێك لە ئەفسەرانی كورد لە سوپای عێراقدا پەیوەندییان بە شۆڕشی كوردانەوە كردووە و لە سایەی سەركردایەتی بارزانیدا بوونەتە پێشمەرگەی كوردستان و چەندین كەسایەتی ناسراو و ئاغا و شێخ و هونەرمەند و شاعیرانی ئەو سەردەمە شانازی بووە لایان پێشمەرگەی شۆڕشی بارزانی بن.

بارزانیی نەمر كاریگەری تەواوی لەسەر ناوچەكە هەبووە و نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێ هاتوونەتە خزمەتی و لەبەر ئەوی بارزانی دۆستایەتی ڕاستەقینەی هەبووە بۆ دەوروبەری هەموو زۆر بە پەرۆش بوون بە دۆستایەتی و دیداری و تەنیا نەیار و نادڵسۆز و ماف خۆرانی گەلی كوردی بە دوژمنی كورد هەژماركردووە و بە توندی و كوردانە شۆڕشی دژیان بەرپاكردووە، بارزانی سوپایەك لە سیاسی و دەوڵەتمەدار و دڵسۆز و خەمخۆری كوردستانی دروستكرد و لە دوای خۆی كوردستانی پێ سپاردن، هەریەك لەوان بە مێژووی خەباتی ئەم پیاوە مەزنەدا ڕێگایان بڕیوە، بۆیە ئەمڕۆی كوردستان بۆتە جێگای سەرنجی هەموو جیهان و تاكی كورد و پێشمەرگەی كوردستانی فێری بوێری و چاونەترسی كرد بۆ ئەوەی هەرگیز تاكی كورد لە هیچ شتێك سڵ نەكات و بوێربێت، گەر ئێمەی نەوەی ئەمڕۆی كوردستان هەموو پێكەوە بێ جیاوازی ڕەنگەكان بە ڕێكاری مێژوویی و ئەو بناغەیەی بارزانی كوردستان خزمەت بكەین دڵنیام كە هیچ هێزێكی دوژمنی گەلی كورد جورئەت ناكات لە بەرامبەر كوردستان بوەستێت و سەنگەری هەبێت، بارزانی هەموو كات دوژمنی خیانەت و خیانەتكاران بووە و یەك لە وتەكانی لە دژی خیانەت فەرمویەتی ((ئەگەر كوردایەتی گرانە خیانەت نەكردن ئاسانە)) دوژمنانی گەلی كورد و ڕژێمی ئەوسای عێراقی فاشیست چەندین جار پیلانیان دژی بارزانی گێڕا بۆ دوورخستنەوەی و لەناوبردنی خۆشبەختانە هیچیان سەری نەدەگرت بە هۆی بوێری و ژیریی بارزانی و دڵسۆزی شۆڕشگێڕانی دەوروبەری و هەموو شۆڕشگێڕان بارزانیان وەك ڕابەری گەلی كورد داناوە و ئێستاش وەك ڕابەر و باوكی ڕوحی نەتەوەی كورد دادەنرێت. مێژوو بەدەگمەن كەلە پیاوێكی وەك بارزانی دەنووسێتەوە و پیاوێك كە بوونیادنەری قوتابخانەی كوردایەتییە دروست دەكات میراتی كاریزمایە لە باوك و باپیرانی كوردایەتی و شۆڕش بوو كە وەریگرتبوو و بۆی بەجێما بوو، بارزانی هەمان میرایەتی كوردایەتی و شۆڕشگێڕی بۆ نەوەكانی و شوێنكەوتوانی ڕێبازە پیرۆزەكەی بەجێهێشت.

بارزانی جگە لە پێشمەرگە كۆمەڵێك پیاوانی ئایینی شوێن ڕێبازە پیرۆزەكەی كەوتبوون، چونكە لای پیاوانی ئاینی ڕێبازی بارزانی لانەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بوو هەر بۆیە ناسراو بوو بە مەلا مستەفای بارزانی شۆڕشی كوردی لەسەر بنەمای ئاینی پیرۆزی ئیسلام ڕاستەقینە بەرپا بوو و هەموو كات پیاوانی ئاینی و زانایان لە دەوری كۆدەبوونەوە نازناوی باوكی ڕوحی نەتەوەیی كورد لەوەوە سەرچاوەی گرت كە بارزانیی نەمر هەمیشە هەوڵی یەك ڕیزی و یەك خستنی نێو ماڵی كوردی ئەدا و هیچ كات لەكەڵ پارچە پارچە بوونی كوردستان نەبووە بارزانی تەمەنی پڕ سەروەری لە 1/3/1979 كۆتایی هات و پەیامی سەروەری و پاراستن و سەربەخۆیی كوردستانی بە سەرۆك مسعود بارزانی سپارد و ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی میراتگری پەیامی پیرۆزی بنەماڵەی بارزانە بۆ گەیاندیی كوردستان بە سەربەخۆیی و هەڵكردنی ئاڵا پیرۆزەكەی لە پاڵ ئاڵاكانی جیهان.

Top