دەڵێم واز لە پارتی بێنم، بەڵام..

دەڵێم واز لە پارتی بێنم، بەڵام..
کاتێک لە تاقیگەی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری و خۆشەویستی خاک و نەتەوەی رێبازی بارزانی نەمردا، پشکنین بۆ کار و کردەوە و رەوشت و ئاکاری هەندێ بەرپرسی نابەرپرسی ناو پارتی دەکەم، دێمە سەر ئەو رایەی کە واز لە پارتی بێنم و بۆ هەتا هەتایە لێی دوور بکەومەوە، بەڵام کاتێ بیر لە لێدوانەکەی مام جەلال دەکەمەوە کە لەسەر مەزاری بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ئەندازیاری ئاشتی لە ساڵی ٢٠٠٥ گوتی: تاکە شتێک کە لە ژیانمدا لێی پەشیمان بم جیا بوونەوەم بوو لە بارزانی نەمر، خۆم بە خۆم دەڵێم: مام جەلال لەسەر ئەو هەموو توانا و ئەزموونەی خۆی دان بەوەدا بنێ کە جیابوونەوەى لە بارزانی نەمر هەڵە بووە و دوای دەیان ساڵ پەشیمانی دەردەبڕێ، ئیتر وەک ئاوێک بە ئاگردا بکەی سارد دەبمەوە و بە خۆم دەڵیم: واز هێنان لە پارتی وازهێنانە لە کوردایەتی، واز هێنانیش لە کوردایەتی پیاو دەخاتە چاڵاوی خیانەتەوە، یان ئەوانەی بە گەنجی و لە بێ ئەزموونیدا لە قوتابخانەی چەواشەکاریدا چەواشە دەکرێن و لەسەر دژایەتی بنەماڵەی بارزانی نەمر رادەهێنرێن، بێ ئاوڕدانەوە لە مێژوو دەکەونە دوای درووشمی بریقەداری چەواشەکاران و (هەژار) گوتەنی بە مانگ دەوەڕن، بەڵام کاتێ دەکەونە ناو رووداوەکان و بە چاوی خۆیان راستییەکان دەبینن، ئیتر پەشیمان دەبنەوە و یان دەگەڕێنەوە ناو پارتی، یان واز لە دژایەتی بنەماڵەی بارزانی نەمر دێنن، کە ئەوە دەبینم دەکەومە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و دەڵێم: پارتی تا بۆنی رێبازی بارزانی نەمری لێبێ هیچ بیر و بۆچۆنێکی سیاسی و هیچ ئایدیایەک نابنە بەدیل و جێگرەوەى، بۆیە ئەگەر هەندێ بەرپرسی نابەرپرسیش بە هەر هۆکار و بیانوویەک توانیبێتیان لەناو پارتیدا جێگەی خۆیان بکەنەوە، خۆ دەریا بە دەمی سەگ پیس نابێ و ناکرێ و ناتوانم لەبەر بۆنی رێبازی بارزانی نەمر واز لە پارتی بێنم.
Top