كیمیابارانی هەڵەبجە لە سەرزاری شایەدحاڵێكەوە

كیمیابارانی هەڵەبجە لە سەرزاری شایەدحاڵێكەوە
یەكێك لە كارەساتە گەورەكانی جیهان كە دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، ئەو كۆكوژی و تاوانە گەورەیە بوو كە لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران و لە سەردەستی حكومەتی بەعسی عێراق و عەلی كیمیاوی لە هەڵەبجە رووی دا، كە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و هەزاران برینداری لێكەوتەوە، كە تا ئێستاش بەداخەوە گیانلەدەستدانی بەركەوتووانی ئەو گازە ژەهرئاوییە بەردەوامە. ئەوە تاوانێكی گەورەی نێودەوڵەتی بوو كە مخابن بەشێكی زۆر لە وڵاتانی گەورەی دونیا لەو سەردەمەدا وسكوتیان لێ كرد!
وەك شایەدحاڵێكی ئەو تاوانە گەورەیەی كە دەر حەق بە گەلی كورد كراوە، لێرەدا باسی ئەو بیرەوەری و برینە كوشەندەیە دەكەم، كە تا ئەمڕۆش ئازارەكانی ساڕێژ نەبووە.
هێزەكانی ئێران لە رۆژانی 13-14-15/3ی 1988 لە رۆژهەڵات و باكوور و باشووری هەڵەبجەوە هێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر شارەكەو بە سارۆخ و تۆپ و چەكی دوورهاوێژ بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی عێراقیان بە خەستی بوردومان كرد. ئەوەی بە چاوی خۆم بینیم شاخی شنروێ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە، هەروەها بەرزاییەكانی پشتی هەر دوو گوندی (عەبابەیلێ و دەڵەمەر) غەرقی دووكەڵ بوون. سەرەڕای بوردۆمانكردنیان لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی عێراقەوە، هێرشی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئێرانییەكان لە پێشڕەوەی بەردەوام بوو. ئەوان لە رۆژی 15/3/1988 گەیشتنە گوندی (گوڵان) كە تەنیا 2كم لە هەڵەبجەوە دوورە، دواتر بە تەواوی شارەكەیان گەمارۆ دا و دوای جەنگێكی سەخت سوپای عێراقی بە تانك و دەبابە و زرێپۆشەوە بەرەو سڵێمانی هەڵهاتن. ئەوكات ماڵمان لە گەڕەكی (پاشا) نزیك شەقامی گشتی و ناوبازاڕی هەڵەبجە بوو، واتە لە بینای قایمقامیەت و دایرەی ئەمن ئیستخبارات هەر 200تا 300 دوور بووین و بە وردی چاودێری رەوشەكەمن دەكرد. لە كاتی هەڵهاتنی هێزەكانی عێراقیدا چووینە نزیك شەقامی گشتی بینیمان یەكێك لە سەربازە عێراقییەكان لە سەر زرێپۆشێك هاواری دەكرد: ئێرانییەكان هاتنە ناو هەڵەبجەو بە زمانی عەرەبی جنێوی دەدا. دواتر بۆمان دەركەوت قایمقامی هەڵەبجە و بەرپرسانی ئەمنی و ئیستخباراتی و چەندین ئەفسەری پلەباڵای عێراقی لە ناو هەڵهاتووەكاندا بوون، كە لە سەر پردی (زەڵم) بە دیل گیران. هاوكات ژمارەیەكی زۆری سەربازی عێراقی كە بەجێمابوون، لە ناو شار و دەوروبەری شارەكە پەرتەوازە ببوون، كە هەموویان بەدیل گیران. هەڵەبجە بە تەواوی لە هێزەكانی عێراق پاك كرایەوە و تەنانەت لە سەربازخانەكان خواردنی نێوەڕۆیان كردبوو، بە خیاڵیاندا نەدەهات تووشی ئەو شكستە بن، بەڵام خواردنەكەشیان بە گەرمی جێهێشت.
خەڵكی هەڵەبجە دەیانزانی كە رژێمی بەعس تۆڵەی شكستی سوپاكەی لە دانیشتووانی شارەكە دەكاتەوە، چونكە پێشتریش لە ساڵانی 1963، 1974و1987 هێرشی دڕندانەیان كردووەتە سەر شاری هەڵەبجە و سەدان قوربانی لێكەوتووەتەوە، بۆیە زۆربەیان خۆیان بۆ دەرچوون لە شارەكە و هەڵهاتن بۆ شوێنێكی ئەمنتر ئامادە دەكرد، بەڵام ئەو هێزانەی لەوێ بوون جەختیان لەوە دەكردەوە كە هیچ مەترسییەك نەماوە و هەڵەبجە بە تەواوی ئازاد كراوە.
لەو كاتە ئەگەرچی خەڵك خۆی بۆ ئەگەری هێرشی عێراق ئامادە دەكرد، بەڵام بە خەیاڵی كەسدا نەدەهات كە حكومەتی عێراقی بەو شێوە نامرۆڤانەیە و بەو پەڕی دڕندەییەوە دەست بداتە ئەو تاوانە گەورەیە و لە بەهاردا مەرگیان بۆ بكاتە دیاری و شارەكە كیمیاباران بكات.
گەڕەكی (پاشا) كە كۆنترین گەڕەكی شارەكەیە و شوێنێكی دێرینەو نزیكی ماڵی (وەسمان پاشای جاف)یە و بەو هۆیەوە ئەو ناوەی بۆ دەستنیشان كراوە، چەندین بنەماڵەی ناسراوی تێدا بوو، لەوانە خانەوادەی (حاجی ئەحمەدی ئامان، حەمە رەشید بانەیی، حاجی عێزەت، حاجی مەولوود، بورهانی عەبدولڕەحمانی خەلیفە، كاكە شێخ سازانی، عومەری رەسام، ساڵح شارەزووری، هیوای حاجی ئەحمەدی ئامان، جەمال دەرەشیشی و چەندین خانەوادەی دیكە) كە بەشێكی زۆریان لەكاتی هێرشەكەی هێزی ئاسمانی عێراق چوونە ژێر زەمینەكەی ماڵی (عومەری رەسام) كە پێش ساڵێك دروستی كردبوو، نەیانزانی ئەو شوێنە دەبێتە ژوانی مەرگی هەموویان.
كاتی خۆرئاوا خوشكەزایەكم بە ناوی (ماكوان) كە بەداخەوە دواتر شەهید بوو، هات بە شوێنماندا، ماڵی ئێمە و ماڵی باوكم چووین بۆ ماڵی ئەوان كە لە گەڕەكی شەهیدان بوو. شەو داهات و هەموومان بە خەمباری و دڵەڕاوكێ باسی رەوشەكەمان دەكرد. شەو لەوێ ماینەوە، رۆژی دواتر كە دەكاتە 16/3/1988 وەك خەڵكی هەڵەبجە بە نییەتپاكی خۆمان ژمارەیەكی زۆری تەرمی كوژارەكانی سوپای عێراقی كە لە دەوروبەری شارەكە كەوتبوو، كۆمان كردنەوەو لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاكمان سپاردن. نەمانزانی سوپاكەی سەدام حوسێن لە بری دەستخۆشی مەرگبارانمان دەكات!
بەرە چاشتان سەردانێكی ماڵی خۆمان و دراوسێكانم كرد لە گەڕەكی پاشا، كە زۆربەیان هێشتا لە ژێرزەمینییەكەی ماڵی عومەری رەسام بوون. بەداخێكی گرانەوە ئەوە دوادیارمان بوو، نەمزانی ئیتر بۆ هەتاهەتایە چاوم بەو ئازیزانە ناكەوێتەوە، كە هەموو رۆژێك یەكترمان دەبینی.
لە ماڵی خۆمان باڵندە و كەومان هەبوو، خورادن و ئاوم بۆ دانان و پاشان ئەوانیش بەر كیمیایی كەوتن و مردار بوونەوە.
چەند سەربازی بەجێماوی سوپای عێراقی تاك و ترووك خۆیان لە شارەكەدا شاردبووەوە، ئەوانیش هەموویان بە دیل گیران. كاتژمێر10ی سەرلەبەیانی بوو، كۆپتەرەكانی عێراقی هێزی تایبەتیان لە پشت گوندی جەلیلە دابەزاند، بەڵام ئەوانیش تێكشكان، یەكێك لە سەربازەكانی ئەو هێزە، لە گوندەوە بە راكردن بەرەو شار دەهات، چەند پاسدارێك شوێنی كەوتبوون، ئێمەش هەموومان سەیری ئەو دیمەنەمان دەكرد، كاتێ سەربازەكە گەیشتە لامان، دوو ئافرەتی هەڵەبجەیی لە پاسدارەكان پاڕانەوە، وتیان ئەو سەربازە مەكوژن، بەڵم پاسدارەكان وتیان ئەوە دوو كەسی لە ئێمە كوشتووە، ئیتر لەگەڵ خۆیان بردیان. خەڵكی هەڵەبجە خەڵكێكی ئاشتیخواز و هونەرپەروەر و پڕ سۆز و بەزەیین، كەچی فەرماندەكانی ئەو سەربازەی ئافرەتی كورد پاڕایەوە تاوەكو نەیكوژن، شارەكەیان ژەهراوباران كردو نەورۆزانەیان بۆ خەڵكی شارەكە مەرگ و كۆكوژی بوو.
هەرگیز دیمەنەكانی ئەو كارەساتە جەرگبڕە لە یاد ناكرێن، هەڵەبجە بوو بە قوربانیی ملمڵانێی ئێران و عێراق و حكومتی بەعسی بەو پەڕی دڕندەییەوە تۆڵەی شكستەكەی لە خەڵكی سڤیل و بێتاوانی شارەكە كردەوە، تاوانبارانی كیمیابارانیش بە سزای گەل گەیشتن. لەوانەیە ئەوەش تەنیا بەشێك لە برینەكانی ئەم شارەی ساڕێژ كردبێ.
لە كۆتاییدا پێویستە بڵێم: وەك شایەدحاڵێك (مشتێك لە خەروارێك) تاوان و ئازارەكانی ئەو بیرەوەرییە تاڵەم خستووەتەڕوو، تاوانەكە زۆر گەورەیەو هەزاران چیرۆكی دڵتەزێنی لە هەگبەی خۆیدا حەشار داوە.


Top