سەربەخۆیی كوردستان بێ كۆسپ نابێت و لە پێناویدا دەریایەك خوێنمان بەخشیووە
March 14, 2017
وتار و بیروڕا
سیاسەتی پارتی بارزانی وەك رێبازی كوردایەتی و كۆڵنەدان درێژەپێدەری هەموو شۆڕشەكانی كوردستانە هەر لە شێخ عوبیدوڵای نەهرەی-یەوە بۆ شێخ عەبدولسەلام بارزانی و بۆ شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و مستەفا بارزانیی، خەبات و بەرخودانی هەموو ئەم شۆڕشانە بۆ یەك ئامانج بووە، ئەویش ئەوە بووە كە كورد لە كۆیلایەتی و ژێردەستەیی رزگار بكەن، لەناو ئەم پرۆسەی خەبات و قوربانیدانەدا، كاتێك لە ساڵی 1946 پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانی نەمر دامەزرا، بووە رۆشناییەكی تازە بۆ شێوازی خەباتێكی نوێ لە ناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا، ئەم وەرچەرخانە نوێیە لە شێوازی خەباتی نەتەوەیی، بۆ یەكەمجار بوو لە ناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەردەستی پارتی و لە ژێر سایەی رێبازی بارزانیی نەمر هاتە ئاراوە.
.سەرۆك مەسعوود بارزانی كە لەم قۆناغەدا رابەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەكات، لە پەرلەمانی كوردستان داوای ئەوەی كرد كە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و بڕیاردان لە مافی چارەنووس بۆ ئەوەی كوردستانیان بە ئازادی دەنگ بدەن و بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن، ئەم هەنگاوە و نزیكبوونەوەی باشووری كوردستان لە بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ رووبەڕووی شاڵاوی داگیركاریی درندەكانی داعش بوویەوە كە تا ئێستایش بەردەوامە، بەڵام لەم كاتەدا لە قۆناغی كۆتاییدایە، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی شكستیان پێبهێنێت و تیرۆریستان زۆربەی توانا سەربازی و داراییەكانیان لە دەست داوە، بۆیە ئێستا هەموو ئاراستەكان بەرەو بە دەوڵەتبوونی ئەم بەشەی كوردستانە.
هیچكات هەوڵەكانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان بەبێ كۆسپ و لەمپەر نەبوون، ئێستایش كە هەڵوێستی كوردستان بەهێزە و لە هەموو كات زیاتر نزیكترین لە گەیشتن بەو ئاواتەی كە رۆژگارێك وەك خەون وێنا دەكرا، لێرەولەوێ چەندین هەوڵی هەمەجۆر دەدرێت بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی رابگەیەنرێت كە ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ كاتی نەهاتووە و بارودۆخەكە لەبار نییە، بە گوتاری نائامادەیی كوردستان دژایەتیی رەوتی سەربەخۆخوازی دەكرێت و پاساو دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە لەبار ببرێت، بە پێشمەرج دانان و داواكردنی دۆخێكی یوتۆپیایی كە لەو بروایەدا نیم هیچ دەوڵەتێك لە دەوڵەتانی جیهان گەیشتبێتە وەها بارودۆخێك پێش لە دایكبوونی. باوەڕی جەماوەری كوردستان بە (سەرۆك بارزانی) و هەوڵەكانی بۆ بە ئاكامگەیشتنی ئەم پرسە و، كورد دەگات بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی، چونكە زۆرترینی ئازارەكانی لەدایكبوونی ئەم دەوڵەتەی چەشتووە و نزیكە لە كۆتایی ئازارەكان، دواتر لەناو ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیەدا دەرفەتەكانی گەشەكردن و بەهێزكردنی پایەكانی بەڕێوەبردن كراوەتر دەبن و ئەو دەوڵەتەش نموونەیەكی جوان و گەشاوە لە هەمەجۆری ئیتنی و ئایینی و پێكەوەژیانی هاوسەنگ پیشانی جیهان دەدات.
بۆیە ئێتر كاتی ئەوە هاتووە كە نەكەوینە كاریگەری هاوهوشی ناحەزانی سەربەخۆیی كوردستان كە لە هەمانكاتدا نەیاری كورد و پێشكەوتن و گشت دەستكەوتەكانی كورد. پێوستە پشتیوانی هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بین بۆ گەیشتن بە مافی دەوڵەتبوونی كوردستان ..