ئەو کاتەی پارتی دەبێتە دوژمنی خۆی

ئەو کاتەی پارتی دەبێتە دوژمنی خۆی
پارتی جگە لە پیلانگێڕی رژێمە داگیرکارە یەک لە دوای یەکەکانی باشووری کوردستان، لەسەر ئاستی داگیرکارانی سێ بەشەکەی تری کوردستانیش زۆرترین دوژمنایەتی کراوە و زۆرترین پیلانیشی لە دژ گێڕدراوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش زۆرترین نەیاری هەبووە و بۆ گچکە کردنەوەى زۆرترین هاوپەیمانێتی لە دژ بەستراوە، زۆر جارانیش پیلانگێڕیەکانی داگیرکاران و هاوپەیمانی نەیارەکانی ناوخۆ لە دژی پارتی و بۆ پێشگرتن بە کاروانی خەباتی نەتەوەیی و ئامانجی گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان و هێنانەدی خواستە نیشتیمانیەکان یەکیان گرتۆتەوە، ئەوەش وایکردووە پارتی تووشی زۆرترین ئاستەنگ ببێ و هەندێ جاریش تووشی کەوتنیان کردووە، بەڵام بە هێز وەرگرتن لە رێبازی بارزانی نەمر، توانیویەتی هەم ئاستەنگەکان ببڕێ و هەمیش لە کەوتنەکان هەستێتەوە، ئەوەش ئەو پرسیارەمان لا درووست دەکات کە داگیرکاران بۆچی بەو شێوەیە (پارتی)یان خستۆتە ژێر چاودێری؟ ئەی ئەو هەموو هاوپەیمانیەی نەیاران و پاڵدانە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بۆچی؟
ئەوەی بە هەڵوێستە نەتەەیی و نیشتیمانیەکانی سەرۆک (بارزانی)یەوە دیارە لە هیچ قۆناغێکدا وەک ئێستا پێداگری لەسەر سەربەخۆیی کوردستان نەکردووە، ئەوەش پەیوەندی بەو دەرفەتە لەبارەوە هەیە کە بۆ کورد هاتۆتە پێشێ، داگیرکارانی کوردستانیش بۆ پێشگرتن بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی سەرۆک بارزانی و لەبار بردنی دەرفەتەکە پیلانەکانیان لەسەر پارتی چڕ کردوونەوە، نەیارەکانی ناوخۆش بۆ بچووک کردنەوەی پارتی چڕ کردنەوەی پیلانگێڕی داگیرکاران بە دەرفەت دەزانن و بۆ راست کردنەوەى باری لاری مێژووی خۆیان ئەوانیش هاوپەیمانی نێوانیان بەربڵاوتر کردووە.
جا بۆ ئەوەی پارتی وەڵامی پیلانگێڕی داگیرکاران و هاوپەیمانی نەیارانی ناوخۆ بداتەوە و بتوانێ کوردیش بە سەربەخۆیی بگەیەنێ وئامانجە نەتەوەییەکان بەدیبێنێ دەپرسین: پارتی چی بکات باشە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە مێژوو پێمان دەڵێ: لە هەر قۆناغێکدا پارتی هێزی لە رێبازی بارزانی نەمر وەرگرتبێ، نە پیلانگێڕی داگیرکاران و نە هاوپەیمانی نەیارنی ناوخۆ نەیانتووانیوە کاروانی خەبات و قوربانیدانی پارتی رابگرن، لە داهاتووشدا ئەگەر پارتی وەک رابردوو هێز لە رێبازی بارزانی نەمر وەربگرێ و لە هەڵوێستەکانی سەرۆک (بارزانی)یەوە بۆ ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بڕوانێ، نە پیلانگێڕی داگیرکاران دەتوانێ کاروانی سەربەخۆیی کوردستان بوەستێنێ، نە ئاژاوەگێڕی نەیارنی ناوخۆش دەتوانن پاتی بچووک بکەنەوە و لەو پەنایەڕا باری لاری مێژووی خۆیان راست بکەنەوە، بۆیە پێویستە پارتی لە ئێستا و داهاتووشدا زیاتر لە رێبازی بارزانی نەمر نزیک ببێتەوە، وە پێویستە بەرپرسانیش ئەو راستییە بزانن کە تاکە شتێک بتوانێ خواست و هیوای داگیرکارانی کوردستان بێنێتەدی و پارتی لە بەرامبەر نەیارەکانی بچووک بکاتەوە، ئەو کاتەیە کە پارتی خۆی ببێتە دوژمنی خۆی، ئەو کاتەش دەبێتە دوژمنی خۆی کە لە رێبازی بارزانی نەمر دوور بکەوێتەوە.
Top