ئێستا لە پێشبینیەکانی بارزانی نەمردا

ئێستا لە پێشبینیەکانی بارزانی نەمردا
ئەوەی بارزانی نەمر دەیان ساڵ بەر لە ئێستا پێشبینی کردووە، ئەمڕۆ هەمووی وەک خۆی هاتۆتەدی، بۆ نموونە فەرموون ئێوە و چەند بەڵگەیەک:
١ــ بارزانی نەمر لە پێناسەی رەوشت و ئاکاری مەسئولدا فەرموویەتی: مەسئول دەبێ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێ، جا ئەگەر مەسئول خزمەتکاری میللەتی خۆی بێ وەک بارزانی نەمر فەرموویەتی، ئەوا لە ئێستادا ژمارەی مەسئولەکان لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن و ئەوانی تر کەڵەگای میللەتی خۆیانن.
٢ــ بارزانی نەمر لە دوای رێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ روو لە بەرپرسان دەکا و دەفەرمووێ: تکایە ئەوەی بە خوێن و خەبات بە دەستتان هێنا، قەسر و قەمەرە و پارە لێتان نەستێنێ، دەپرسم: لە دوای راپەڕین و گەڕانەوەمان بۆ ناو شار و جەماوەر، کام بەرپرس هەیە ئەوەی بە خوێن و خەبات بە دەستمان هێنا، نەیکردبێتە پێخوستی قەسر و قەمەرە و پارە؟
٣ــ بارزانی نەمر رقی لە پیاوی ماستاوچی و ماستاو بۆ کراو بوو، هەر بۆیەش کاتێک وەک جیا کردنەوەى لە خەڵکی تر بە جەناب یان بەڕێز یان قوربان ناویان دەهێنا تووڕە دەبوو، کەچی ئێستا رۆژ، رۆژی پیاوی ماستاوچییە و لای ماستاو بۆ کراو تاکە پێوەر ماستاو کردنە.
٤ــ بارزانی نەمر فەرموویەتی: ئەگەر کوردایەتی گرانە، خیانەت نەکردن ئاسانە، کەچی زۆرێک لەوانەی دەنگمان پێداون و بۆ کوردایەتی ناردووماننە بەغدا، نەک هەر کوردایەتی ناکەن، بەڵکو کورد بە پیلانگێڕ دژی عێراقی یەکپارچە ناو دەبەن و بە شێوەیەک عەرەبچێتی دەکەن، کە عەرەبەکان ئیرەییان پێدەبەن و پێیان سەرسامن.
Top