بارزانی نەمر شكۆی نەتەوەیەك

بارزانی نەمر شكۆی نەتەوەیەك
نەتەوەی كورد ئەو ساتە وەختەی لە دۆخێكی پڕاو پڕ لە ناسەقامگیری و نائومێدی دابوو، شوناسەكەی لە گۆمی مەترسی دەخوڵایەوە، لەوكاتەی كورد وەك نەتەوە تێنووی ئازادی و سەربەستی بوو، خوای بەخشندە لە (14-3- 1903 ) بەندەیەكی دلێر و كارزان بە كوردی دەخوڵقێنێت، ئەو زاتەش (مستەفا بارزانی) باوكی روحی نەتەوەییە، شۆڕشگێرێك لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەر لە دایك بوو بێت، بێگومان هەر خودی خۆشی پایەكانی نەتەوەیی دادەرێژێت تا شوێنكەوتە و نەوەكانی دوای خۆی درێژە بەو كاروانە پیرۆزە بدەن، كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی دەبینێتەوە.
بارزانی نەمر بە سەرەتای گەورەترین بناغەی گوتاری هەستی نەتەوەیی مۆدێرن دادەندرێت، چونكە ئەو كاتانەی سەرانی حكومەتی عێراق داوای لێدەكەن هەرچێیكی دەیەوێت بۆی جێبەجێ دەكەن لە بەرامبەردا واز لە شاری كەركوك بێنێت.
(بارزانی نەمر) لە وەڵام دا دەفەرموێت: "كەركوك هی من نییە هی كەركوكیەكانە، تا كوردێك لە كەركوك مابێت كەركوك كوردستانیە" هەروەها دەفەرموێت: (كەركوك دڵی كوردستانە) ئا ئەمەیە گیانفیدایی و بەرزی هەستی نەتەوەیی، بەمەش ئاراستەیەكی نوێ و تازەی هێنایە نێو كایەی خەبات، تاوەكو تاك بە تاكی كورد ماف و دەسكەوتەكانی پێ بەدی بێنێت، هەر بۆیە دەكرێت بڵێن بارزانی نەمر كەسایەتێكی كارێزما بوو، جگە لەلایەنی سیاسی گرینگی بەلایەنی كۆمەڵایەتیش داوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو توانی خەڵكێكی جیاواز كۆبكاتەوە هەر لە (سونە و شیعە و كۆمۆنیستی و لیبرال و ئیسلامی و .........هتد) بەبێ بەرژەوەندی ماددی و بەكارهێنانی هێز، ئائەوەیە سیفاتی كەسایەتی كارێزما گەواهیدەرێكی حاشا هەڵنەگرە گەر بڵێن بارزانی نەمر خەمخۆرێكی مەزن و بەرچاوی نەتەوەكەی بووە و هیچ كاتێك سڵی لە خزمەت نەدەكردەوە، هەر بۆیە بەرێزیان لای دۆست و نەیاران جێگەی بایەخ و رێز بووە، چونكە ئەوان باش دەركیان بەوە كردبوو كە بارزانی نەمر زیاتر لە پیاوێكی مێژوویی دەچێت، ئەمەش دەسكەوتێكە هەموو كەس نایبینێت و پێی نادرێت.
خزمەت و خەباتكردن لە پێناو نیشتیمان دیارترین سیفەتی بارزانی نەمرن، هەر ئەوەشە وای كردوە كە كۆدەنگییەكی گشتی هەبێت. وەك چۆن (ئەلمانەكان شانازی بە بسمارك و هیندیەكان بە گاندی و ئەمریكیەكان بە جۆرج واشتنۆن و..............هتد) دەكەن و بە باوكی روحی خۆیانیان دادەنێن. ئەوابێگومان ئێمەش بارزانی نەمرمان هەیە وەك باوكی روحی نەتەوەی كورد، چونكە هیچی لەوان كەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت كە سیفەتی باوكی روحیان پێدراوە. ئەوەی ماوە دەكرێت بگوترێت بارزانی نەمر تەنیا هی پارتییەكان نییە، بەڵكو رەمزی نەتەوەیی گشت كوردە، لەبەرئەوەی هەموومان دەزانین هیواو ئامانجی بارزانی نەمر سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی شكۆمەندی مرۆڤی كورد بوو، هەر بۆیە بەڵێن دەدەین كە هەموومان درێژەپێدەری ئەو قوتابخانە مەزنە و قوتابییەكی چاپوك بین تا كوردستان بگاتە كەناری ئارامی و سەربەخۆیی.
Top