پارتی بەرپرسیارە

پارتی بەرپرسیارە

کاتێک باس دێتە سەر شکست و گەندەڵی و کەموکورتیەکانی ناو پرۆسەی سیاسی کوردستان، نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان و پارێزەرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەڵێن: پارتی بەرپرسیارە، کاتیکیش باس دێتە سەر سەرکەوتن و دەستکەوت و سەروەریەکان، هەر ئەو ئەستە و گرووپانە دەیکەنە فڕان فڕان و بەشی خاوەنە راستەقینەکە ناهێڵنەوە، من باسی شکست و گەندەڵی و کەموکورتیەکان ناکەم، باس لە سەرکەوتن و دەستکەوت و سەروەریەکانیش ناکەم، چونکە ئەگەر شکست و گەندەڵی و کەموکورتی هەیە، ئەوا لە بەرامبەردا سەرکەوتن و دەستکەوت و سەروەریش هەن، باسکردنی شکست و سەرکەوتنەکان ئیشی مێژووە و ئەگەر ئەمڕۆش چەواشەکاران و پارێزەرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق بتوانن خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و راستییەکان بە لاڕێدا بەرن، ئەوا درەنگ یان زوو مێژوو دێتە دەنگ و بڕیاری خۆی دەدات، ئەوەی لەم باسەدا دەمەوێ تیشیکی بخەمە سەر پارتی و هەست کردنە بە بەرپرسیارێتی، پارتی و شان دانە بەر ئەرکە نەتەوەییەکانە و راکردنی ئەو دەستە و گرووپانەیە لە بەرپرسیارێتی و خۆ دزینەوەیانە لە ئەنجامدانی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان.
نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان و پارێزەرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و لە ناویشیاندا بە تایبەتی گۆڕان کۆمەڵ و بەشێکی ناو یەکێتی و بەشێکی یەکگرتووش دەڵێن: تەنها پارتی لە بوونی شکست و گەندەڵێ و کەموکورتیەکان بەرپرسیارە، جا ئەگەر ئەوە راست بێ و پارتی لە شکست و گەندەڵی و کەموکورتیەکان بەرپرسیار بێ و ئەو دوو لایەنە و دوو بەشەکەی دوو لایەنەکەی تر گەندەڵیەوە نەگلابن و لەشکست و کەموکورتیەکانیش بەشیان نەبێ، ئەوا سەرکەوتن و دەستکەوت و سەروەریەکانیش بەشی پارتین و ئەو لایەنانە لێیان بێبەشن، چونکە هەر کەسێک بە هەورازی رکدا سەرنەکەوێ، بە نشێویشدا نایەتە خوارێ.
لە پرۆسەی سیاسیدا گەورەترین شکست و گەندەڵی و کەموکورتی راکردنە لە بەرپرسیارێتی و هەڵاتن و خۆ شاردنەوەیە لە کاتی تەنگانەدا، لەوەش شکستخواردوو تر و گەندڵتر ئەوەیە لە شێنەییدا سنگی خۆت دەرپەڕێنی و لە چنینەوەی سەرکەوتن و دەستکەوت و سەروەریەکانیش بێ گەڕانەوە بۆ مێژوو بەشی شێر بۆ خۆت دابنێی، ئەگەر لەو روانگەیەشەوە لێکدانەوە بۆ هەڵوێستەکانی پارتی بە گشتی و سەرۆک بارزانی بە تایبەتی و ئەو دەستە و گرووپانە و سەرکردەکانیان بکەین، راستییەکان وەک خۆی دەردەکەون و دەبینین: کە سەرۆک بارزانی پێچەوانەی سەرکردەکانی تر کە لە کاتی شێنەییدا دەردەکەون و لە تەنگانەشدا ون دەبن، سەرۆک بارزانی لە تەنگانەدا دەردەکەوێ و لە شێنەییدا ون دەبێ، شەڕی داعش و سەنگەرەکانی بەرگری لە کوردستان، هەڕەشەکانی نوری مالیکی و دوژمنانی تری کوردستان، لە کوردو دەستکەوتەکانی و هاتنە دەنگی سەرۆک بارزانی، بەڵگەن لەسەر بوونی ئەو راستییەی کە سەرۆک بارزانی لە بەرپرسیارێتی راناکا و لە تەنگانەشدا شان دەداتە بەر ئەو بەرپرسیارێتییەی خەڵک و ئامانجە نەتەوەییەکان لێی دەخوازن.
خاڵیکیتر کە دەمەوێ ئاماژەی بۆ بکەم: ئەو ئەو دەستە و گرووپانەی کێشەکانی ئێستای کوردستان دەگێڕنەوە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و دەڵێن: بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم نابێ، بەڵام هەر خۆشیان دەڵێن: هیچ لایەنێک بەدیلی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دیاری نەکردووە، جگە لەوەش سەرۆک بارزانی چەندین جار داوای لە لایەنەکان کردووە یان بەدیلێک بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دیاری بکەن، یان بگەڕێنەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵک و لێگەڕێن با خەڵک سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێ، بەڵام لایەنەکان نە بەدیل دیاری دەکەن و نە رێگەش دەدەن خەڵک بە هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێم دیاری بکات، بۆیە روو لە نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان و پارێزەرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەم و پێیان دەڵێم: بەسە و چیتر شەڕ بە پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و هەوڵەکانی دامەزرادنی دەوڵەتی کوردی مەفرۆشن، بۆ شاردنەوەى شکستەکانتان و داپۆشینی کەموکورتی و راکردنتان لە بەرپرسیارێتی، پۆستی سەرۆکی هەرێمتان کردۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زارتان و سەدان جار گوتووتانە بارزانی واز لە پۆستی سەرۆکی هەرێم ناهێنێ، لە بەرامبەر ئەو سەدان جارە خۆزگە تەنها یەکجار بە داگیرکارانی کوردستانتان گوتبا: داگیرکاران واز لە داگیرکردنی کوردستان و کوردکوژی بێنن، ئەرێ بە راست کێ بەرپرسیارە؟ منیش لەگەڵ ئەو لایەنانە هاوڕام و دەڵێم: پارتی و سەرۆک بارزانی بەرپرسیارن، بەڵام لە چی و چۆن بەرپرسیارن؟ لە پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا و دابین کردنی داهاتوویەکی ئارام و هێنانەدی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
لێرەدا دەپرسین: ئایا بەرپرسیارێتی لەوە زیاتر؟! ئێوە لە پەرلەمان ئاژاوەتان لە دژی سەرۆک بارزانی دەگێڕا و کودەتاتان بەسەردا دەکرد، سەرۆک بارزانیش لە سەنگەرەکانی بەرگریدا دەجەنگا و کوردی لە مەترسییەکانی داعش دەپاراست و چیرۆکی سەربەخۆیی کوردستانی دەنووسیەوە، ئێوە خەڵکتان هاندەدا هەڵکوتنە سەر بارەگاکانی پارتی و بیانسووتێنن، پارتییەکانیش بەدەم سووتانی بارەگاکانیان لە سەنگەرەکانی شەڕی داعش قوربانیان دەدا، ئێوە لە بەغدا دەنگتان بە حەشدی شەعبی دەدا و نوری مالیکیتان بۆ سلێمانی بانگهێشت دەکرد، سەرۆک بارزانیش لە کۆنگرەی (میونشن) پرسی سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی دەبردە سەر خوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
Top