حزبی کوردی و گەڕان بە دوای خاڵە هاوبەشەکاندا

حزبی کوردی و گەڕان بە دوای خاڵە هاوبەشەکاندا
ئەوەی لە کۆبوونەوەى نێوان حزب و لاینە سیاسیەکانی کوردستان بەردەوام گوێبیستی دەبین و زۆرترین جار دووبارەی دەکەنەوە، گەڕانی بێوچانە بە دوای دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیارە دوای چەندین ساڵ کۆبوونەوەی بەردەوام وگەڕان و سووڕانی سەرکردە و بەرپرسانی حزبی کوردی، تا ئێستا نەیانتوانیوە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان کورد و کورد بدۆزنەوە، لە کاتێکدا هەر ئەو سەرکردە و بەرپرسانە لە یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ دوژمنانی کورد و دوای چەند خولەکێک دەیان خاڵی هاوبەشی نێوان کورد و داگیرکارانی کوردستان دەدۆزنەوە، جا بۆ ئەوەی سەرکردە و بەرپرسانی حزبی کوردی و بە تایبەتیش ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆنەقینن و ئایدیاپەرستی مەستی کردوون و سەرەداوی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانیان لێ ون بووە، چیتر تر بەدەم ئازاری رشتنی کۆنەقین و مەستی ئایدیاوە لە خاڵە هاوبەشەکان نەگەڕێن و لەوە زیاتر زەحمەت نەکێشن و خۆیان ماندوو نەکەن، بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و بە هەڵوەستەیەک لەسەر بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارامی نەتەوەیی، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان کورد و کوردیان دەخەمە پێش چاو، بەو هیوایەی ئەوانیش ئاوڕێک لە مێژوو بدەنەوە و خەمێکی داهاتووی نەتەوەیی بخۆن.
١ــ نیشتیمانێکی دابەشکراو و داگیرکراو هاوبەش.
٢ــ دوژمنێکی هاوبەش کە داگیرکارانی تورک و فاس و عەرەبن.
٣ــ نەتەوەیەکی چەوساوە و ژێردەستەی بێ دەوڵەت.
٤ــ مەرگی هاوبەش.
٥ــ مێژوویەکی تاڵی پڕ کارەساتی هاوبەش.
٦ــ ئێستای هاوبەشی پڕ لە دڵەڕاوکێ و دوو دڵێ.
٧ــ داهاتوویەکی هاوبەشی تەژی لە هیوا و خواستی نەتەوەیی.
رەنگە کەسانێک بپرسن و بڵێن: بۆچی سەرکردە و بەرپرسانی حزبی کوردی خاڵی نیشتیمانی هاوبەش و مەرگی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و ئێستا و داهاتووی هاوبەش نابینن؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێین: ئەو سەرکردە و بەرپرسانە لە گەڕان و سووڕانیان بە دوای ئەو خاڵە هاوبەشانەدا چاویلکەی حزبییان کردۆتە چاویان، خاڵە هاوبەشەکانیش خاڵی نەتەوەیین، خاڵی نەتەوەییش بە چاویلکەی حزبی نابنرێ، بەڵگەش بۆ دەرخستنی ئەو راستییە لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئێستادا سەرکردە و بەرپرسە قین لە دڵ و ئادیاپەرستەکانی کورد روو لە پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان وەردەگێڕن و هەڕەشەکانی نوری مالیکیش نابیستن و داوای راپەڕین لە هەڵگرانی خواستی سەربەخۆیی دەکەن، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیش باکووری لە بیر پەکەکە بردۆتەوە و لە شنگالەوە هەڕەشە لە جوداخوازانی کورد دەکەن و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و باڵادەستی بلۆکی شیعەگەرایی دەکەنە خاڵی هاوبەشی نێوان کورد و داگیرکارانی نیشتیمانەکەی.
Top