کورد و تورک و فارس و عەرەب
March 8, 2017
وتار و بیروڕا
کورد چەوساوە و تورک و فارس و عەرەب چەوسێنەر، کورد وڵات داگیرکراو و تورک و فارس و عەرەب داگیرکار، کورد کوژراو و تورک و فارس و عەرەب بکوژ، بە درێژای مێژوو جگە لە چەوسانەوە و چەوسێنەر، داگیرکراو و داگیرکار، کوژراو و بکوژ، هیچ خاڵێکی تر کورد بە تورک و فارس و عەرەبەوە نابەستێتەوە، کەچی بە پێچەوانەی جولەکە نەوەکانی داهاتوومان لەسەر ئەوە رادێنین کە چەوسێنەر و داگیرکار و بکوژانی نەتەوەییمان بە رزگارکار و فریاڕەس و برای دینی بناسن، خۆشمان بکەین بە چەوسێنەر و داگیرکار و بکوژی خۆمان.
کورد لە ئێستادا چەند حزبێکی هەیە و هەر حزبەش بانگەشەی پەرۆشی خەڵک و ئازادی کورد و سەبەخۆیی کوردستان دەکات، بەڵام ئەوەندەی کار لەسەر ناشیرین کردنی یەکتری دەکەن، نیو ئەوەندە کار لەسەر دەرخستنی رووی راستەقینەی دوژمن و داگیرکارەکانیان ناکەن, وەک ئەوەی پارتی داگیرکاری کوردستان بێ، گۆڕان و یەکێتی و پەکەکە ئەوەندەی کار لەسەر ناشیرن کوردنی پارتی دەکەن، ئەوەندە کار لەسەر دەرخستنی رووی دزێو و هەڵوێستی دوژمنکارانەی تورک و فارس و عەرەب ناکەن، پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد هاوهەڵوێستە و بارەگای (ئەنەکەسە)و حزبەکانی تریش دەسووتێنێ، پەکەکە لە رۆژهەڵات کورد گوتەنی لەگەڵ سوپای پارسداران سیپاڵیان خستوونە سەر یەکتری، دژی پێشمەرگەی حزابەکانی رۆژهەڵاتیش دەوەستێ ئەگەر بیانەوێ سنوور ببەزێنن و بچنەوەی گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی خۆیان و خەبات دژی دوژمن و داگیرکارێکی وەک رژێمی ئێران بکەن، یەکێتی و گۆڕان لە بەغدا دەنگ بە حەشدی شەعبی دەدەن و لە کوردستانیش پارتی تاوانبار دەکەن، تۆ بڵێی تاران و بەغدا و دیمشق لە پارتی و حزبەکانی رۆژهەڵات و ئەنەکەسە بۆ کورد بە پەرۆشتر بن؟؟؟
کورد ئەگەر بیەوێ وەک هەر نەتەوەیەکی تر سەربەخۆ بێ و هەموو ئەو مافانە وەربگرێتەوە کە تورک و فارس و عەرەب لێی زەوت کردوون، دەبێ حزب و لایەنەکانی کوردستان، کە دەڵێم حزب و لایەنەکان مەبەستم هەموو حزب و لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە، بە گەورە و بچوکیانەوە، بە مارکسی و عەلمانی و ئیسلامیەکانیەوە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و لە گۆشەنیگای دوژمنکاری تورک و فارس و عەرەبەوە بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەکەیان بڕوانن، نەک وەک ئێستا کە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی تەسکی حزبی و بە دۆست کردنی دوژمنە مێژووییەکانی کوردەوە لە رووداو و گۆڕانکاریەکان دەڕوانن، چونکە تورک و فارس و عەرەب لە کوردبوون و هەڵوێستە نەتەوەییەکانەوە بۆ حزبەکان دەڕوانن، ئەوان دوژمنی کوردن و ئەگەر ئەمڕۆش دۆستایەتی حزبێک یان لایەنێکی کوردستانی بکەن، لە هەڵوێستی لاوازی ئەو حزبەیە و دوورکەوتنەوەیەتی لە ئامانجە نەتەوەییەکان.
کورد یەک جەستەیە و ئەو حزبانەش هەر یەکە و ئەندامێکی ئەو جەستەیەن، سەیرە کەسێک بیەوێ چاوێکت کوێر بکا و تۆ پێتوابێ چاوەکەی ترت دەپارێزێ، یان قاچێکت ببڕێ و پێتوابێ خۆی دەبێتە داردەستی قاچەکەی ترت، پرسی کوردیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان پرسێکی نەتەوەییە و چارەسەریشی لە سەربەخۆیی و کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دایە، هەموومان کوردین و بێ جیاوازی لە کەشتی کوردایەتی داین، ئێوەی سەرکردەی حزبەکانیش کاپتنی ئەو کەشتیەن و تورک و فارس و عەرەبیش شەپۆل و زریانی سەر رێگای کەناری ئاراممانن، تکایە واز لە بەلەمۆکەی حزبی بێنن و کورد مەدەنە دەست قەدەری ئەو شەپۆل و زریانەوە.