عەلی وەردی نھێنییەکی گەورەی کەسایەتی شۆڤینیزمی ئەرەبی ئاشکرا دەکات( بابەتێکی سایکۆلۆژیای وێژەیی-مێژوویی)

عەلی وەردی نھێنییەکی گەورەی کەسایەتی شۆڤینیزمی ئەرەبی ئاشکرا دەکات( بابەتێکی سایکۆلۆژیای وێژەیی-مێژوویی)
پێشەکی:
دیارە ھەر نوسینێک لە ھەر بۆارێک و بەتایبەتی لە بۆاری دیرۆکی بەر لەوەی کە بابەتێکی مێژوویی بێ دەق و تێکستێکی وێژەییە و لە چۆارچێوەی ئەدەبیاتی نەتەوە و زمانێک ھەژماردەکرێت و ئەم تێکستە وێژەییە، کە زیاتر خۆی لە شێوەی پەخشاندا دەبینێ، ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوون و شێوازی ھزرکردن و نوسینەوەی خەڵکی ئەو ناوچە و وڵاتەیە. لەم ڕوانگەیەوە نوسینە مێژووییەکان بەر لەوەی کە گرنگی ڕووداو یان کارەساتێکی مێژوویی پێمان پیشان بدەن دەربڕی چۆنیەتی نوسین و بیرکردنەوە و کەلتوور و فەرھەنگی ئەو نەتەوەیەن، و ئەوە ھەمان ئەو ئامانجەیە کە ھەموو تێکستە ئەدەبی و وێژەییەکان ھەوڵی وەدەستھێنانەوەی دەدەن و نوسەر بۆ ھەمان مەبەست کاری نوسینی ئەو ھۆزان و شیعرە یان پەخشان و تێکستە ئەنجام دەداتن. تێکستە مێژووییەکانی ھەر سەردەم و قۆناغێک بەرھەمی ژیانی خەڵکی ئەو کات و سەردەمەن. بۆیە کاتێک کە دەقێکی مێژوویی دخوێندرێتن چەند ئەوەندەی کە بە چاوێکی مێژوویانە تەماشە دەکرێت دەبێ ئەوەندەش بە چاوێکی ئەدەبیاتیانە تەماشە بکرێت و بخرێتە بەر دیدی ڕەخنەگرتن. لەم گۆتارە دا زیارترێن تەرکیز لەسەر نوسینەکانی فەیلەسوفی گەورە عەلی وەردی( ١٩١٣-١٩٩٥) کراوە کە بە زمانێکی سادە و ساکار نوسراون بۆ ئەوە ھەر خوێنەرێک تام و چێژی لێوەربگرێ و زیاتر لەو زمانە ئەرەبیە لێی تێبگاتن، کە خۆی ھەمیشە ڕەخنەی لێوە گرتووە و بە زمانێک و تێکستی وا تێدەگات و دەیاناسێنێ کە جگە لە شێواندنی ھزر و بیروباوەری مرۆڤەکان زیانی زۆر گەورەی لە ناخ و دەروون و کەسایەتی تاکی ئەرەبی داوە.
خۆدی مێژوو چی پێیە؟
دوای ئەوەی کە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی کوردستان، واتە سۆبارییەکان، و لۆلۆییەکان، و گۆتییەکان، و خۆرییەکان، و کاشی و میتانییەکان لە ھەزارەی سێیەم و دووھەمی پێش زایین لە وڵاتداری ھەرەسیان ھێنا و شوێنکانیان کەوتە دەست ھەندێ نەتەوە و دەواەتی وەک ئاشوورییەکان، و ھەروەھا دواتریش دوای سەرھڵدانی دەوڵەتانی ئۆرارتۆ و میدییەکان( ٧٠٠-٥٥٠ پ. ز. ) ی لە ھزارەی سێیەمدا نەتەوەی کورد گەیشتە بەرزترین لوتکەی دەستھەڵاتی خۆی، بەڵام لە پاش خەمساردی پاشای میدی،َ واتە ئەستیاگس، لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتە بەھێزەکەی خۆی، ئیتر ئەو دەوڵەتە ڕووی لە لەناوچوون کرد و کەوتە ژێر ڕکێفی دەولەتی ھەخامەنشی ( ئەخمینی) ( سەعدۆلا، ٢٠١٠ ؛ ڕێکانی و تۆڤی : ١٦؛ عبداعڤیم، ١٣٧٦: ١٦٩؛ ێفی زادە، ١٣٨٥ )، ئەو وڵاتەی کە جۆگرافیای سنوورەکانی لە ڕۆژھەڵاتەوە دەگەیشتە چین و پاکستان و لە باکوورەوە ھەموو یان زۆرینەی ئاسیای ناوەڕاست و دەروبەری دەریای قەزوین، و لە باشوورەوە سنوورەکانی خۆی لە دەریاری ئەریترە و گۆڵی فارسی، و لە ڕۆژئاواشەوە تاکو کەنار و سنوورەکانی یەونانیەکان دەگەیشت ( عبداعڤیم، ١٣٧٦: ٣٥٠)، ئەو کات بە یەکێک لە ئیمپراتۆریەتە بەھێزەکانی سەردەمی خۆی دەژمێردرا.
دوای ئەو قۆناغە بەدرێژایی مێژوو ئیتر کورد ھەگیز وەک نەتەوە و وڵات و دەوڵەتێکی سەربخۆ نەمایەوە و مایەوە لە ژێر دەستی بەخت و فەلەک و نەھامەتی و زۆرداری داگیرکەرە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان، و تا ئەمڕۆکەشی لەگەڵدا بێ نەیتوانیوە خۆی لێیان ڕزگار بکات. خۆ ئەگەر چیڕۆکە تاڵەکەی کورد تەنھا بە داگیرکاری جۆگرافیایی و کۆشتن و بڕین و تاڵانکردن و جینۆساید و ئەنفال و کێمیابارانکردن و ڕاگۆاستن و تەعریب و تەتریک و تەفریسکردن کۆتایی بھاتبایە ھێشتان ھیچ نەبوو، ھەرچەندە ئەوانیش شتێکی ئاسان نەبوون تا کوردەکان بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
ئەوەی لە ھەمووی کۆشندەتر بوو ئەو داگیرکارییە کەلتووری و فەرھەنگی و سۆسیۆلۆژییە بوو کە لە خاڵێکی گرنگ دەستی پێدەکرد و پلانی تۆکمەی بۆ داڕێژرا بوو و ئەویش کارکردن بوو لەسەر لایەنی سایکۆلۆژی و دەروونی تاکی کورد و کوردستانیان، و ئەمە لایەنێکی زۆر گرنگ و ھەستیار و لە ھەمان کاتدا کاریگەر بوو. چونکە ئەزموونی ئێمە پیشانمان دەداتن کە داگیرکەرانی جۆگرافیا و خاک دەکرێ بە درێژایی مێژوو و تێپەڕبوونی کات قەرەبۆ بکرێت و لە کات و ساتی گۆنجاو دا جلەوی بەڕێوەبردنی وڵات بگیرێتەوە دەست نەتەوە داگیرکراوەکەدا و نموونەش زۆرن و ناکرێ ھەموویان یەک بە یەک ناو ببەین بەڵام دیارترینییان ھەموو ئەو وڵاتانەن کە لە ماوەی چەند سەدەی دوایی و بەتایبەت سەدەی بیستەم لە کیشوەرەکانی ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین و ھەموو ئاسیای گەورە سەربخۆیی خۆیانیان لە داگیرکەرانی ئەورۆپی وەرگرت و بوون بە دەوڵەتی سەربخۆ. بەڵام ئەم وڵاتانە ئەگەر ھاوشێوەی کوردستانیان جەنگێکی سایکۆلۆژی تووند و دژواریان لەگەڵدا بکرابایە و داگیرکاری نەک لەسەر خاک بەڵکۆ لە ناخ و ناوەڕۆکی کەسایەتیان دا ڕووی بدابایە، دوور نیە ھەمان ئەو چارەنووسەیان بە نەسیب دەبوو کە تووشی ئێمە ھاتووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێ یەخەی بەرنەداوین و ئێمە کورد و کوردستانیانی تووشی گرێ کوێرەی دەروونی و بەڵکۆ لە ئاستی بەرزتریش دا تووشی دابرشان و تەنگەژەی کەسێتی و دووانیزم و خەمۆکیی سیاسی و کەلتووری و فەرھەنگی و لە بەرزترین ئاستیشدا دوژاری شیزۆفرینیا و پەنجەشێری سیاسی کردووین.
تێکستە مێژوویەکان، کە ھەر وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، وەک تێکست و دەقی وێژەیی جاران دەربڕی بیروبۆچوون و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە، و بەدرێژایی ھزاران ساڵی ڕابردوو ئێمەی کورد وا تێگەێنرابووین کە ئێمەی کورد کورد نین، بەڵکۆ وەک مێژووناسی ئەرەبی-عەدنانی گەورە و ناودار ئەلمەسعوودی ( ٩٥٧ ز. ) وەک بەشێک لەو جەنگە سایکۆلۆژییەی لەگەڵ ئێمە دا دەستپێکردووە و بنەچەی کوردانی بۆ ئەرەبەکان دەگەڕێنیتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش وەک ھۆستایەکی شارەزا لە دروستکردن و ساختەکردنی چیڕۆک و ئەفسانەی خەیاڵاوی چەندەھا چیڕۆکی ھەڵبەستراوی دروستکردووە و گێراویەتی( الخلیل، ٢٠١٢: ١٣٥ ؛ ڕێکانی و تۆڤی، : ١٦)، و ئێمەی کوردی بە بەشێک لە نەتەوەی ئەرەب ھەژمار دەکەن. و نەک تەنیا ئەو بەڵکۆ دواتریش کەسانی وەک ( الزبیدی، ١٧٩٠ز.) ھەمان ڕێچکەی گرتە بەر و ھەمان بۆختانی ئەرەب بوونی بە کورد ھەڵبەستووە ( الخلیل، ٢٠١٢: ١٣٦). ئەم نەخۆشییە دەروونییەی ئەوان نەک تەنھا لە نێو ئەرەب و ڕۆشنبیرە ئەرەبەکاندا بڵاو ببو، بەڵکۆ تووشی ڕۆشنبیرەکانی کوردیش ھاتبوو تا ئەو ئاستەی کە شاعیرێ:ی گەورەی وەک حۆسێین بن داوودی بەشنەوی ( ١٠٧٤ ز.) یش ھەمان بۆختانی ئەرەب بوونی بۆ کوردان ھەڵچنیبووی و پێکەوە دەیان بەستێتەوە( الخلیل، ٢٠١٢: ١٣٧). ئەو ڕەوتە بەردەوامبوو تا ئەو کاتەی ھەندێ سەرکردە و دەستھەڵاتداری گەورە لە پێناو درێژەدان بە دەستھەڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان نکۆڵی لە کوردبوونی خۆیان بکەن و خۆیان لە بنەچەی ئەرەبەکان بزانن ( الخلیل، ٢٠١٢: ١٣٩). ئەو نەخۆشییە کۆشندەیە گەیشتە نێو ئەیوبییەکان و ئەوانیشی گرتەوە. ئەوەیە دەبینین ئەوان لە جیاتی ئەوەی خەم و خەفەت و رەنج و ماندیبوون و زۆرداری ھەفت سەد ساڵەی ڕاربدووی گەلەکەی خۆیانیان لە بیر بێ دەچوون و لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک و بۆ خەڵک و ئەرەبەکان خۆیان بە کوشت دەدا و خەڵکی تریان بۆ ئەوان دەکوشت و قرَدەکرد و لە پێناو خۆشگۆزەرانی ئەم جیھانەیان خۆیان لە خۆای خۆیان دەکردەوە و ژیانی دۆایی خۆایانیان لە خۆ تێکدەدا. بەم شێوەیە جگە لە خزمەتکردنی ئەوان دەبوون بە لەمپەر و ئاستەنگ لەبەردەم ھیوا و ئارەزووەکانی برایانی خۆیان و دواتریش دەبوون بە ڕێخۆشکەری زۆرێک لەو کارەساتانەی کە دواتر و تاکو ئەمرۆکەشی لەگەڵ دابێ بەسەری ئێمەی کورد و کوردستانیان بێتن. ئەو چیڕۆکە تاڵ و ساختەیە تا ئەم دواییە و تا ئێستاش بەردەوامە و تا مێنتالیتەی چەواشەکراوی وەھا لە گۆڕێ دا بێ کۆتایی پێناھێتن. ئەوتا لەسەردەمی سەرۆکایەتی نوری مالیکی دا و لە سایەی ئێرانی بە ناو ئیسلامی دا سەرۆک مەسعۆد بارزانی لە لایەن سایتێکی وەک " بۆلتەن نیوز" بە ھاوکاریکردن و سەر بە دەزگای سیخۆڕی ئیسرائیل لەقەڵەم دەدرێتن و بەم بەھانەیەوە کۆسپ و لەمپەر دەخرێتە بەر ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان ( جەمال، ٢٠١٣: ٧٤ )، کەچی تەنانەت منداڵانی سەر جادە و کۆڵانەکانیش دەزانن و تێگەیشتوون جگە لە چەند وڵاتێکی دەگمەن و ئەویش نەک لە خۆشیی خۆیان بەڵکۆ لەبەر ھۆکاری لاوەکی، ھەموو وەڵاتە ئەرەبەکان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان باشترین و بەرزترین ئاستی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسییان لەگەل ئیسرائیل دا ھەیە و تەنانەت بالیۆزەخانەکانی یەکتریان لە وڵاتانیان دامەزراندووە. کەچی کە کار دەگاتە کوردستانیان و لە پێناو ژیان و بژێوی خۆیان کارێکی ھاوشێوە بکەن بە سیخۆڕی و خیانەت لەقەڵەم دەدرێتن!!؟؟ ئەوە بەردەوامی ئەو مێنتالیتە ھزرییەیە کە ئەبو جەھل بناغەکەی بە کۆنکرێتێکی ھەمیشەیی و ھەتاھەتایی داڕشتووە و بە ھزاران ساڵی تر ئاسەوارەکانی ناشوردرێتەوە.
چەواشەکردنی کورد و جەنگە سایکۆلۆژییە پیلان بۆ داڕیّژراوەکەی بە تەعریبکردنی بنەچە و ڕەچەڵەکی کورد کۆتایی پێ،ەھات و بۆارەکانی تریشی بەخۆیەوە گرتبوو. ئەوان جار نا جاریش کوردیان پێ تیرەیەک لە تیرەکانی فارس ھەژمار دەکرد (بداخ، ٢٠١٣: ٣٠)، و یان ھەمان مێژووناس، واتە ئەلمەسعوودی و ھەروەھا فەقیھی شێعە مەزھەب ئەبوو جەعفەر ئەلکۆلینیی ڕازی( ٩٤٠ ز.) لە پەرتووکەکەی خۆیدا بە ناوی ( ئەلکافی)، ھەروەھا بەھەمان شێوە شاعری گەورەی ئێرانی ڕاغبی ئەسفەھانی( ١١٠٨ ز.) لە پەرتووکی خۆیدا چیڕۆکی ساختە دروست دەکەن و بنەچەی کوردەکان بۆ ئەجنە و ئیبلیس دەگەڕێننەوە و سەرەتایەکەشی بۆ سەردەمی سۆلەیمانی کۆڕی داوود پاشای یەمانی دەگەڕێننەوە ( الخلیل، ٢٠١٢: ١٩٣)، و لە ھەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئەو جۆرە بۆختانانە ھەڵبەستراوە بە کورد خۆدی کوردەکانیشی گرتووتەوە و کەسێکی وەک ئەمیر شەرەف خانی بەدلیسی ( ١٦٠٤ ز.) یش پێی ھەڵخەلەتاوە و لە پەرتووکەکەی خۆیدا، شەرەفنامە، ھەمان بۆختانی بە خۆی و نەتەوەکەی کردووە و وەک خۆی گێڕاویەتی( الخلیل، ٢٠١٢: ١٩١)، واتە داکۆکیی لێی کردووە بە بێ ئەوەی چەند چرکەیەکیش خۆی ماندوو بکات و بیری لێبکاتەوە و بە پێوەری لۆژیک و مێنتالیتەیەکی دروست و ئاسایی ھەڵیبسەنگێنێ، مۆھری ڕاستیی لێیداوە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە خەمۆکیی نەتەوەیی و دڵپیسی لە خۆت و نەتەوە ڕەسەن و دێرینەکەت کە لە لای سەرکردە و کەسێکی ڕۆشنبیر و سیاسی و لە ھەمان کاتدا کاربەدەست و دەستھەڵاتداری کورد ڕووبداتن. نموونەی لەو جۆرە لە نێو نەتەوە و نەژادەکانی تری مرۆڤایەتی دا ئەگەر ئەستەم یان دەگمەنیش نەبن وەک جۆری بیرکردنەوەی کوردیش نین، کە تیایدا ھەستی خۆ بە کەم زانین نەک تەنھا لە ئاستە نزمەکان و خەڵکی ئاسایی و ساویلکەی کۆمەڵگا دا دەبیندرێتن بەڵکۆ لە ھەمووی جەرگبڕتر ئەوەیە کە دەستھەڵاتدار و ڕۆشنبیرەکانیشی تووشی ئەو نەخۆشییە دەروونییە کردووە.
کاتێک ئەو جەنگە سایکۆلۆژییە دژی کوردەکان بەھێزتر بوو کە چەکێکی کاریگەری وەک قۆرئانی پیرۆز لە لایەن خەڵکانێکەوە بۆ ئەم مەبەستە بەکار ھێنرا. دوابەدوای پرۆژەی بەکەمزانینی کورد و شکاندنی ستراکتووری کەسایەتییەکەی لە قۆناغێکی تر دا سوود لە قۆرئانی پیرۆز وەرگیرا بۆ ئەم مەبەستە. دیارە کە ئیمام و خەلیفە و زانای گەورەی ئیسلام عەلی کۆڕی ئەبوو تالیب (س) بەھەڵەدا نەچووە کاتێک کە بەڕاشکاوانە دان بەوە دەنێـتن کە " القران حمال ڕوجە"، واتە قۆرئان تەفسیر و ڕامان و شرۆڤەی جیاجیا ھەڵدەگرێ(الوردی، ١٩٩٥: ٨٣). دیارە زۆر کەس ئەو کات و ئێستاشی لەگەڵ دابێ بۆ چەسپاندنی بیروباوەرەکانیان سودیان لێوەرگرتووە. ھەبووە بۆ مەبەستی خراپە و ھەشە بۆ ڕاستی و دروستییەکان ئەو کارەی کردووە. ئاشکرایە ئەم پەرتووکە پیرۆزە بە پێەوانەی زۆر پەرتووکی تری پێش خۆی پەرتووکێکی دەوڵەمەند و کارامە بووە و ئەوەی کە تیایدا ھاتووە ھەمووی و بە تێکڕا لە پێناو بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و و ئیسلام نووسراوە و گۆتراوە و لە ڕاستی زیاتر ھێی تر نیە، بەڵام جێگەی داخە کە ئەو شرۆڤەیەکی کە تاخم و لایەن و چین و توێژ و کەسانی جیاواز بۆی دەکەن بە پێی بەرژەوەندییەکانان وەک یەک نین و جیاوازن لە یەکتری و لەو مەبەستەسەرەکییانەی کە لە خۆدی ناوەڕۆکی قۆرئان دا ھاتووە.
ئەوەتا لە سوورەتی (فەتح/ ئایەتی ١٦) چەمکی " قوم ڕولی بڕس شدید " ھاتووە کە نەیارانی کورد ئەو کات ئەم چەمکەیان وا لێکداوەتەوە و شیکردوویانە کە گۆایە مەبەستی قۆرئان لێی نەتەوەی کوردە! و ھەرچەندە کە ھەندێ کەسیش فارسەکانیان وەک ئەو ( قەومە) زانیوە. ئەوانەی کوردیان وەک ئەو نەتەوەیە ھەژمارکردووە پشتیان بە ( ئەبی ھۆرەیرە ) حەدیس نووسی بەناو بانگ، بەستووە و کەسانی وەک ئێبن ئەبی حاتەم( ٩٣٨ ز.) و ئێبن کەسیر ( ٧٧٤ ە.) و جەلالەددین ئەسیوتی( ١٥٠٥ ز. )، و ئەلشۆکانی ( ١٨٣٤ ز.) ، و ئەلئالووسی( ١٨٥٤ ز. )، و ئەلقەنوجی ئەلبۆخاری( ١٨٩٠ ز. ) و ...ھتد، ھەمان ئەو شتەیان گێڕاوە کە ( ئەبوو ھۆرەیرە ) گۆتوویەتی. و ھەندێ:ی وەک ئەبوو نەعیمی ئەسبەھانی ( ١٠٣٨ ز. ) ی مێژووناس، ھەمان ئەو چەمکەی بە شێوازی ئەرەبە فارسەکان بەکارھێناوە کە ھەمان ڕامانی کورد دەگەینێ ( الخلیل، ٢٠١٢: ٢٠٨). بەشێکی تری پرۆژەی جەنگی سایکۆلۆژی دژی کوردەکان و ڕووخاندنی ورە و بنیاتی کەسایەتییەکەی لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن لە قۆرئانی پیرۆز لە لایەن کەسانی ھەلپەرەست بۆ ئەو قسە بێ بنەما و پووچە دەگەڕێتەوە کە کاتێک ئیبراھیم پێغەمبەر (س) لە لایەن (قەومی ) خۆیەوە دەسوتێندرێتن، و ھۆکارەکەشی وەک لای ھەموو کەسێک ڕوون و ئاشکرایە دژایەتیکردنی پەرستینی بۆتەکان( واتە سەنەمەکان) و تێکشکاندنیان بووە، ئەگەرەکەی بە دیتنی ئەو کەسانە، بۆ دەستپێشخەری یان بەواتایەکی تر کاریگەری و ڕۆڵی کەسێکی کورد نەژاد بووە.
خۆ ئەگەر بە قۆستنەوەی ئەم سەرھاتەی قۆرئان و شرۆڤەکردنەکەی لە لایەن نەیارانی کورد لە لایەک مەبەستیان لێی بەکەم زانینی کوردیش بووبێ، بەڵام لە لایەکەی تریشەوە پێچەوانەکەشی دروستە و ئاماژەیەکی گەورە و بەڵگەیەکی بەھێزی ئەوەیە کە نەتەوە و ( قەومی) ئیبراھیم پێغەمبەر بە تێکڕا کوردن، چونکە دوورە لە ( ئەقل ) و لۆژیک کە لە نێو ( قەومێکی ) وەھا دا تاکە کەسێکی کورد ھەبووبێ کە ئەوەندە قسە ڕۆیشتوو بێ کە کاریگەری لەسەر بیروڕای دەستھەڵاتدارانی ئەوانیان کردبێ بەتایبەت لە ھەڵوێستێکی وا گرنگ و چارەنووس ساز دا. بەڵکۆ ئەوە بەڵگەیەک بێ ئەوان، واتە ئەرەبەکانیش جۆرێکن لە کورد چونکە حەدیسەک ھەیە کە دەڵێتن " ڕن کل العرب من ولد إسماعیل بنی إبراھیم، و بەو پێیەش کە ئیسماعیل خۆی بۆ نێو ئەرەبەکانی مەککە کۆچ دەکات و لە نێو ئەوان فێری ئەرەبی دەبێ و پێشتر زمانی زمانێک بووە لە زمانەکانی عەجەمی(عارف،١٩٨٤: ١٠٩). بۆ ئەم پرۆژەیەش دیسان ژمارەیەک کەسی بەناوبانگ و مێژووناس داھۆڵ و زۆڕنایان بەدەست گرتووە و بە پشت بەستن بە کەسانی نزیک لە پێغەمبەری گەورە و دادپەروەر و ڕاستگۆی ئیسلام، محەمەد(س)، و کەسایەتییەکانی ئەو کات ئەو بۆختانەشیان بە کورد بەستووە.
لە بەردەوامی ئەم پرۆژەیەدا ھەڵبەستنی خەسڵەتە نەشرین و ناشیاوەکانی وەک بیابانی بوون( بەداوەت)، نەزانی( جەھالەت)، دڵڕەقی، کافربوون، لادراو و بەسەرداچوو، تێکدەر و گەندەڵکار( إفساد)، دز و جەرد و ڕێگری، و ھەڵگەڕان لە خۆای گەورە، و دووڕوویی و ... ھتد ( الخلیل،٢٠١٢: ٢٣٢ ؛ الخلیل،٢٠١٣: ٢٨٤)، یەکێک بووە لەو چەکە بەھێزانەی کە لە پێناو شکاندنی تاکی کورد بەکارھاتوون. لە کاتێکدا کە مێژوو پێمان دەڵێتن تاکی کورد تەنانەت ئەگەر لە دژی کەس و لایەن و دەستھەڵاتیش وەستا بێ و زۆرداری لە خەڵکانێکی کردبێ ھێشتان خەسڵەت و بەھا جوانەکانی نەتەوەیی و کەلتووری و فەرھەنگی باب و باپیران و ئایینە ڕەسەنەکەی زەردەشتیان لەبیرنەکردووە. داراناکتسی (Daranagtsi) یەکێک لە ئەرمەنییەکانی زیندوو لە سەدەکانی نێوان کۆتایی ( ١٦ ) و ناوەڕاستی ( ١٧ ) باس لە کەسێکی کورد بەناوی (ئەزیج یان Azic) دەکات کە سەر بە عەشیرەتێکی گەورەی کوردە بەناوی جەلالی. ئەو کەسە لە شاری سیواس و دژی ئۆسمانیەکان ڕادەپەڕیتن و شۆڕشێک دەکاتن. پاشای سیواس ھێزێکی زۆر بۆ سەرکوتکردنی ڕەوانە دەکاتن، بەڵام ئەزیج شکستیان پێدێنیتن. و حکومەت ناچار دەبیتن پەنا بۆ تورک و ئەرمەنەکانی شارەکە بباتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. بەڵام ئەوانیش نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ ببن و ھێزەکەی ئەزیج دێتە نێو شارەکە و بە تووندی بەرەو ڕووی ئەو کەسانە بوون کە ھاوکاری ھێزەکانی حکومەتیان کردبوو و لەوانەش ئەرمەنەکان، بەڵام لەسەر بڕیاری ئەزیج ھیچ زیانێکیان بە ژن و منداڵان نەگەیاند. چونکە ئەزیج ھۆشداری تووندی پێدابوون کە تۆخنی ئەو ڕەفتارە نەبنەوە. ھەروەھا جگە لە ھێزەکەی بەناوبانگی دڕندەی ئنکشاری و فەرمانبەرانی تورک ھێزەکانی ئەزیج بە ھیچ شێوەیەک ئازاری نەگەیاندە ئەرمەنەکان و خەڵکی ھەژاری شارەکە. ئەوە واتە لە باکووری کوردستان خەڵک بە چاوی دوژمن تەماشەی ئەرمەنەکانیان نەدەکرد بەڵکۆ ئەوانیشیان بە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەو وڵاتە و کوردستان دەزانی ( توفیق، ٢٠١٢: ٣٧ ).
ھیچ گۆمانی تیایدا نیە کە ھاوشێوەی جەنگی سایکۆلۆژیای ئاماژەپێکراو لە سەرەوە لە لایەن زۆر لە نەتەوە و میللەتانەوە و لە کۆنەوە بەکار ھاتووە، چینیەکان و یەونانییەکان و خەڵکانی تر لە دژی یەکتری و بۆ مەبەستی سەپاندنی ھێز و توانایی خۆیان و ڕووخاندنی ورەی لایەنەکەی بەرامبەر سوودیان لێوەرگرتووە، ئەوە لە ململانێی مرۆڤەکاندا شتێکی ئاساییە، بەڵام کاتێک بابەت و باس و خاس دێتە سەر ئیسلام ھەڵوێستەکە زۆر دەگۆڕدرێتن. ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر دەستی یەکێک لە مەزنترین چاکسازەکانی ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی بۆ بەرژەوەندی گشتی و ھەموو مرۆڤایەتی ھاتووە، و تەنانەت ئەو پیاو چاک و مرۆڤە دەرووندروست و بەویژدانەکانی تری ئەو کات و دواتریش و لەوانەشە خەلیفە سەرەکییەکانی چوارینە و سەحابییە باشەکان و ( تابعینە) بەویژدانەکان و کەسانی تر لە مێژووی خاوێنی ئیسلامدا پەیدابوونە لە سەر ڕێبازە پیرۆز و دروستەکەی پێشەوایە دادپەروەرەکەیان ڕۆیشتوون و نموونەی جوانی ڕەفتاری شایستەی مرۆڤایەتین و مرۆڤایەتی ھەتاھەتایە ناویان بە چاکە و باشی یاد دەکاتن.
بەڵام کاتێک کەسانێکی نادەرووندروست و ناوازە دێن و بەناوی پیرۆزەکەی ئەم ئایینە و قۆرئانی پیرۆز و پێشەوا پاک و خاوێنەکەی و ھەندێ خەلیفە و سەحابی بۆختانی وا بە کەس و یان لایەن و نەتەوەیەک ھەڵدەبەستن زیانی زۆر گەورەی لێدەکەوێتن کە قەربۆکردنیان سەختە و ئەستەمە یان کاتێکە کە ئیتر لە دەست دەرچووە.
کاتێک کە پێداچوونەوە بە ناوونیشان و پلە و پایەی ئەو کەسانە دا دەکرێتن دەبینین زۆربەیان مێژووناس، شاعیر، ڕۆشنبیر و زانای گەورەن کە ھیچ گۆمانی تیایدا نیە ئەو پلە و پایەیان کاریگەری خۆی لەسەر بیروباوەرەکانی ئەو کەسانە دەبێ کە لەوانەیە خۆیان بە شوێنکەوتوانی ئەوان بزانن. کاتێک کە کەسانی وەک ئیمام ئەبوو حامدی غەزالی، زانای بەناووبانگ، و یان ئێبن تەیمیمە، کە بە شیخۆلئیسلامی سەردەمی خۆی ناسراوە و یەکێک لە بەناوبانگترین فەقیە و زانایانی ھزری ئیسلامی و بەتایبەت لە بواری ھزری سەلەفی و جیھادی دەناسرێتن و ... ھتد (الخلیل، ٢٠١٢: ٢٣٥)، و زۆر کەسی تری ھاوشێوە لەو پرۆژەیەدا بەشدار دەبن چ واتا و ڕامانێکی ھەیە؟ ئایا ئەوە نیشانەی پرسیار لەسەر ئەوان دروست ناکاتن؟ ئایا ئەو کارە شتێکی ھەوانتەیە؟ ئایا دەبێ شوێنکەوتوانی ئەوان چۆن بیریان لێ بکەن و چۆن بڕواننە بیروباوەرەکانیان؟ یان دەبێ وازیان لێ بھێنن یان وەک ئەوان بکەن؟ ئایا ئیمام غەزالی یان ئێبن تەیمیمە منداڵێک و ھەرزەکارێکن کە بەسەر بیروباوەر و ڕەفتار و ھەڵسوکەوتی خۆیان زاڵ نەبن و وەک کەسانێکی ساویلکە ڕەفتار و قسە بکەن و بۆختان بە خەڵک و نەتەوەکان ببەستن و وشە و چەمک و ناوی ناشیاوی بێ بنەما لە دژیان بەکار بێنن بەتایبەت ئەگەر بە ویستی خۆیان بێ یان بە زۆریش بێ ھاتبنە سەر ڕێبازە پیرۆزەکەی ئیسلام؟ ئایا نەدەبایە ئەو کەسانە وریای ھەر قسە و چەمکێک بن کە لە زمان و پێنووسیان دەردەچێ و دەنوسرێتن؟ ئایا ئەگەر ئێبن تیمیمە بەو مێنتالیتە و زمانە شڕەی خۆی چەندەھا وشەی ناشیاو و خەسڵەتی دوور لە نەتەوەی کوردی لە دژی ئەو نەتەوەیە مۆسڵمانە بەکار ھێنا بێ ئایا دەبێ کەس ناھەقمان بگرێ کە ئەو بیروباوەرانە کاریگەری بەسەر ئەو کەسانە نەکردبێ کە ئەمڕۆ تەنھا پەرتووک و سەرچاوەکانی ئەو کەسانە دەخوێنن و ھەر لە ژێر کاریگەری ئەو بیروباوەرانە پەیوەندی بە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تووندڕۆی وەک ئەلقاعیدە و ئەنسارۆلئیسلام و داعش و ... ھتد، دەکەن؟ بێگۆمان وەڵام " بەڵێ " یە. چونکە کاریگەری کەسایەتی و پلە و پایەی کەسانی وەک غەزالی و تەیمیمە کەم نیە و بە لای ھەندێ کەس ئەوەندە بەھێزە کە ئاساییە لە ژێر کاریگەری ئەوان ببێتە خاوەن کەسایەت و مێنتالیتە ( ئەقلیەتێک) و بیروباوەرێک کە نەتەوەی خۆی پێ ھیچ و پووچ و کافر و زەندیق و نەزان و ڕێگر و سفلە وگەمژە و دز و جەردە و ڕێگر و زۆر خەسڵەتی خراپی ھاوشێوە بزانێ و بە پێچەوانەوە نەتەوەی ئەرەبی پێ ھەموو شتێکی پیرۆز و خاوێن بێ و ڕوو لەو ڕێکخراو و لایەن و گرووپە تووندڕۆانە بکات کە لە دژی نەتەوەی کورد دەجەنگن؟ کەسانی نەزان و ساویلکەی وەھا ئێستاش و ئەو کات و ھەموو کاتێک لە نێو کورد دا ھەبوونە و ھەن و ھەمیشە لەمپەری ھەرە گەورەن لە دژی پرۆسەی ئازادی و سەربەخۆیی و بەختەوەری کورد و کوردستانیان.
ئەو کەسانەی کە شارەزای قۆرئانی پیرۆز و کەسایەتی و ڕەفتار و قسە و گۆتار و ھەڵوێستەکانی محەمەدی ( س) پێشەوا و دواتریش خەلیفەکانی چوارینە و ھەندێ لە سەحابییە بەڕێز و دڵسۆز و پاک و خاوێن و باشەکان بن، زۆر بە ئاشکرایی و ڕاشکاوانە ھەموو خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤایەتی و مرۆڤە نموونە و پاک و دروست (الورد?
Top