گەڕان بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا
March 7, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی ناكۆكیی نێوان حزبەكان زیاتر دەكات، وێڕای هۆكاری ناوخۆی هەرێم، گوشارە ئیقلیمییەكانن كە رۆڵێكی كارا لە زەقكردنەوەی كێشەكان و دروستكردنی قەیراندا دەبینن، بەم پێیە ئێستا لە چوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان، سێیان لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە، یەك ئامانج و تێڕوانینیان هەیە، ئەویش گربوونەوەیەكی مەزهەبیییە لە ناوچەكەدا، بۆیە ئێران و عێراق و سوریا لە بەرەیەكدا كۆبوونەتەوە، ئەمەش بەدەوری خۆی كاری كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و رەنگدانەوەی بەسەر كەشی سیاسیدا دروستكردووە، بەو هۆیەوەشەوە پنتی ناكۆكی دروست بوون، ئەو پنتانە بەلای هەندێ حزبی كوردستان، بۆ گوشار دروستكردن بەكاردەهێندرێن.
لەوەتەی گرژی لە شنگال سەری هەڵداوە، لە نێو حزبەكانی كوردستانیش جووڵەیەك پەیدابووە، لەو جووڵەیەدا جۆرێك لە دووفاقی دەبیندرێ، داوادەكەن ناكۆكی نەبێت و شەڕ دروست نەبێت، لە هەمانكاتدا گرژییەكە دەقۆزنەوە و ماشێنی میدیا دژی پارتی وەگەڕ دەخەن، ئەمە لە جیاتی ئەوەی هەمووان هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە بخەنەگەڕ، پەكەكە نەبێتە هۆی دروستكردنی كێشە و بەڵا بۆ شنگالییەكان، كەچی بە پێچەوانەوە، میدیای هەندێ حزب و میدیای مالكی بە یەك ئاراستە كاردەكەن، ئەو خۆمەڵاسدانە لە پەنای گرژییەكەی شنگالدا، لە تەك گوشاری بەغدا و تاران، هەندێ لەو شنگالیانەی سەر بە پەكەكەی هانداوە، داوا بكەن شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لە جیاتی كوردستانی بوون، جەخت لە عێراقیبوون بكەنەوە.
ناكرێ حزبی كوردی باس لە چارەسەری كێشە بكات، لە هەمانكاتدا خۆی سەرچاوەی كێشە بێت، ئاشكرایە ئێستا چاوی پایتەختەكانی دەوروبەر و بەغدا لە سەر شنگالە، بۆ ئەوەی لە خزمەتی هیلالی شیعەدا بێت، ئەركی لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە، دەست لەسەر هەڵە و چەوتییەكاندا دابنێن، نەك بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا بگەڕێن، بۆ پەیداكردنی زۆرترین گوشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەو تێڕوانینەی ئەو حزبانە لەوەوە هاتووە، گوشاری سەر هەرێمی كوردستان گوشاریشە بۆ سەر پارتی، بۆیە میدیاكانیان بە دوو شێوە خستۆتەگەڕ، لە لایەك بە خەڵك دەڵێن ئێمە نامانەوێ شەڕی ناوخۆ هەبێت، لە لایەكی دیكەشەوە، بیانەوێ و نەیانەوێ، لە ڕێی خەتاباركردنی پارتی و بێتاوان پێشاندانی پەكەكە، كار بۆ ئەوە دەكەن، گرژییەكە بۆ ئاستی شەڕ و ئاگركەوتنەوە بەرزبكەنەوە، لە كاتێكدا جیهان بە چاوێكی ڕێزەوە سەیری پێشمەرگە و پێگەی هەرێم دەكات، لە لایەكی دیكە هەندێ حزب بەدوای پنتەكانی ناكۆكیدا دەگەڕێن، وەك ئەوەی كارتێكی گەورەی گوشاریان دەستكەوتبێ، ئەمەش دەچێتە خزمەت ئەو جووڵەیەی لە ناوچەكەدا، دژی هاتنەدیی ئامانجە باڵاكەی كوردستان هاتۆتەئارا.
قۆستنەوەی پنتەكانی ناكۆكی هێندەی دی ئاَڵۆزی زیاتر دەكات، یاریكەرە ئیقلیمییەكان بە هاوكاری ئەو هێزانەی بەو پنتانەی ناكۆكی خۆشحاڵ دەبن، بواری گەمەكردنیان خۆشتر دەبێت، دۆخەكە وریایی گەرەكە، ئازایەتی بۆ ئەو هێزانەیە دەیانەوێ بە وریاییەوە سەیری سبەی بكەن، نەك هەر چاویان لە دەسكەوتی كاتی و حزبیی ئەمڕۆ بێت.