ناسنامە.. گەڕان بەدوای پێناسەكردن و گەیشتن بە قۆناخی بەدیهێنان

ناسنامە.. گەڕان بەدوای پێناسەكردن و گەیشتن بە قۆناخی بەدیهێنان
دوابەدوای بەدیهێنانی فیدڕاڵی و ئاساییكردنەوەی بارودۆخ، سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە گەڕان بەدوای ناسنامەی گەلەكەی لای خاوەنەكانی چارەسەر و لایەنی پێوەندیدار، بۆ ئەمەش گۆڕەپانی نێودەوڵەتی تێپەڕاند، لەمیانی گەشتێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە نیسانی 2000 و سەرپەرشتیكردنی كۆنفرانسی (گەڕان بە دوای ناسنامە) بە بۆنەی كردنەوەی ناوەندی مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی لە زانكۆی واشنتۆن بە بەشداریی بژاردەیەكی بەرچاوی ئەمریكا لە نوێنەرانی رای گشتی و نزیك لە سەرچاوەكانی بڕیار، ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی تازە لە هۆشیاربوونی كاری سیاسی و دیبلۆماسیی كوردی لە كوردستانی عێراق، هەروەها هەوڵدان بەدوای تەواوكردنی بەدیهێنانی مافی چارەنووس گەیشتۆتە ئاستێكی باڵا لە تێگەیشتنی هاوكێشەی نێودەوڵەتی، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی پەرەپێدانی ژێرخان و ئاوەدانكردنەوە لە كوردستان بە پشتبەستن بەو سامانەی لە پشكی هەرێم لەبەردەستدایە، دوای زیاتر لە سەدەیەك لە وێرانكاری وای كرد كە چاودێران گەشبین بن بە ئاییندەی فیدڕاڵیی هەرێم.
لایەنێكی دیكە كە دەرفەتەكانی سەركەوتنی ئەزموونی تازەی كوردستانی بەهێزكرد بەو ناوەی كە مۆركێكی تایبەتی ئاشتیخوازانەی هەیە لە شێوەی رێبازەكانی دیكەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كوردستانی عێراق، بەتایبەتیش ئەوەی كە سەركردەی مێژوویی نەمری كورد مەلا مستەفا بارزانی بناغەی داڕشت، بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد بەشێوەیەكی گشتی لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و سازان و پێكەوەژیان لەگەڵ دەوروبەر دامەزراوە نەك لەسەر هاوكێشەی هێزو ململانێ و سەركێشیی، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە لەكاتی سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ گەڕان بەدوای ناسنامەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە بواری خستەڕووی پوختەی روون و ئاشكرای ئەزموونی كوردستان كە خۆی دەبینێتەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و ئابووریی ئازاد و لێبووردنی ئایینی و یەكدی قبوڵكردنی نەتەوەیی و ئازادیی ئافرەت و بەلاوەنانی توندوتیژی و رووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازێكی تیرۆر لەپاڵ پابەندبوون بە مافی چارەنووسی وەك هەموو گەلانی جیهان.
ئەمڕۆ دوو دەیە بەسەر گەشتەكەی بەڕێز نێچیرڤان بۆ گەڕان بەدوای پێناسەدا تێدەپەڕێت، هەرێمی كوردستانیش رووبەڕووی قۆناخێكی مەترسیدارو هەستیار دەبێتەوە، هەنگاوەكانی یەكەمی تەواودەكات و رێزدار مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم ناونیشانی قۆناخێكی تازە لەبەردەم گەلەكەی و هەموو جیهان دادەڕێژێت ئەویش (بەدیهێنانی ناسنامە)یە لە چوارچێوەی مافی چارەنووسی بە هەموو ئەو تواناو هەوڵ و تەقەلایانەی كە پێویستن، دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە هۆشی مرۆڤی كوردستانی هاتۆتە ئاراوە، هەروەها ئەو پەرەسەندنانەی لە رووداوەكانی ناوخۆ و عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی سەریانهەڵداوە، ئەوەش لەبەرچاوگیراوە چۆن بەرەنگاری تەحەدیگەلی ناوخۆیی و دەرەكی دەبنەوە لەسەرووی هەمووشیانەوە شەڕی دژ بە داعش.
تەواوكردنی ئەركی مەرجەكانی (بەدیهێنانی ناسنامە)
لەسەر ئاستی ئەزموونەكانی گشت بزووتنەوەكانی رزگاریخوازیی گەلاندا زانراوە كە پرەنسیپی مافی چارەنووسی كە مرۆڤایەتیی لەوەتەی سەدەكانی رابردوو پێی قایل بووەو لە پرەنسیپەكانی (ویلسۆن)دا خۆی نواندووەو شۆڕشی ئۆكتۆبەری سۆشیالیستیش پشتی پێ بەستووەو بەڵگەنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك بناغەیەكی نەگۆڕ چەسپاندی، بەتایبەتیش دوای هەردوو جەنگ و رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، ئەمە بە شێوازی جیاجیا بەپێی ئیرادەی گەلانی ئازاد كاری پێكراوە وەك مەرجێكی بنەڕەتی نموونەی كۆنفیدرالی و فیدرالی و ئۆتۆنۆمی و لامەركەزی..تاد، كە زیاتر لە شێوازە نموونەییەكەدا خۆی دەخاتەڕوو ئەویش ئازادی و سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتە، لە حاڵەتی كوردیی عێراقدا بە تایبەتی، دەبینین گەلی كوردستانیش بە ویستی ئازاد و بە رێكەوتن لەگەڵ عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق لەوەتەی سێ دەیەیە سیستەمی فیدرالی هەڵبژاردووە، ئەو بژاردەیەش لە كاتی خۆیدا چارەسەرێكی باش بووە، بەڵام مەرج نییە تا هەتایە هەر بەردەوام بێت، بەڵكو قابیلی پێداچوونەوەو گۆڕانكاری و پەرەسەندنە بەپێی هاوكێشەكانی هێزە كوردستانی و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان.
دیارە چەند مەرجێكی بنەڕەتی پێویستە هەبن تاكو چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەیی كورد لە كوردستانی عێراق سەركەوتوو و یەكلاكەرەوەو دادپەروەرانە بێت و لە ئیرادەی زۆرینەی گەل هەڵقوڵابێت، یەكەم مەرجیش هێناكایەی كۆدەنگیی ناوخۆیە بە رێكەوتنی نێوان پێكهاتە نەتەوەییەكان و رەوتە سیاسییەكان، ئەمەش مەرجێكی سەركەوتووە لەوتەی یەكەم راپرسییەوە بەر لە چەند ساڵێك، بە چاوپۆشین لە هەڵوێستە حزبییەكان و ئەو كۆسپانەی كە كاتیی بوون و لە سۆنگەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی و كەسێتییەوە هاتبوونە ئاراوە، بەڵام لە ئێستادا كاریگەرییان نییە، مەرجی دوومیش سازانی نیشتمانیی عێراقییە لەگەڵ شەریكەكانی وڵات، بۆیە لەبەر چەند هۆیەك لەوانە كۆنتڕۆڵكردنی ناوەندەكانی هێزی شیعە كە جومگەكانی حوكمڕانییان لە بەغدا بە دەستە و هەوڵدەدەن دیكتاتۆرییەتی تایفی و نا سەربەخۆیی بچەسپێنن، هەروەها گوێڕایەڵییان بۆ بڕیاری ئێران دژ بە مافەكانی كورد، دەبینین ئەو مەرجە تا رادەیەك سستی دێنێتە ئاراوە، بەڵام مەرجی سێیەم كە فاكتەرێكی یاریدەدەرو كاریگەر دەبێت، ئەویش دانپێدانانی نێودەوڵەتیی و یاسایییە لەگەڵ پشتیوانیی ئابووری و ئەمنی، بەڵام نابێ ئاكارە نێگەتیڤەكانی ئەو فاكتەرە نادیدە بگرین بەهۆی تەگەرە نێودەوڵەتییەكانی ئەم سەردەمە و ناسەقامگیریی سیاسەتەكانی ئیدارەی تازەی ئەمریكی و هەڵكشانی فراوانخوازیی رووسیا كە بۆچوونێكی دوژمنكارانەی هەلپەرستانەی هەیە، هاوكات ململانێی هێزەكان و گواستنەوە بۆ قۆناخەكانی بنیاتنانی سیستەمی تازەی جیهانی كە تا ئێستا ئاكارەكانی روون نەبوونەتەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە فاكتەری دەرەكییەوە- نێودەوڵەتی، كوردی جیهان بە گشتی و كوردی عێراق بەتایبەتی ئەزموونێكی تاڵیان هەیە، دیارترینیان ئەوەیە كە یەكێتیی سۆڤێتیی جاران پشتی لە كۆماری دیموكراتیی كوردستان لە مەهاباد كرد، هەروەها خیانەتی ئیدارەی ئەمریكا بەرامبەر شۆڕشی ئەیلول و سەركردەكەی، كاتێ هێنری كێسنجەر وەزیری دەرەوە بوو، ئەمە لە راپۆرتەكەی (بایك) سەپێنراوە، بۆیە هیچ سوودێكی نابێت كە پشت بە بەڵێنی دەوڵەت و رژێمەكان ببەستین، ئەدی ئەگەر تەنیا گوێگرتن و بێدەنگیی بێت لە ئاست باسكردنی پرسی مافی چارەنووسی گەلی كوردستانی عێراق، بێدەنگییش هەموو جارێك نیشانەی رازیبوون نییە، لە كۆتاییشدا ئەم فاكتەرە بە هەموو گرنگییەكەیەوە رووبەڕووی قازانج و زیان دەبێتەوە لە جیهانی بەرژەوەندییەكاندا (گەمەی نەتەوەكان) هەروەها كاریگەریی بۆ سەر ئەم هاوكێشەیە دەوەستێتە سەر ئاستی سەركەوتنی دیبلۆماسییەتی كوردی لە نزیكبوونەوە لە دۆستەكان و قایلكردنیان بە سوودی هاوكاریكردن و قۆستنەوەی بەرژەوەندیی لەسەر ئەرزی واقیعدا. لەبەردەم ئەم دیمەنەشدا لەسەر سەركردایەتیی هەرێم و بەتایبەتیش سەرۆك مسعود بارزانی كە لەلایەن گەلەكەیەوە جێگەی رێزو پێزانینەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رێزی تایبەتیی دەگرێت، پێویستە ئەو لەمپەرو تەگەرانە لابەرێت و مەرجەكان دەستەبەربكات، دیارە ئەویش هەر بەو ئاراستەیە بەردەوامەو لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بۆ ساتەوەختێكیش درێخی ناكات، ئەو هیچ دەرگایەك نەماوە لێی نەدابێت و لە هەموو كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتیش ئامادەیی هەبووەو هەیە و بە ئەمانەتەوەش خواست و ئامانجە رەواكانی گەلەكەی خستۆتەڕوو، لێرەدا ئەوەمان بیردەكەوێتەوە ئەگەر نیوسەدە بگەڕێینەوە دواوە دەبینین چۆن بارزانیی نەمر لە هەوڵ و كۆششدا بووە بۆ بەلاوەنانی لەمپەرەكان و دواجار گەیشتن بە مۆسكۆ لەسەردەمی سەرۆك نیكیتا خرۆشۆف دوای ئەوەی ئازارو مەینەتیی هاوڕێكانی لە تاراوگە زۆر ماندووی كرد، تا كار گەیشتە ئەوەی بچێتە بەردەم دەرگاكانی كرملین تا بە دوو دەست لە دەرگا ئاسنینە داخراوەكە بدات و پڕ بەدەم هاواربكات بەڕووی پاسەوانەكان و خۆی پێیان بناسێنێت و داوای دیداری سەرۆك بكات تاكو ئەوەی دواتر ویستی بۆی هاتەدی.
كێشەی گەلان بە مافی چارەی خۆنووسین و ئازادیی هەڵبژاردنەوە وێڕای رەوایەتی و دادپەروەرێتی بەبێ بوونی مەرج و هۆكارە خودی و بابەتییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان چارەسەر ناكرێن، بۆیە پشتگوێ خستن و تێپەڕاندن باجێكی زۆر دەخاتە سەر ئەو گەلانە، من لەگەڵ ئەوانەدا نیم كە داوادەكەن چ بە نیازپاكی یان بە بەدپاكی هەنگاو بەخێرایی و رەمەكییانە بنێن، ئەوانەش هەڵەن كە پێیانوایە و پێدادەگرن لەسەر ئەوەی پێویستە لەئێستادا سەربەخۆیی رابگەیەنرێت یان بەیەكجاری واز لەو بیرۆكەیە بهێنن، چونكە ئیرادەی ئازادبوون لە جەورو ستەم و چەوسانەوە هەردەم لە ناخدا زیندووە، بانگەوازی ئازادی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوازرێتەوە تا ئەو كاتەی كە دێتەدی، هەرێمی كوردستانیش لە قۆناخێكدایە پڕە لە سوپرایس چ لە رووی ئیقلیمی یان نێودەوڵەتییەوە و ئومێدیشی بە سەركردایەتییە داناكەی و گەلە خۆڕاگرەكەی هەیە، هەروەها بە پێشمەرگە دلێرەكەی كە خاوەن بیروباوەڕی سەربازیی داكۆكیكارانەیە لەسۆنگەی چەمكەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی كوردستانی و شۆڕش دژی ستەم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها قوربانیدان لەپێناو بەختەوەریی گەل و بەرگریكردن لە بوون و مافە رەواكانی و پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئاشتیی ناوخۆو پێكەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوەو پێكهاتەكان، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەی كوردستان هەمیشە وەك پارێزەرێكی بەوەفای ئامانج و پرەنسیپەكان دەمێنێتەوە، هاوكات دەبێتە ئامرازو فاكتەرێكی كارا و راستەقینەی (بەدیهێنانی ناسنامە).

Top