میللەتێك تاریكی تێپەڕاندووە، چاوتان بکەنەوە!
February 26, 2017
وتار و بیروڕا
لەئێستاشدا جۆرێك لەتێگەیشتن لە نێوان (هەولێر- بەغدا) و تەنانەت وڵاتانی ناوچەكەو ڕۆژئاوا لەسەر ئەو كەیسە هەیە، قسەكە لەسەر ئەوەیە تاران و ئەنكەرە، دەیانەوێت گرەنتیان پێ بدرێت كە سەربەخۆیی كوردستان زیان بەوان ناگەیەنێ!؟ كەواتە دیارە بنمیچی چاوەڕوانی ئەوانیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەرز بووەتەوەو، ئەوانیش پێیان وایە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بووەتە پێدراو، بۆتە ئەمری واقیع و پرۆسەیەكی كارلەسەركراو، هەر بۆیە دەبینین دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەكەن و، هەوڵ دەدەن مامەڵە لەگەلأ ئەگەرێكی لەو شێوەیەدا بكەن. واتە وەك جاران سەرلەبەری بیرۆكەكە رەت ناكەنەوە، چونكە بەحوكمی واقیعی حاڵی كورد لەعێراقدا و، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیش، ناتوانن ڕەتی بكەنەوە.. ئەوەش دەزانن كە سەربەخۆیی پرۆسەیەكی بەردەوام و هەرێمی كوردستان كاری بۆ دەكات و لێی پاشگەزنابێتەوە و ناگەڕێتەدواوە و دەبێ هەر بە ئامانج بگات..
ساڵەهایە كورد نەیتوانیوە وەك شەریكی ڕاستەقینە لە گەڵ دەوڵەتی عێراقدا بژیت، هەرێمی كوردستان دوای 2003 بە خواستی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق تێكەڵ بۆوەو شانسێكی دیكەی مێژوویی بە دەستەڵاتدارانی بەغدا دایەوە، بەڵام ئەو شەراكەت و تەوافوقە شكستی هێناو هیچ ئومێدێكیش لە بەردەم گەلی كوردستان نەما، تا درێژە بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراق بدات، لەكاتی پەلاماردانی داعش بۆ سەر هەولێر، هەموو دنیا بە هانای كوردستانەوە هات، بەڵام حكومەتی بەغدا هەرێمی كوردستانی بەتەنیا جێهێشت..بۆیە باشتر وایە جیابوونەوەیەكی نەرم لە نێوان هەرێم و بەغدا ڕووبداو ببنە دوو دراوسێی باش.
ڕاستە بەشێكی كێشەی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا بە وڵاتانی دراوسێوە گرێدراوە، بەڵام هەرێمی كوردستان هەمیشە ڕێز لە ڕاو ڕوانگای ڕۆڵەكانی خۆی لە پارچەكانی دیكەی كوردستان گرتووەو ڕێگەی بەخۆی نەداوە نەخشەی دیاریكردنی مافەكانیان و شێوازی خەباتیان بۆ دیاری بكات،لەم نێوەدا ئەگەر ڕۆڵێكی هەبووبێ فاكتەری سەقامگیریی خێر بووە، بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەو بەشانەی كوردستانیش بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسە بكرێت، نەك بەشەڕ.