هەوڵێك لە تێگەیشتنی ستراتیژیی نەتەوەییمان

هەوڵێك لە تێگەیشتنی ستراتیژیی نەتەوەییمان
سەرەتا دەڵێین هیچ ستراتیژییەكی یەكگرتووی راگەیاندراوی كوردی لەئارادا نییە كە لەسەر ئاستی نەتەوەیی لەسەری رێككەوتبین، بەڵكو دەبێ بگوترێت كە بە بوونی (پڕۆژە ستراتیژییەكان)ی گرووپ و تاقم و حزبە سیاسییەكانەوە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا كە زۆر روون نین، سەبارەت بە كوردیش، جوگرافیای هەمەجۆری سیاسیی بەسەر مێژووی یەكگرتووی نەتەوەییماندا زاڵ بووە، لەوەتەی دابەشكردنی كوردستان بۆ دوو بەش (عوسمانی و فارسی) دواتر بەر لە سەدەیەك، بوو بە چواربەش لەوەتەی رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ، بزووتنەوەی كوردی لە قۆناخی یەك ناوەندو چەمكی چارەسەری سەرتاسەریی نەتەوەیی كوردستان لە سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕا بۆ چوار قۆناخە ناوەند و چەمكی چارەسەری نیشتمانی كە تایبەت بوو بە یەك وڵاتەوە، واتا ئەو وڵاتانەی كە كوردیان بەسەردا دابەشبووە، هاوكات كێشەكانیان كەوتۆتە ژێر كاریگەریی هاوكێشەكانی هێزە سیاسییەكانی لۆكالی كە لە هەر چوار وڵاتدا باوبووە و بەپێی رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان هاتوونەتە ئاراوە، دواترینیان رێكەوتننامەی سایكس پیكۆ و وردەكارییەكانی دواتر لە هەردوو رێكەوتننامەی سیڤەرو لۆزان و حوكمڕانیی هاوپەیمانەكان كە دژی كورد بوون لە سەعد ئابادو سەنتۆ و جەزایر، هەروەها هاوكاریی نێوان هەر چوار پایتەخت دژ بە كورد لەوەتەی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا.
ئەوەی پێشتر باسمان كرد تایبەت بە نەبوونی ستراتیژییەتێكی یەكگرتووی نەتەوەیی دووپاتی ئەو راستییە دەكاتەوە كە چەندین دیدگاو هەڵوێست و بۆچوونی سیاسیی لەنێوان ناوەندەكانی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردیدا هەن لەوەتەی سەرهەڵدانی تا دەگاتە گەڵاڵەبوونی كێشە ناكۆكی لەسەرەكان كە لە كوردستانی عێراقدا زیاتر بەدەركەوتوون وەك ناوەندێكی نەتەوەیی پێشكەوتوو، دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961، ئەم ناكۆكییانە لەنێوان دوو رێبازی جودادا بوو، یەكەمیان نەتەوەیی و دیموكراسی، ئەوی دیكەش سەركێشی ناسەقامگیر لە ئیرادە، یەكەمیان سەركردەی مەزن مەلا مستفای بارزانی گوزارشتی لێكرد، كە سیما سەرەكییەكانی ئەو رێبازە بریتی بوون لە میانگیری و لاگیریی بۆ بەرژەوەندییەكانی خەڵك، هەروەها پێكەوەژیان لەگەڵ گەلی عەرەبی و نەتەوەكانی دیكە و پابەندبوون بە پرەنسیبی مافی چارەنووسی كورد لەڕێی گفتوگۆی ئاشتییانە و تەوافوق، ئەم سیفەتە بنەڕەتییانە تائێستاش لە رێبازی هەرێمی كوردستانی عێراق رەنگی داوەتەوە، كە هەردەم مایەی سەرسامی و رێزگرتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەمە خەریكە دەبێتە تاكە مەشخەڵی رووناكی شارستانی لە ناوچەكەدا لەو سەردەمەی كە شەپۆلی تیرۆرو توندڕەوەیی و سڕینەوەی بەرامبەر و ئاژاوەو شەڕوشۆڕو رەگەزپەرستی و ئاینزایی باڵی بەسەر كۆمەڵگەدا كێشاوە، ئەم لایەنە پرشنگدارانەی كە بارزانیی نەمر نەخشەی كێشاون دەبنە رێبازێك و دەكرێ ببێتە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردی، ئەگەر مەرجەكانی پێشكەوتن و پەرەپێدان و بەردەوامبوونی شان بەشانی گۆڕانكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی تێدا فەراهەم بكرێت.
لەبەر چەند هۆیەك كە ئاماژەمان پێیانكرد كورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەشبوون، ئەمەش بۆ ستەمی فاكتەری جوگرافی و دابەشبوونەكانی سنووری نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە لەوەتەی سەدەیەك یان چەند سەدەیەك، ئەگەر دابەشكردنی یەكەم حسێب بكەین دوای چاڵدێران لە سەدەی پازدەیەم كە نەتوانرا لەو ماوەیەدا مافی چارەنووس بۆ كورد هاوشێوەی گەلانی ناوچەكە بێتەدی، وێڕای هەوڵی زۆری بەردەوام و سەرهەڵدانی فاكتەری نیشتمانی لەسەر حیسابی نەتەوەیی یان ملكەچكردن بۆ هاوكێشەی ململانێ و كارلێك لە چوارچێوەی هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتانەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەشبووە لە هەموو كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكاندا، ئەمەش كاتێ چارەنووسی بزووتنەوەی كوردی بە بزووتنەوەی دیموكراسیی نێوخۆیی و گۆڕانكاری و رزگاربوون لە ستەم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو بزووتنەوە رەگەزپەرستی و ئایینزاییەكان بەسترایەوە، چونكە گوزارشتە سیاسیەكانی حزبە كوردییەكان سەرجەمیان بەرنامەی خۆیان هەیە لە سنووری جوگرافیی وڵاتێكدا و پابەندنابن بە لایەنی نەتەوەیی مەگەر بۆ ئاماژەیەكی راگوزاری یان لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی، بۆیە پڕۆژەیەكی گشتیی نەتەوەیی كوردستانی ناخەنەڕوو، لەبەر ئەو هۆیە بابەتییانە دەبینین كە بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردی ستراتیژییەتێكی یەكگرتووی نییە و تەنیا ستراتیژییەتی پارچەپارچەكراوی هەیە كە پشت بە نەتەوەیی و نیشتمانی دەبەستێت لە چوارچێوەی دەوڵەتانی ئێستادا.
ئەزموونی هەرێمی كوردستانی عێراق بە نموونەیەكی چارەسەری نیشتمانیی عێراقی دادەنرێت بۆ كێشەی كورد، بەڵام نەك وەك چارەسەری نەتەوەیی سەرتاسەریی كوردستانی، كە بەر لە زیاتر لە سەدەیەك خرابووەڕوو، كوردی عێراقیش پابەند نەبووە بە چارەسەركردنی كێشەی كوردی لە وڵاتانی ناوچەكە، نەك لەبەر ئەوەی ئەوان حەزیان لێ نەبووە، بەڵكو كەوتنە ژێر كاریگەریی راستییە جوگرافییەكان و سنوورە دانراوەكان نەك هەستەكان، بەر لە راگەیاندنی فیدڕاڵییەت گفتوگۆ لەنێوان كوردو عەرەبی عێراق ونەتەوەكانی دیكە بەردەوام بوو لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دژی دییكتاتۆرییەت، دۆسێی كوردستانیش لە هەموو كۆنگرەو وتووێژەكانی ئۆپۆزسیۆن لە كۆنگرەی لەندەن تا دەگاتە كۆنگرەی بەیروت و دواتریش كۆنگرەی سەلاحەدین باس دەكراو دەخرایەڕوو، هەموو لایەك رازی بوون لەسەر چارەسەری فیدڕاڵی لە چوارچێوەەی پرەنسیبی دیاریكردنی چارەنووس، دیارە سەركردایەتیی كوردیی عێراق ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە لە چوارچێوەی بواری جوگرافی، هاوكات ئەرك و بەرنامەو پلانی هەیە لەنێویاندا ئیرادەی رەوا لە سەربەخۆبوونی كوردستانی عێراق، هەمان شتیش بۆ كوردی بەشەكانی دیكە و بزووتنەوەكانی دیكەی نەتەوەیی كە ئامانج و درووشمەكانیان جیاوازە، بەڵام لە چوارچێوەی دیاریكردنی چارەنووس بەو شێوانەی كە دەكرێن لەنێو سنووری وڵاتەكانیاندا، بە دەربڕینێكی دیكە هەر بەشێك ستراتیژییەتێكی خۆی هەیە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەریی هەلومەرجی نیشتمانی و بابەتی.
هەر ستراتیژییەتێك لەم بەشە یان ئەو بەشەی دیكەی نیشتمانی كورد لەم قۆناخە دانرابێت جا لە هەر لایەك یان حزبێك یان توێژێكەوە بێت هیچ سوودی نابێت لەلایەنی نەتەوەییەوە، ئەگەر ئەم سێ خاڵە رەچاونەكات، یەكەمیان: پارێزگاریكردن بە هەموو رێگەیەك لە ئەزموونی فیدڕاڵیی لە هەرێمی كوردستانی عێراق وەك دەستكەوتێكی بەنرخی نەتەوەیی لە سەردەمی نوێدا، دووەمیان: رێزگرتن لە تایبەتمەندیی كوردو كەسایەتیی سەربەخۆی لە هەموو بەشێكداو پێشكەشكردنی پشتیوانی و پاڵپشتی لەكاتی پێویستدا و بەزۆر دەستێوەرنەدان لە كاروباری یەكدی و بنیاتنانی پەیوەندیی برایانە لەسەر بنەمای هەماهەنگی و كاری هاوبەش، سێیەمیان: تێوەنەگلان لە هەڵگرتنی ئەجیندای ئیقلیمیی دژ بە گەلی كورد.
ئەگەر مەبەست لە ستراتیژییە نەتەوەییەكان هاوكاریی بێت لەپێناو دابینكردنی سەقامگیریی ناوخۆو بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەكییەكان و پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەكان، ئەوا سیاسەتی سەركردایەتییەكانی ئەو حزبە سەركێشانەی نێو بزووتنەوەی كوردی و بە تایبەتیش پەكەكە و ئەوانەی كە لە كۆدەنگی نەتەوەیی یاخی بوونە، لەبەرەی پێچەوانە دەوەستن و دژی هەموو مەرج و نەریت و نۆرمن كە ستراتیژییەتی دروستی نەتەوەیی پێویستی پێیانە، ئەزموونی كوردستانی سوریا نموونەیەكە لە رووی تێكدانی ریزی كوردو بەكارهێنانی زەبروزەنگ دژی نەیاران و وەستانیان لە ریزی رژێمی سەركوتكار و دژی شۆڕشی سوریاو لە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی سەركردایەتیی سەربازی كە حزبی دایك لە چیای قەندیل هەڵیدەسووڕێنێت.

Top