بۆ ئەوەی دەوڵەتێك نەبین لە سەر هەوادا!
February 16, 2017
وتار و بیروڕا
لەڕاستیدا ڕێگا زۆرن بۆ ئەوەی جارێكی دی حكوومەت هێندە بە سانایی نەكەوێتە قووڵایی تەنگژەی دارایی و بە سەر شۆكی خێنكێنەری قەیرانی داراییدا نەكەوێتەوە، حكوومەتی كوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگرێت كە بە توونێلی پڕقەیرانی قووڵتری داراییدا دەربازیان بووە، ئەوە یۆنان و ئیتاڵیاو شیلی بەنموونە.
پێویستەحكوومەتی هەرێم بەگوێرەی؛تێكڕای داهاتی كەیسە جیاوازەكانی نێوخۆ و سەرچاوە سروشتییەكانی، توانای ئابووری خۆی وپێگەی سیاسیی وجوگرافیی لە ناوچەكەدا، مۆدێڵێكی تایبەت بەخۆی بۆ بووژاندنەوەی ئابووری دروست بكات. گرینگە حكوومەت دەستنیشانی نەخۆشیی و هەڵەكانی ڕابردوو و ئێستای بكات و لە لایەن شارەزایانی پێشكەوتوو و خاوەن ئەزموون دەست بەجێبەجێكردنی پلانی چاكسازی ئابووریی و دارایی هاوشێوەی وڵاتان بكات و هەوڵی بەدەستهێنانی كۆمەكی تەكنیكی پێشكەوتوو بدات.
حكوومەتی كوردستان پێویستی بەوەیە:لە دەستنیشانكردنی هەڵەكانی ڕابردوودا قووڵتر و وردتر بێتەوە،بەردەوام فۆكسی لە سەر نەهێشتنی ڕۆتین و پاشاگەردانی و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و توانا مرۆییەكان بێت،ئەمەپرۆسەیەكی درێژخایەنەو نابێلەم ڕێیەدا ڕاوەستێ. كەرتی كشتووكاڵی و پیشەسازیی دووانەیەكن لەو سەرچاوە زیندووانەی داهات و پێشبڕكێ و بووژاندنەوەی ئابووریی و هۆكاری دەستكەوت و سەرمایەی بەردەوامی نێوخۆیی وڵات..
لەم ڕوانگەیەوە ناكرێت حكوومەتی هەرێم چاوی خۆیی و خەڵكەكەی تەنیا لە سەر سامانە سروشتییەكان و پشتبەستن بە نەوت بێت، ئابووری بەهێزو پلانی ستراتیژی ئەمڕۆ و سبەی ڕەگ و ڕیشەی لە سەرچاوەیەكی بەردەوامی داهات و دەستمایەی سەقامگیردایە، نەك تەنیا نەوت! ڕاستە نەوت پرسێكی ئابووری و سیاسییە گرینگە، لێ نابێ هەموو سەرمایە نێوخۆیی و دەرەكی بكرێتە قوربانی سەرمایەی نەوت، نەوت داهاتێكی ناجێگیری وڵاتەو هەمیشە لە خەتەردایە، جار هەیە بە ڕووداوێكی ئەمنیی و ناكۆكی سیاسیی، وڵاتگەلێك دووچاری خنكانێكی ساڵەهای ئابووری دهبن و هەڵاوسان و تێكچوونی باری دارایی تەواوی سیستەمی وڵاتەكان لێدهكهوێتهوه. لەڕاستیدا ئەو وڵاتەی تەنیا بە نەوت هەناسەی ژیان دەدەن، وەك ئەوە وان؛ وڵاتێك بن لە سەر هەوادا بنیاد نرابن.!
بۆیە پێویست ناكات چیتر باسی كاریگەریەكانی پشتبەستن بە نەوت لەسەر ئابووریی كوردستان بكەین. لەوەگرینگتر ئەوەیە،چاكسازییەكانی سەرۆكایەتی و حكوومەتی هەرێم درێژەیان ههبێت و بكرێنە بنەمای حكومەتێكی باش، سیستەمێكی نوێی ئیداریی و دارایی، وەرگرتنی باجی گونجاو وپاراستنی سەرچاوەكانی داهات و دەستگرتن بە مافی كارو كارخانەو بەرهەمە بەردەوامەكانی كشتوكاڵ و سەنعەتكارییە نێوخۆییەكانی دیكەی وڵات.