قۆناغه‌ نوێیه‌که‌ی بارزانی

قۆناغه‌ نوێیه‌که‌ی بارزانی
دوای زیاتر له‌ سێ ساڵ، به‌هۆی تاکڕه‌ویی مالکی له‌ ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌کانی به‌‌رامبه‌ر کوردستان و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، که‌لێنێکی گه‌وره‌ی خسته‌ نێوان په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا. ئەمریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعش به‌رده‌وام لە هه‌وڵدابوون به‌ سه‌ردانێکی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا کۆتایی بەو دابڕانه‌ زۆرە بهێنێت و به‌سته‌ڵه‌که‌که‌ بتوێنرێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دابڕانه‌دا، مالکی و هاوبیره‌کانی لە بەغدا و ئه‌کرادی مالکی، ئەو که‌لێنه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان قۆستبوویه‌وه‌ و به‌ پیلانگێڕی و کۆسپ خستنە به‌رده‌م ڕێگا چارەسەرییەکان و هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، که‌ ده‌ستکه‌وتی باش و هه‌نگاوی نوێ و ئامانجی گرینگی به‌دواهات بەردەوام بوون ‌و ته‌نانه‌ت به‌ پیلانێک هه‌وڵیاندا شکست به‌ کابینه‌که‌ی عه‌بادی بهێنن و عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببه‌ن.

له‌ کاتێکدا کورد له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌موو ڕێگاکانی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا گرتبووه‌ به‌ر و بێ ئه‌نجام بوون، بۆیه‌ هه‌رێمی کوردستان بیری له‌ قۆناغێکی نوێ له‌گه‌ڵ عێراق کرده‌وه‌، له‌ دوایین سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا که‌ ئه‌وجاره‌‌یان جیاوازتر بوو له‌ سه‌ردانه‌کانی پێشووتری و بۆ باس کردنی ڕوانگاکانی سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەموو لایەنە شیعییەکانی عێراق، زۆر ڕاشکاوانه‌ پێی گوتبوون: کە تاکه‌ ڕێگه‌ی چارەسەری کێشەکانی نێوان هه‌ردوولا لە سەربەخۆیی کوردستاندایە و ئێمە لە مەسەلەی سەربەخۆیی زۆر جدیین، و داوای پێکهێنانی‌ لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان و گفتوگۆ کردن له‌وباره‌یه‌وه‌ کردبوو، که‌ بێگومان ئه‌م قسانه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌کانی تووشی شۆک و سه‌رسامی کردبوو!

دوابه‌دوای ئه‌و سه‌ردانه‌، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ شاندێکی باڵای سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانی کوردستان سه‌ردانی بەغدای کرد، له‌ چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ و دیدارێکی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ و لایه‌نه‌ گرینگه‌کانی عێراق جگه‌ له‌ مالکی، به‌ ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ باڵاکانی کوردستان، سه‌رۆک بارزانی بەتایبەت لە سه‌ر پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەستی بە قۆناغێکی نوێ لەگەڵ عێراق کردبوو و له‌ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان بەڕاشکاوی نیازی کوردستانی بۆ ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی بەشێوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ لەگەڵ عێراق تێیگەیاندبوون و باسی لەگەڵ کردبوون.

ئەو سەردانەی سەرۆکی هه‌رێم و شانده‌که‌ی بۆ بەغدا و باسی پرسی سەربەخۆیی و ده‌ستپێکی قۆناغێکی نوێ له‌گه‌ڵ عێراق دیارە لەلایەن شیعه‌کان به‌ گرنگیه‌وه‌ وەرگیرابوو، بۆیه‌ دوور نیه‌ ئەو سەردانەی شاندی باڵای هاوپه‌یمانی شیعه‌ بۆ کوردستان جۆرێک بێت لە ترسان له‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ی بارزانی و گۆڕانکاریه‌ خێراکان و بارودۆخی ئێستای جیهانی، چونکه‌ ئێستا لە عیراق شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ و بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵدەدەن کە ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بەرژەوەندیه‌کانیان کە ئەویش بریتیە لە حکوومەت و دەوڵەتی عێراق ببپارێزن.

شاندی باڵای هاوپه‌یمانی شیعه‌ هاتبوون بڵێن که‌ ئه‌وان لە خەمی کوردستاندان و تێده‌گه‌ن که‌ کورد پشت گوێ خراوه‌ و مافی خوراوه‌، پێیان وابووه‌ مێژووی هاوبه‌ش و هاوپەیمانیەتی و هاوخەباتی شیعه‌ و کورد لەدژی ڕژێمه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراق هەمووی وادەکات کە جارێکی تر بەیەکەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن و گوێ له‌ گله‌یی و پێشنیارەکانی کورد بگرن بەگرنگی وەربگیرێ و لەچوارچێوەی عێراقدا کورد هەرچی بێەوێت گفتوگۆی لەسەر بکرێ و هەوڵی بۆ بدرێت کە بێتەدی بەمەرجێک جیابوونەوەی تێدا نەبێ، ئەوان ئامادەن هەموو شتێک قەبووڵبکەن بەڵام دەبێت ئەو دڵنیاییە وەربگرن کە کورد نایەوێت جیا ببێتەوە!

له‌ به‌رامبه‌ردا وەڵامی کورد بۆ ئەوان لەلایەن سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان زۆر بەڕاشکاوی ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ جارێکی تر ئێمە ناتوانین ئەو ئەزموونەی لەماوەی سەد ساڵی رابردوو لەگەڵ عێراق تاقی بکەینەوە، له‌ پاش ئه‌و هه‌موو غەدرانەی حکومه‌تی عێراقی که‌ له‌ ٢٠٠٣ه‌وه‌ شیعه‌ حاکمیه‌تی و لە کوردستانی کردووە و له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مالکی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ پێی دەستوری عێراقی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان نه‌کرد، بیری له‌وه‌ش کردەوە کە کوردستان تووشی ئاستەنگ بکات بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعش کە شەڕی مان و نەمان بوو بۆ کوردستان، مالکی بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر کوردستان بوودجەی هه‌رێمی بڕی و به‌ دەستوەردانی نێو ماڵی کورد ویستی كورد بەشبەش بکات بۆئەوەی حکومه‌تی کوردستان تووشی کێشە ببێت، هه‌روه‌ها بۆ لەناوبردنی کوردستان هەرچی له‌ توانایدا بوو به‌ هاوکاری ناڕاستەوخۆی داعش کردی، ته‌نانه‌ت نەیهێشت چەک و هاوکارییه‌ مادی و سه‌ربازییه‌کانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لە ڕێگەی عێراقەوە بۆماوەیەکی درێژ بگاتە کوردستان.
لەوهەموو خراپه‌کاریانه‌ی مالکی، به‌رامبه‌ر به‌ کوردستان لایه‌نی شیعه‌ به‌ سیاسی و ئایینیه‌وه‌ بێ هه‌ڵوێست بوون و ئەو غەدرەیان قەبوڵکرد که‌ له‌ کورد ده‌کرێ.

بۆیه‌ جارێکی تر کورد ناچێته‌وه‌‌ بەرده‌م تاقیکردنەوەیەکی نوێ و بەهیچ شێوەیەک کورد له‌ نیازی سەربەخۆیی پاشەکشە ناکات و هەموو ڕێکارە دۆستانە و یاساییەکان دەگرێتەبەر بەهیوای ئەوەی لایەنی شیعەی عێراقیش ئەو پرسە باش تێبگەن،ڕای گشتی کوردستانیش ئێستا ئامادەیە بۆ سەربەخۆیی و ناکرێ پشت لەو قوربانی و ڕای گشتیە بکرێ کە لەسەر بنەمای ئەو مێژووەو ئەو قوربانیدانه‌ دروست بوون، میللەتی کوردستان مافی خۆیەتی کە بیەوێ بڕیاری چارەنووسی خۆی بە یەکجارەکی بدات.

Top