بارزانی لە گەشتەكانیدا شكۆی دەوڵەتی كوردستان نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات
January 23, 2017
وتار و بیروڕا
وەكو سەرۆكی وڵاتێكی پێشكەوتوو پێشوازی لێكرا
لە سەرەتای شۆڕشی كوردەوە بە سەركردایەتی بارزانیی نەمر هەوڵ و تێكۆشان و خەباتیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بووەو بۆ بنیادنانی دەوڵەتی كوردی ئەم خەبات و تێكۆشانە بەردەوام بووە، تەنانەت هەموو شۆڕش و راپەڕینەكانی دیكەی گەلی كورد هەر لەپێناوی ئازادی و سەربەخۆیی و سەرفرازی گەلی كوردستان بووە، تا ئەم ساتەی ئێستاش كە سەردەمی شۆڕشی نوێیە بە سەركردایەتی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بە سیاسەتی ژیرانەو دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی نزیكبوونەوەمان لە سەربەخۆیی لەبڕینی ڕێگایەكی دوورو درێژەوە گەیشتووینەتە بەردەرگای سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی.
ئەوەی ئەمڕۆ كوردستان پێی گەیشتووە، بەرهەمی خەبات و خوێنی پێشمەرگە و ڕۆڵەكانی گەل و خەبات و سیاسەت و دیپلۆماسیی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە، بۆیە دەبینین ئەم هەموو وڵاتە كونسوڵگەریی خۆیان لەكوردستان و لەهەولێری پایتەخت كردووەتەوەو چاویان لەسەر پێشكەوتنەكانی ڕۆژانەی كوردستانە كە سەرەڕای سەختیی دۆخەكەو پیلانی دوژمنانی كوردو كوردستان، هەر لەگەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان تا تێكدانی نێوماڵی كوردو دژایەتیكردنی مافی چارەی خۆنووسین، بەڵام بارزانی كۆڵی نەداوە لەكاركردن بۆ بەدیهێنانی خەونە مەزنەكەی گەلی كورد، لەلایەكی دیكەوە هێزو توانا و دڵسۆزیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وایكردووە ئەم هەموو كەسایەتییە بیانییە لە كوردستاندا دەژین و كاردەكەن و ئەو هەموو نوێنەری وڵاتە زلهێزانە وەزیرەكانیان بە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری تا دەگاتە سەرۆكی وڵاتان سەردانی كوردستان دەكەن. سەرۆكی فەرەنسا یەكێكە لەو سەرۆك وڵاتانەی كە سەردانی كوردستانی كرد و یەكێك لە هەرە وتە پڕ بایەخەكانی كە لەسەر هەرێمی كوردستان باسی كرد لەپاش پاڵپشتی زۆر بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پشتگیری پێشمەرگەی سەربڵند، ئەوە بوو كە بە زمانی خۆی رایگەیاند: ئەوەندەی لە كوردستان هەستم بە دڵنیایی كرد، لە فەرەنسا نەمكردووە.
ئەم پێگەیەی ئەمڕۆی كوردستان دەتوانم بڵێم پێگەیەكی زۆر گەورەو پڕبایەخەو هیچی كەمتر نییە لە پێگەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان، چونكە كوردستان چەند ساڵێكە وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و باس دەكرێت ئەمڕۆی كوردستان بە سیاسەتی دروست و پێوەندی ڕاستەقینە لەگەڵ جیهاندا گەیشتۆتە بەردەم دەرگای سەربەخۆیی كوردستان، ڕاستە خاوەنی نەوت و گازی سرووشتییە، بەڵام ئەمانە ئامرازی سەرەكی نەبوون بۆ گەیشتن بە ئەمڕۆ، ئەگەر سیاسەتی دروست و چالاكی بارزانی نەبووایە.
بێگومان سەرۆك بارزانی توانی كوردستان بە جیهان بناسێنێ و بیسەلمێنێ كە سەربەخۆیی مافی ئەم گەل و خاكەیەو كوردستان هیچی كەمتر نییە لە وڵاتانی دیكە، زۆر وڵاتیش هەن كە دەمێكە وڵاتن و سەربەخۆن و زۆر لە خاكی كوردستان لەڕووی یەدەگی نەوەتەوە دەوڵەمەندترن، كەچی ئێستا كاول كراون و یەك وڵاتی گەوەرەی جیهان ئاوڕیان لێناداتەوە، بۆ نموونە لیبیا ئێستا بە چ بارودۆخێكدا تێدەپەڕێ؟ چونكە خاوەنی سیاسەتی دروست نییە ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی بەرەو خراپتر دەچێت و كەس ناوی ناهێنێ، بۆیە نەوت ئامرازی سەرەكی نەبووە بۆ پێگەی ئەمڕۆی كوردستان بەبێ سیاسەتی دروست و ژیرانەی بازانی و فیداكارییەكانی پێشمەرگە ئەو پێگە جیهانییەمان دەست نەدەكەوت.
بانگێشتكردنی بارزانی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندە جیهانییەكان و ڕێزگرتن و مامەڵەكردن و پێشوازێ لێكردنی وەك سەرۆكی دەوڵەتی كوردستان بووە، نەك وەك سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆكی پارتی، بۆیە ئاڵای كوردستان دانراوە لە پاڵ ئاڵای ئەو وڵاتەی كە سەردانی كردووە.
وەك پڕۆتۆكۆڵی فەرمی شان بە شانی هەموو وڵاتانی جیهان و نزیكترین كۆڕبەند كە بارزانی بەشداری تیایدا كردبوو، كۆڕبەندی ئابووری جیهانی بوو كە لە داڤۆس لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو، لەوێش هەر ئەو پێشوازییە لە سەرۆك بارزانی كرا لەلایەن ئەو وڵاتەوە كە پێشوازی لە سەرۆكی وڵاتە گەورە و پێشكەوتووەكان كرا، ئەمانە هەمووی پێوەرن بۆ گەورەیی پێگەی بارزانی و كوردستان و هێمای ئاشكران بۆ پشتگیری تەواوی كوردستان بۆ سەربەخۆیی .
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە هەندێك قەڵەمبەدەست پێنووسەكانیان بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەخەنەكارو لاپەڕە سپی و پاكەكان بە كینەو خیانەتی ناودڵی ڕەشیان پیس دەكەن و پڕی دەكەن لە تەشهیركردن و ناپاكی بەرامبەر بە چارەنووسی نەتەوەیی. لەڕاستیدا خیانەتی ئەو نووسینانە هیچی كەمتر نییە لە خیانەتكردن لە خاك و نیشتمان بە جەنگ و چەك، چونكە پێنووسە خاك و نیشتمان جوان دەكات، هەر ئەویشە لەناوی دەبات و دەیگەیەنێتە لێواری مەرگ و مەترسی، بۆیە دەبێت هەموو پێنووس بەدەستان و ڕووناكبیران هاوكارو دڵسۆزو پێشمەرگەی لاپەڕە سپییەكانی مێژوو بن بۆ خزمەتكردنی سەربەخۆیی كوردستان، بێگومان ڕۆژێكیش دێت نادڵسۆز و خۆفرشان لە كوردستانی سەربەخۆ و دەوڵەتی كوردستاندا جێگایان نابێتەوە، چونكە هیچ شتێك ئازاریان نەدات، ویژدانی نەتەوەیی ئازاریان دەدات و خوێنی شەهیدان و منداڵی شەهیدەكان دەبنە تەوقی ئاگر و ناخیان دەسووتێنێ.
ئەم فرسەت و هەلەی كە ئەمڕۆ هاتۆتە بەردەم گەلی كورد بۆ سەربەخۆیی دەبێت وەك رۆح و جەستەی خۆمان بیپارێزن و نەهێڵین لە دەستمان دەربچێت، چونكە دەبێت ئەوە بزانین زۆر لەو وڵاتانەی كە ساڵانێك دژی كورد بوون و زۆربەی زۆریان نەیاندەزانی گەلی كورد كێیە، ئێستا خۆشبەختانە پارێزەی مافی گەلی كوردن و هەوڵی سەندنەوەی مافی كوردو بەخاوەن دەوڵەت بوونی دەدەن، چونكە ئێستا ئاشكرایە لای یەك بە یەكیان كە گەلی كورد تەنیا داكۆكیكاری مافی ڕەوای خۆیەتی و چاوی لە خاكی هیچ وڵاتێكی دی نییە، ئەوەشیان بۆ دەركەوتووە كە گەلی كورد بە پێشمەرگە سەر بڵندەكانیەوە پارێزگاری لە خاكی كوردستان كردووەو شەڕی هەموو جیهانی كردو مەترسیی تیرۆری لە جیهان بەدوور خستەوە. بۆیە دەزانن سەربەخۆیی بۆ كوردستان ئاوەدانییە بۆ جیهان، نەك مەترسی وەك بیركردنەوەی جارانیان، هەروەكو چۆن لەپێشوازی و پەنێڵەكانی داڤۆس كە بارزانی بەشداری كرد، بە روونی جیهان پێشوازی تەنیا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان نەكرد، بەڵكو پێشوازی لەسەرۆكێكی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، سەرۆكێك فەرماندەو سەرۆكی هێزێكی گەورەی وەكو پێشمەرگە كە داستانی داعشی تێكشكاندو پارێزەری هەموو ئایین و ئایینزاو نەتەوەكانی ناوچەكەیە، هەر بۆیە تاكە زامنی كورد بۆ بەدیهاتنی سەربەخۆیی و دەربازبوون لەم هەموو قەیرانە، بارزانی-یە، هەروەكو چۆن پێشمەرگەو فەرماندە سەربازییەكان بەجیاوازی حزب و ناوچەو بیروباوەڕەكان دركیان بەو راستییە كردووە كە ئەو سەرفرازی و سەركەوتن و شكۆیەی كورد لەدنیای پێشكەوتوودا بەدەستهاتووە، لە رێگەی بارزانی و خوێنی شەهیدانەوە بووە، هەرواش دڵسۆزانی گەلەكەمان باش دەزانن بارزانی لەگەشتەكانیدا شكۆی دەوڵەتی كوردستان نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات.