ساڵی تازە چی بۆ گەلی كورد لەهەگبەدایە؟
January 11, 2017
وتار و بیروڕا
یەكەم: پڕۆژەی فراوانخوازیی ئێرانی لە رووكەشدا ئایینی و مەزهەبییە و لە ناوەڕۆكدا نەتەوەیی و فارسیی و مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتە لە سەرجەم ناوچەكەدا هەر لە جەلەولاوە تا دەگاتە كەنارەكانی سووریا و لوبنان و كۆتاییەكەی لە یەمەن و دەوڵەتانی كەنداو دەبێت، رژێمی ئێران رێكەوتننامە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ رۆژاوا قۆستەوە تاكو جبەخانەی هێرشكاریی سەربازیی خۆی زیاتربكات بۆ سەركوتكردنی نەتەوەكانی دیكە لەوانەش گەلی كوردستانی ئێران كە مافەكانیان پێشێل دەكات، بێگومان ئەم پڕۆژەیە دژی خواست و ئامانجەكانی كوردە لە سەرجەم ناوچەكەدا، هەروەها دەبینین چۆن تاران لە عێراق پشتگیریی ناوەندەكانی شیعە و میلیشیا مەزهەبییەكان دەكات كە لە بنەڕەتدا دژایەتیی ماف و ئامانجەكانی گەلی هەرێمی كوردستان دەكات، هانی هەندێ حزب و تاقمیش دەدات لە سلێمانی و كەركوك دژی سەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێم بە مەبەستی نانەوەی دووبەرەكی و ئاژاوە لە ریز كورددا.
رژێمی ئێران بەشێكی زۆری بەرپرسیارێتیی مەینەتیی سورییەكانی لە ئەستۆدایە بەتایبەتیش كوردی سووریا، چونكە رێنیشاندەری پەكەكە بووەو پاسداران، فەیلەقی قودس و قاسم سولەیمانی بەشداربوون لە گواستنەوەی چەكدارانی پەكەكە لە قەندیلەوە بۆ سووریا بەتایبەتیش بۆ ناوچە كوردنشینەكان كە بە زەبری چەك و بە پاڵپشتی رژێمی ئەسەد دەسەڵاتیان لەو شوێنانەدا گرتەدەست بە هێزی لقی سووریای پەیەدە كە دژی هەموو ئەوانەیە لە ناوچەكە كە سەرپێچیان دەكەن، بەمەش دانیشتوانە رەسەنەكەی لێ دەركرد، هاوكات ئێران رۆڵیشی هەبوو لە تێكدانی پرۆسەی ئاشتیی توركیا – كورد.
دووەم: پڕۆژەی فراوانخوازیی توركیا كە پشت دەبەستێت بە خەونەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە كۆنتڕۆڵكردنی چارەنووسی گەلانی ناوچەكە بە ناوی خەلافەتی سوننەو بە سەرۆكایەتیی تورك كە داننانێت بە مافی چارەنووسیی نەتەوەكان و لە پێشەوەیان گەلی كورد، ئەوانەی ئەو پڕۆژە پەیڕەودەكەن دژایەتیی تەواوی مافەكانی كورد دەكەن نەك هەر لە توركیا بەڵكو لە هەر شوێنێك كە كوردی لێ بێت.
سێیەم: سیاسەتی رووسیا لە ناوچەكە، كە بۆتە پڕۆژەیەكی تەواو بۆ دەسەڵات سەپاندن دوای ئەوەی دەستیگرتووە بەسەر جومگەكانی بارودۆخی سووریادا و بنیادنانی بنكەی وشكانی و دەریایی سەربازی، هاوكات ئەم پڕۆژەیە خۆی لەوەدا بینییەوە كە پڕۆسەی ئاگربەست رادەگەیەنێت و دواتر پاشگەزدەبێتەوە چونكە هەر خۆی واتا رووسیا هاوپەیمانیی رژێمی ئەسەدە، رووسیا رۆژانە خەڵكی سڤیلی سووریا دەكوژێت و بەرژەوەندییەكانی خۆی لەو وڵاتە قایمتردەكات و هەڵوێستی هەلپەرستانەی خۆی لە هەمبەر كێشەكانی ناوچەكە ئاشكرادەكات، بەتایبەتیش كێشەی كورد دوای رێككەوتن لە گەڵ توركیادا و رووسیاش هەرگیز لەگەڵ مافی چارەنووسی كورددا نییە .
چوارەم: ناكرێت بۆچوونەكانی ئەمریكاو ئەوروپا تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پڕۆژەیەكی روون و دیار و یەكگرتوو دابنرێت، ئەوەی كە ئێستا كۆیان دەكاتەوە تەنیا شەڕە دژی تیرۆر، نەك لەپێناو لەناوبردنی دەوڵەتی خەلافەت(داعش)لە سووریاو عێراق، بەڵكو بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو رزگاربوونە لە بەرپرسیارێتیی ئاوارەبوون و كۆچكردن، بێگومان هەڵوێستەكانی رۆژئاوا بەگشتی دژی مافەكانی كورد نییە، بەڵام راڕاو دوودڵییە سەبارەت بە شێوەو وردەكاریی مافی چارەی خۆنووسی و یەكێتیی وڵاتەكان و سنوورە نێودەوڵەتییەكان، ئەمەش پەیوەستە بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو نەوت و ئاسایشی ئیسرائیل بەشێوەیەكی تایبەتی، هەروەها هەندێ ئاماژە هەن كە رۆژئاوا، خۆی ئامادەكردووە بۆكاركردن لەسەر كێشە ناوخۆیی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان لەەسر حیسابی تێوەگلان لە كاروباری دەرەوەو سەربازیدا.
فاكتەری خودی لاوازترین ئەلقەیە لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا، لەلایەك هیچ یەكێتییەكی نەتەوەیی لە ئارادا نییە، هەتا ئەگەر لە ئاستە نزمەكەیشیدا بێت لەنێوان ناوەندو حزبەكانی بزاڤی نەتەوەیی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، بەڵكو ململانێی گەرم وسارد دەبینین، هەرچەندە دوو ئاراستەی فیكریی سیاسی هەن یەكێكیان نەتەوەیی دیموكراسیی میانڕەوە كە ناوەندی هەرێمی كوردستانی عێراق سەركردایەتیی دەكات و سەرۆك مسعود بارزانی هێمای ئەو ناوەندەیە، ئەوی دیكە سەركێشەو پەیوەستە بە هێزە ئیقلیمییەكان كە ناوەندی سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل بەرجەستەی دەكات، بەڵام ئاكارەكانی ململانێ هێشتا گەڵاڵە نەبووە لەسەر ئاستی میللی، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كەمتەرخەمیی لە ئاراستە میانڕەوەكەدایە تایبەت بە چەسپاندنی بنكەكانی فیكری و سیاسی و رێكخستنەوە، هەروەها دانانی بەرنامەیەك بۆ خەباتی دیموكراسیی هاوبەش. بەڵام لەسەر ئاستی بارودۆخی ناوخۆ لە هەر بەشێك بەجیا، دیارە رەوشەكە زۆر خراپە، چونكە حزبە كوردییەكان كە شكستخواردوو و بێدەسەڵاتن لەپێشەوەی دیمەنەكەدا، ئەو حزبانە هیچ پڕۆژەیەكی روون و یەكلاكەرەوەی نەتەوەیی ونیشتمانییان نییەو لەسەر پەرچەكردار كاردەكەن، لە مێژووی خۆیاندا هیچ چاكسازی یان گۆڕانكارییان لە فیكرو سەركردایەتییەكانیاندا نەبووە، تەنانەت ئەو حزبانە كە لەسەر ئاستی نەتەوەیی بە هەزارانن، زۆر دوورن لە نەریتە دیموكراسییەكان و هەماهەنگیی هاوبەشییان نییە و لێكدانەوەی جیاوازیشیان بۆ پرەنسیبی مافی چارەنووس هەیەو بەشێكی زۆریشیان كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی لایەنە شۆڤینییەكانی حوكمڕان لە تاران و ئەنكەرەو دیمەشق و تەنانەت بەغدا.
لە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنم بۆ زۆر پرسی پەیوەست بە ئایندەی كورد لەگەڵ براو هاوڕێكانم لە بیرمەندو سیاسەتوان و راگەیاندكارانی كورددا، گرنگ نییە ئەگەر هەندێكیان بە رەشبین باسم بكەن، چونكە فاكتەری خودی بنەمایە، من لە ئێستادا ئەم فاكتەرە بە نەرێنی دەستنیشان دەكەم، بەڵام لەهەمان كاتدا وای دەبینم كە دەكرێ لە نەرێنییەوە ببێتە ئەرێنی بە بوونی چەند مەرج و هۆكارێك، كاتێ ئیرادەو بڕیار و بەرنامە دەستەبەردەبن، بۆ نموونە هەندێ هەن ئومێدیان بە فاكتەری دەرەكی و رۆژئاوایی و ئیسرائیلی هەیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، ئەگەر ئەمە ئاواتێكی رەوا بێت مەبەست مافی چارەنووس بێت بۆ كورد، ئەوا ئامرازو میكانیزمەكە بەسوود نابن، چونكە رۆژئاوا هاوسۆزە لەگەڵ كورد لە روانگەی پێشمەرگەو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە، كە تا سەر بەردەوام نابێت، بەڵام ئیسڕائیل بەدوای شەریكیێكدا دەگەڕێت و ئەگەر ئەو خاوەنی چەكی ئەتۆم بێت و بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، ئەوا كێشەی كورد جیاوازە لەگەڵ ئەزموونی ئیسڕائیل، چونكە كورد دوژمنی عەرەب و تورك و ئێرانییەكان نین و خاكی كەسیان داگیرنەكردووە، كێشەكەیان بە ئاشتییانە چارەسەردەكرێت، بەرژەوەندیی كورد لە پێكەوەژیاندایە لەگەڵ سەدان ملیۆن عارەب و تورك و ئێرانی، نەك لەگەڵ چەند ملیۆن ئیسڕائیلی كە لەسەر سنووری كوردستان نین.
پێش نزیكەی هەفتەیەك لە تونس بە دەستپێشخەریی پەیمانگەی عەرەبی بۆ دیموكراسی دیدارێك لەنێوان رۆشنبیرانی (چوار نەتەوە) عارەب و تورك و ئێرانی و كورد رێكخرا، من یەكێك بووم لە بەشداربووان بە درێژیی گفتوگۆ لەسەر لێبووردەیی و داننان بە بوون و ماف و دیموكراسی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو مافی چارەی خۆنووسینی گەلان كرا، ئێمە ئەزموونی هەرێمی كوردستانمان بە هەموو شانازییەكەوە خستەڕوو دەربارەی هەڵوێست لەهەمبەر نەتەوەو ئایینەكانی كوردستان كە بەیەكەوە دەژین، تا ئەو رادەیەی كە هەرێم تاكە شوێن و مێرگە بۆ ئازادیییەكانی تاك و كۆمەڵ نەتەوەو بیروباوەڕە جیاجیاكان لای كوردو كریستیان و توركمان و عارەب و ئەرمەن، بۆیە دەڵێین پێگەی ئێستای هەرێم و رێزی گەورەی سەرۆك مسعود بارزانی دەرفەتێكی مێژوویی پێكدەهێنن بۆ رێكخستنەوەی هەردوو ماڵی كوردو كوردستان و بەدیهێنانی خواست و ئامانجە رەواكانی كورد بە ویستی خۆیان.