دیسانێ مەلا کرێکار خەونێکی بینیوە(سایکۆلۆژیای تیرۆر)
January 10, 2017
وتار و بیروڕا

مەلاکرێکار ناوێک، کە ئاشکرایە ناوێکە، کە لە پرۆسەی جەنگی سایکۆلۆژی شوشتنی مێشکی ئەو گروپ وتاخمە، بۆی ھەلبژێردراوە، و دیاریشە وشە و ناوی ( کرێکار )، ناو و چەمکێکی سەر بە فەلسەفە و بیروباوەرە مارکسیتی _ لینینیتی یە و لەگەڵ وشەی یەکەمی ناوی ناوبراو تێک ناکاتن و بە ھیچ شێوەیەک ناگۆنجێ، بەڵام ئیتر بۆی ھەلبژێردراوە و جێگیر بوو. ئەو "نامەلایە" ناوەناوە لەو سەری دونیاوە خەونێک بە کوردستانەوە دەبینێ و دواتر بڵاوی دەکاتن. ئەوەش جۆرێکە لە قەیرانی سایکۆلۆژی و دووانیزمی کەساتی (ئیزداوجیەتی شەخێیەت) کە خوالێخۆشبوو ( عەلی وەردی ) فەیلەسۆفی بەناو و بانگ و زۆرێک لە پسپۆرانی دەروونناسی ناوچە و جیھان باسی لێوەدەکەن.
خۆ ئەگەر وا نەبۆایە باشە "نەمەلاکرێکار" چیت داوە لە کوردستان . خۆ تۆ لە ڕقی کوردستان ھەڵاتووی و ڕۆیشتووی بۆ ئەورۆپا. تۆ لە جیاتی ئەوەی کە ئۆقرەیی بگری و نانێک بخۆی و سەد نان بدەی بە خێری سیستەمی نادیمۆکراتیزمی ئەوێ، کە لە بڕی ئەو مووچەیەی بۆت بڕاوە سوپاس و شۆکری خۆا بکە، دێی و شەو خەیاڵپاڵاوی دەکەی و بە ڕۆژ تووشی ھەزەیان و ھەلوەسەی نووسین دەبی و بڕیار لە سەر کوردستان و ژیان و حال و مالێ خەڵک و سەرکردە و پێشھات و ڕووداوەکانی. کوردستانیان لە خۆت و تڕوبچمەکەی تۆ بێزار و بێتاقەتن. تو خۆا لێمان گەڕێ با وەک خۆمان بین و بژین. تۆش وەک مامۆستاکانت فەتوا لەسەر سەریان زیاد مەکە و مەدە. ووتەکانت چەند ئاماژە و نیشانەی دووانیزم و قەیرانی سایکۆلۆژی کەسایەتیەکەتن ئەوەندەش جێگای مخابنی و بەزەیین. تۆ لە لایەک گاڵتە بە ھەست و نەست و ئاییندە و چارەنووس و باوەر و کەلتوور و بەھا جوانەکان کۆمەڵگای کوردستان دەکەی و لە لایەکی تریشەوە پەنجە لە "کۆنەکەی زەرگەتە" دەخەی و ھەمیشە ئاگری خستنە دووبەرەکی و تۆی ئاژاوە و گێرەشێوێنێ لە کوردستان دەچینی و لە ھەمان کاتدا ئێمەی کوردستان بە گەمژە و ساویلکە و منداڵ و نامۆسڵمان دەزانی. بەڵام لە ڕاستی دا ھەر خۆتی ئەو کەسانە.
کاتێک ڕستەکانی تۆم لە کەنالێ ڕوودا خوێندم و دواتر لە ھەندێ سایتی وەک (facebook) دا دووبارە دیتم، پڕ بە دڵەوە بەزەییم بە ئەقلیەت و مێنیتاڵیتەی تۆم داھات. ویستم پەرتووکێکەی گەورە و زەبەلاح بە قەبارەی(٥٠٠تا٦٠٠) لاپەڕە لە وەڵامت بنوسم بەڵام دواتر پاشگەز بووم، چونکە لە لایەک زۆر سەرقاڵم و کاتم نیە و لە لایەکی تریشەوە..... . بۆیە تەنھا بۆ ئەوەی کە وەڵامێکی ئەو ڕستە بریقەدارانەم دابێ زۆر بە کۆرتی ھەندێ شتم نووسیوە. ئێستام کاتژمێر ( ٣ ) ی نیوە شەوە و من لە کوردستانی پیرۆز وخاکی ئاریاییە زەردەشتیەکانەوە ئەو دێڕانەت بۆ دەنووسم و ھیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان کەڵکی لێۆەربگیرێتن.
لە ڕستەیەک دا ئاماژەت بەوە داوە کە " ئەگەر دەولەتی کوردی لە کوورانی ھەولێریش ڕابگەیێنرێت ئامادەیت کە پشتیگری لێوە بکەی". زۆر سەیرە کە لەو ھەموو شوێنە جوان و دڵڕفێنانەی پیرۆز لە کوردستانە خۆشەویستەکەمان تۆ "کوورانەکانی ھەولێرت" ھەلبژاردووە. دیارە لە یادت نەچووە لە سەرەتای پەیدابوونی تاخمە ترۆریستیەکەی خۆت کە ناوتان لێنابوو ئەنسارۆلنەئیسلام لەو شوێنە پیرۆز دەستە شکاوەکانتان بە خوێنی شەھیدێکی بەھشتی کوردستان سوور کرد کە ( فرەنسۆ ھەریری ) بوو . ئەگەر ناوبراو وەک زۆر کەسی وەک ئێمە شتی خراپیشی ھەبووبێ ئاساییە‘ چونکە مرۆڤەکانە باشن و لەھەمان کاتیش خراپیشن، و چونکە فریشتە نین تا تەنھا چاکە و باشی بکەن. ئەو ( فرەنسۆ)یەی، بە دەستە چەپەڵەکنتان شەھیدکرا، لەو کۆڕە مەسیحیە دڵسۆزانە بوو کە پاش ئەزموونێکی دوور و درێژی خەبات و تێکۆشان بۆ کوردستانیان، بوونی بۆ ئەو دەوڵەتەی، کە یەکێکی وەک تۆ ئەمرۆ باسی لێوە دەکەی، گەورەترین و بەھێزترین پشت دەبوو، بەڵام تۆ ویستت لە ناوی بەری تا دەوڵەتی کوردستان سەرنەگرێ چونکە بەرپرسەکانت، ( نەوەکانی ئەبوو جەھل و ئەبوو لەھەب ) وایان دەویست. بێگۆمان لە وشە و چەمکی ( بەرپرس ) و بەرپرسەکانت باش تێدەگەی و باش دەیانناسی و تۆ دەزانی کێن. فرەنسۆ ھەریری لە بەیانیەکی ڕۆژەکانی مێژووی کوردستان لە ھەمان ئەو کوورانە شەھیدکرا کە تۆ ئەمڕوکە، بە درۆ و دەڵەسە ، سوێندی پێ دەخوی و بە بەژن و بالێ ھەڵدەدەی و باسی لێوەدەکەی. نازانم چ ڕوویەکتان ھەیە کە باس لە کوورانەکانی عەینکاوە و ھەولێری پایتەخت دەکەی، کە گەورەترین خیانەتی مێژوویتان تیایدا ئەنجامداوە. من ئەو بەیانیە تەنھا دوو سەد مەتر لە شوێنی تاوانەکەتان دوور بووم، و ئەوە ڕووداوە تاڵە نزیکەی پانزدە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە،بەڵام برینەکەی واھایە وەک بڵێی دوێنی بێ.
و وەک لە لایەکی تر وشەی ( دەولەتی کوردی ) بەکار دەھێنی، و دیارە مەبەستت ئەوەیە کە زیاتر تەرکیز لەسەر مۆسلمانبوونی کورد بکەی. دیارە ئەوەش بەشێکە لە دۆگماتیزمی ھزری و دەمارگیری بیروباوەرەکانت کە ھەمیشە لە گۆشە نیگایەکی تەسک تەماشەی ئەم جیھانە و کوردستان دەکەی. بەڵێ ئەو ڕوانگەیەی کەسانی وەک تۆ و ھاوبیروباوەرکانت گەورەترین و کۆشندەترین گۆرزەکانی لە کۆمەڵگای کوردستانی و مرۆڤایەتی و شارستانیەک داوە و ئێوە ھەمیشە دەتانەوێ خۆتان لە مێژووی ڕەسەنی کوردستان بدۆزنەوە. ناتانەوێ کە بڕوا بکەن کوردەکان مۆسلمانی شیعە و سۆننەکانی تیایدایە و مەسیحی و جوولەکە و کاکەیی و زەردەشتی و ئێزیدی و ........ ھتد، پێکھاتەکانی تری کۆمەڵگای کوردەوارین، و جگە لە کوردە ھەمە لایەن و چەند ئایینییەکانی کوردستان، شوێنی حەوانەوەی چەندەھا نەتەوەیتری وەک ئاشوور و کلدانی و تورکمان و ئەرمەنی و سریانی و ... ھتد، بووە و ئەوان پاش ڕووخانی دەوڵەتە زلھێزەکانی ئاشووری و بابل و سوومەری و ... ھتد، لە ژێر سیبەری چەتری شاھینشاھەکانی ئاریایی و بەتایبەت باب و باپیرانمان، واتە میدییەکان، لەو پەڕی ( کەرامەت ) و بەختەوەری و بە بێ جیاوازی دەژین و ئەگەر جارێکیش بدەست ئێمە مانانەوە زۆردارییان لێکرا بێ ھەر کەسانی وەک توی دۆگماتی و دەمارگیر نەچاری کردویین، ئەگەینا ئێمە ڕۆڵەکانی زەردەشتی میدیایی پێغەمبەری شەھیدین، کە مامۆستاکانت نایانەوێ بە پیامبەری بناسێنن چونکی لە نەژادی سامی نیە، و ئەو پێغەمبەرە شەھیدی ڕزگارکەری کوردستان و ئاریاییستان بووە و ھەروەھا مامۆستای کاوەی ئاسنگەر و ھزاران قارەمانیترە، و ئێمەی فێرکردووە ھەموو شتێک لە کۆنی دەرزیەوە تەماشە نەکەین و لەم جیھان دا ھەموو شتێک بە پێوەری ئایینیی تەسک و دەمارگیرانە لێک نەدەینەوە و ھەڵنەسەنگێنین، چونکە پێوەری خۆدای یەکتا زۆر ناسکتر و دادپەروەرانەترە کە تەنھا ئایین پێوەری باش و خراپبوونی مرۆڤێک بێ. لە لایەکی تریشەوە ئێمە نامانەوێ دەولەتێکی کوردی دابمەزرێنین تا یەکێکی وەک تۆ، کە بوون و نەبوونی بۆ کوردستانیان وەک یەکە، دانی پێبنین یان پشتگیری بکەی، چونکە بە نەبوونی تویش ئەوەتا ھزاران خەلک و لایەن و وڵات و جیھان ڕۆژانە سەرسۆڕماون بە ھێز و بازووی کوردستانیان و پێشمەرگە قارەمان و فەرماندەکانی و بەتیبەت جەنابی سەرۆک بارزانی و ھێزە پۆڵاینەکەی کوردستان و دپیلۆماسیەتی ژیرانەی سەرکردە دڵسۆزەکانی. ئێمە نیازمان وایە وەک سەردەمی زردەشتی شەھید، ئارییەکان و ھەموو نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە لە ژێر ئالاێ دەولەتێک پێکەوە وەک برا بژین کە ناوی کوردستانە. نەک وەک تۆی دەمارگیر بیری لێدەکەیەوە و دەتەوێ ناکۆکی بنێیەوە، کوردستان نەک تەنھا دەوڵەتی کوردەکان بێ. جەنابی سەرۆک بارزانی ڕستەیەکی جوانی بۆ وەڵامی کەسانی وەک تو داوە، کە لە جێگەی خۆیەتی بە زێڕ و زیو بنووسرێ و لە سووچی ھەر کۆڵان و گەرەکێکی جیھان و کوردستان ھەڵبۆاسرێ: ئێمە لە مرۆڤایەتیدا برای یەکترین.
جا تۆ خۆت بە چی دەزانی ھەتا بتەوێ پشتگیری لەو دەوڵەتە بکەی کە تۆ لە بنەڕەتدا ھیچ بڕۆایەکت پێی نیە، تەنانەت ئەگەر شتێکت بە دەستبۆایە، بێگومان و سەدا مەلێون، ھەولێ تێکدان و ڕووخاندنی دەتدا، ھەروەک ئەوەشت کرد و لەمەو دواش درێغی ناکەی. تو خۆا فەرتەنە و پشێوی و ئاژاوەگێری و دەستوەردان مەکە، ڕحمەت بەو پشتگرییەت.
لە شوێنێکی تر دیتم دەڵێی " ئەگەر خاوەنی ھێزی جیھادی بای ئەو کارەت بەرامبەر بە ئێزدییەکان نەدەکرد". ئەوە نیشان دەدات کە ھەم بە دواداچوونی تاوانەکانی داعشە بار و دۆستە دێرینەکانت دەکەی و ھەمیش دەزانی کە ئەوان چییان کردووە و دەکەن. لە وانەیە جێگەی سەرسوڕمان نەبێ کە دەزانی، چونکە تۆش لە ھەمان ئەو قوتابخانە پەروەردە و گووشکراوی کە مۆسعەب زەرقاوی، سەدامی گۆڕبەگۆڕ، بن لادن، زەواھیری، و ئەبووبەکر بەخدادی و .... ھتد، و ئەوانەی پێش ئەوانیش کردوویانە، لێی دەرچوونە، جا بۆیە سەیر نیە کە دەزانی دەبێ ئەوان چییان بە سەری خەڵکی کوردی ئێزدی ھێنابێ. پەروەردەی کەسانی وەک تو لە وڵاتی ئەفغانیە ھەژار و ڕەش و ڕووتەکان و بەناوی ئیسلامی پیرۆزی محەمەدی (س)، کە تو ھیچ پەیوەندییەکت پێوە نیە، و بە ھاوکاری شیشانیە چەقۆکێشەکانی کە خەڵکی لە وڵاتانیتر بەدەستیانەوە دەناڵێنن، گەورەترین کارەساتەکانە و ئێستاش خەڵکی ئەفغانستان و وەزیرستان شەوان خەونەکانی لە ترسی بڕیار و ڕەفتاری مامۆستایەکانی تالیبانەکەت نەخۆشترین خەون و ساتەکان و ئەمە جگە لە ھزاران تاوانتان لەو وڵاتە ئاریاییە، کە سەردەمانێک سەنتەری شارستانیەتی ئارییاییەکان بوو و ئێستا کاوڵ و وێرانە!! ئەو ڕەفتارەتان ھی ئەمرۆکە و دوێنێ نیە، ئەوە چەندەھا ساڵە تو و داعشیان ئەو کارە دەکەن. نموونە زۆرن. ئەگەر ھەمووی بگێڕم دەبێ سەدان لاپەڕەی تر بنوسم و سەری خوێنەران بە ھۆیەوە کەچەڵ دەبێ، بەڵام من تەنھا ئاماژە بە یەک سەرچاوە دەکەم کە داعشیانی وەک تو و برایە شەریفەکانی تو لە نزیکەی دوو سەد سالێ ڕابردوو ھەمان ڕەفتاریان لەگەڵ ئێزدیەکان کردووە و خۆشبەختانە سەرچاوەکەش عەربییە و تو مەلایی ( یان مەلانیت نازانم و زۆریشم پێ گرنگ نیە ) و بەڵام بێگۆمان عەرەبی دەزانی. بڕوانە پەرتووکی مەھزەلەی عەقلی بەشەری لاپەڕە ( ٤٢ ) لە نووسینی فەیلەسوفی گەورەی عەرەب، خۆالێخۆشبوو عەلی وەردی، کە لە سالێ (١٩٩٤ ) و بۆ جاری چەندەم چاپکراوە. ئەو لاپەڕەیە و سەدان نموونەی تر لە پەرتوکەکانی ( وەردی ) و خەڵکانی تر کەسایەتی و بیروباوەرکانت دەسەلمێنن و نیشاندەدەن کە پێشکەوتنی شارستانیەت و دیمۆکراسی و مرۆڤایەتی بستێک کاریگەری بەسەر مێنتالیتەی ئێوە و ڕەفتار و کردارەکانتان ناکاتن و قسەکانتان ھەمووی دروشمی بریقەدار و فرێودەرن. دیارە بەرژەوەندییەکی تیایدایە کە ڕاگەیاندنەکاندا بەو جۆرە دەدوێ و ئەوەش جێگەی گۆمانە. دەبێ لایەنەکانی پەیوەندار لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر وریاتر بن لەوەی کە بە قسەی لە جۆرە ھەڵبخەڵەتێن. باب و باپیرانمان دەڵێن ( تۆبەی گۆرگ مەرگە )، و ئێوەش گورگن و ناتوانن تۆبە بکەن. چۆن بەزەییت بە ئێزدییەکان دێت،لە کاتێک دا کە مامۆستایەکانت تۆی فێری ئەوە کردووە کە ئەوان کافرن و کۆشتن و سەربڕین و تاڵانکردن و ڕفاندن و فڕۆشتنی ژن و کچەکانیان وەک کەنیز ( جاریە ) و .......ھتد، ( حەلال ) و دروست و ( جایز ) و ئاساییە. دەبێ ھی وەک تۆ بەر لە ھەموو شتێک و ھەر جیھادێک، خۆیان فێر بکەن و ڕابھێنن بەر لە جیھادی ئێزدی و کافر و ئەورۆپییەکان ( جیھادی نەفس )ی خۆیان بکەن، ئینجا فێر ببن کە ئایا واتا و ڕامانی چەمکی کافر چیە و کێ کافرە و ئایا لە جیھان دا کافرێک ماوە جگە لە کەسانی وەک ئێوە.
لە شوێنێک دیتم باست لەوە کردووە کە "گرووپ و تاخمەکەی کۆمەڵ باڵی سەر بە ئێرانە و تۆ لە ھەموو کەس باشتر سەرکردەکەی ئەو گرووپە دەناسی". خۆ ئەوە ڕاستترینی قسەکانتە. ئەوانیش تو باشتر لە خۆت دەناسن. ڕاستە، وەک تو و زۆر کەسی تر دەڵێی کە ئەوان سەربە مەلا و ئاخووند و مەلایەکانی شێعەی ئێران و جمھوری نەئیسلامین،بەڵام بۆچی باسی خۆت ناکەی کەسەر بەکام لایەن وتاخم و دەولەت و وڵاتی؟ خۆ باشە مرۆڤ لە ڕکابەر و نەیار و دۆست و دوژمنانی خۆی چاک بناسێ و ئەوە یەکێکە لە ستراتێژی و تەکتیک و فۆرموولە گرنگەکانی ململانێی سیاسی و ژیان بەگشتی و کەسایەتی بە تایبەتی و بناغەی جەنگە سایکۆلۆژییەکانی جیھان و وڵاتان لەسەر ئەم فۆرموولە دامەزراوە. ھەمووتان سەرتان لە خۆ شێواندووە و لە جیاتی ئەوەی بە دوای سەرکردەیەکی وەک جەنابی مەسعود بارزانی بکەون و ھەولێ گەیاندنی کەشتیە شکاوەکەی کوردستان بدەن بۆ کەنارە ئارامەکانی دەوڵەتبون و سەربخۆیی و ڕزگاربوون لە چەواسەنەوەیبوون و کۆلۆنیالیزم و داگیرکەرانی تورک و ئەرەب و پارسە مەلاکانی نەئاریایی و ھاوردەی عەرەبی، بە پێچەوانە بۆ خزمەتگەیاندنی بەو نەتەوانە و بێی ئەوەی ھیچ سوود و قازانجێک بگەیننە کوردستانیان لەمپەر دەخەنە بەردەم کاروانی سەرکردایەتی کوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکانی، کە ئەمڕۆ لە جەنگێکی خۆێناوی لەگەڵ گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی و کوردستاندان. ھەموو لاتان جگە لە ئاژاوەگێڕی و سەرلێشێواندن و نانەوەی دووبەرکی و دووفاقی و جەنگ و کۆشتار و فیتنە زیاتر چیتان بۆ کوردستان کردووە. بەڵێ ئێوە یەکتری باش دەناسن، و ئێمەیش باش دەتناسین. تو ھەڵخەڵەتێنراوی و لە لایەن ئێران و سعۆدیەوە بە گەمژە لەقەڵەم دەدرێی و ئەوان بەرژەوەندی تایبەت و گرفت و کێشە و ناکۆکی دیرۆکی و مێژینە و نەژادی و کەلتوریان ھەیە و ئێوەش بە بێی ئەوەی ئاگاتان لە خۆ ھەبێ بەدوای ئەوان کەوتوون و بەدوای کڵاوی بابردوودا دەگەڕێن. خۆتان نازانن چیتان دەوێ و نازانن ئەوانیش چیتان لە یەکتر دەوێ. ئێوە تەنھا خۆتان بەدەستی خۆتان لە خۆتان شێواندووە. لە بیرتان نەچێ عەرەبە شۆڤینیەکانی قوتابی ئەبووجەھل و ئەبوو لەھەب بۆ ماوەی ھزاران ساڵی ڕابردوو ڕق و کینەیەکی تووندیان لە ئاریاییەکان ھەڵگرتووە کە ئەو کاتی ئارییەکانی ( کیانی و پیشدادی و میدی و ئەخمینی و ئەشکانی و ساسانی ) زلھێز و ئیمپراتۆریەتی ھەرە گەورەی جیھانی ئەو کاتبوون، و خۆدی عەرەبەکان بە پای پەتی و زگی برسی باجیان پێدەدان، و ھەمیشە ڕقی لێدەبوونەوە، و ئەمرۆکەش ئێران نوێنەراتی ئەو ئیمپراتۆریەتە دەکاتن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نیە چونکە ئێرانی سیاسیی ئەمرۆ ھەر ھەمان مەلا و سەیدەکانی ھاوردەی عەرەبن کە تەنھا زمانی فارسی بە باش دەزانن ئەگەینا لە ڕووی مێنتالیتە و بیرکردنەوە و بەھا و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھیچ جیاوازیان لەگەڵ عەرەبەکان سعۆدی و شوێنەکانیتر نیە.
لە شوێنێکی تر خوێندمەوە کە "ئەگەر دەستھەڵاتتان بکەوێتە دەست زلڵە و شەقێک لە علمانیەت دەدەی". بەڕاستی نەمەک حەرامیی ئەوھا وەسفی ناوێ. لێتان ناگیرێ تۆش قوتابی کەسانی وەک محەمەد عەبدەی قوتابیی ئەبوو جەھلی، و زۆر کەسی تریش لە ئێوە ئەندێشە و بیروباوەر و کەسایەتیتان وەھایە . ئێوە بە پشتگرێدان بە ھەر سەرچاوەیەکی ئایینی تا ئەو کاتەی کە بۆتان بڵوێ بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆتان دۆستایەتی وڵاتانی بیانی و کافر و دوژمنان و ئەورۆپا و ئەمریکی و جوولەکە و ھەر کەسَکی تر کە پێتان دوژمنە بە ئاسایی و ڕەوا و شەرعی دەزانن و ھەر کاتێک کە بەرژەوەندییەکانتان تەواوبوو ئەوان بە کافر و دوژمن و علمانی و مارکیسیتی _ لینیتی و کۆمۆنیست لە قەڵەم دەدەن و دژایەتیان دەکەن. بە ڕاستی دیپلۆماسیەتێکی زیرەکانەیە. بۆ خۆتان و بە کەیفی خۆتان و بە گەزی خۆتان دەپێون و دەبڕن و دەدورن و لەبەر دەکەن. ئەگەر خەڵکانیتر وەھا ڕەفتار بکەن و کاری ھاوشێوە بکەن و بیانەوێ سڵاوێک لە کافر و مەجووسیەک بکەن، ئێوە بە کافر و (مۆشرک) و مەجوسی و بێ دین و ئیمانی دەژمێرن و فەتوای کۆشتنی دەدەن. من زیاتر وەڵامت نادەم، و بۆ ئەوەی باسەکەمان زیاتر درێژە نەخایەنێ دیسان سەرنجت ڕادەکێشم بچی و لاپەڕەی ( ٢٥٦ )ھەمان پەرتووکی سەرەوە و لاپەرەی ( ١٤٠ ) لە پەرتووکی ( من و حی پمانین ) لە ھەمان نووسەر و فەیلەسۆف کە لە ساڵی ( ٢٠٠٧ ) چاپکراوە بخوێنی، تاوەکو جگە لە زانینی قۆناخەکانی گەشەی ھزر و بیر و ئەندێشەی مرۆڤ بزانی کە ئەمرۆ مرۆڤایەتی لەو قۆناغەیە کە تۆ دژایەتی دەکەی و بە چەمکێکی وەک سکۆلاریزم ( علمانیەت ) وەسفی دەکەی، و ھەروەھا تاوەکو بزانی کە بیروباوەرەکانی تۆ لە کام خانەی ھزری چەرخی بیست و یەکەمدان. ئێوە بە پێی پێوەرەکانی زانستی دەروونناسیی سەردەم دەچنە خانەی نەخۆشە دەروونیەکانی کە بەدەست نەخۆشی کۆشندەی " پارانۆیا" وە دەناڵێنن و کەس نیە فریادڕەستان بێ چۆنکە نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشیە سایکۆلۆژیکە خۆیان بە سروشت وەھان کە دان بە نەخۆشیی خۆیان نانێن و ھەر ئەوەشە کە چارەسەریی ئێوە و ئەو نەخۆشیانە زۆر ئەستەم و ( مەحاڵە). خۆا بە دادتان بگاتن و ئێوە و ئێمە لە شەڕی خۆتان نەجاتمان بداتن.
لە یدات نەچێ کە ئاستی گەشەی ھزری و مێشکی مرۆڤی چەرخی ئێستا لە قۆناخێکدایە، کە تەنانەت منداڵانی سەدەی ئێستاش وەک جاران نەماوە، و ئەوەی جاران خەڵکی گۆی بیستی دەبوون و زۆر بە ئاسانی بڕۆای پێدەکردن ئێستا وای لێھاتووە تەنھا کەسانی ساویلکە بڕوای پێدەکەن. مرۆڤی سەردەم زۆر وریاترە لەوەی کە وەک جاران بە ئاسانی لە لایەن کەسانێکەوە و بە ھەر ناو و نیشانێک بێ، ھەڵبخەڵەتێنرێن. ئەمرۆکە زانست بالێ بە سەر بیروباوەرکانی مرۆڤایەتی دا کێشاوە و بڕیار لە سەر ژیانی دەداتن، نەک بیروباوەرە چەوت و شێوێنراوەکانی تو و مامۆستایەکانت، کە ھیچ پەیوەندی بە ئایینەکانەوە نیە، چونکە ئایین تێکڕا و بە ھەموویانەوە فۆرمووڵی پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن و یەکسانی و ھاوخەمی و برایەتی و دادپەروەری و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستین، و تو لە ھەموو ئەوانە بێبەشیت.
لە شوێنێک دیتم کە بە جۆرئەتەوە ئامادەیت دەربڕیوە کە "بۆ دادگاییکردن لە بارەی تاوانەکانی وەک خێڵی حەمە ئامادەیت"!! دیارە ئەگەر دەرفەتی گۆنجاو بڕخسێ، قۆربانیانی ھەورامان و خێڵی حەمە لە ھەموو کەسێک باشتر دەزانن کە تاوانباران کێن و ھەر خۆشیان ئەو تاوانبارانە بە سزای کردەوە قێزەوەنەکانیان دەگەینن، ھەر چەند کە سروشت لەم بارەیەوە درێغی نەکردووە و زۆرێک لەو تاوانبارانە بەسزای خۆیان گەیشتن، بەڵام ئەوانیتریش دەبێ چاوەڕوانی سزای تووندتر بن و ئەویش لە کاتی خۆی. ئەوەی زیاتر مەبەستمانە لە کۆتایی ئەم گۆتارە بگۆترێتن ئەوەیە کە نابێ حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ئێستا و دەولەتی ئاییندەی کوردستان بەھیچ ڕەنگیک و پاساوێک و بڕۆبیانۆیەک و نابژیوانی ھیچ لایەن و وڵاتێک کەسانی وەک ( مەلا گرێکار ) بە کەسێک ئاسایی لە قەڵەم بداتن و لە ئاییندە دا و پاش دیپۆرتکردنی یان گەڕانەوەی لە کوردستان وەربگرێ. ئەو جۆرە مرۆڤانە ئیتر لە قۆناغێکدان کە گۆڕینی بیروباوەر و کردارەکانیان بۆ دۆخێکی ئاسایی و سروشتی شتێک و کارێکی ئەستەم، بۆیە ئەوان ھەرگیز ناتوانن مرۆڤێکی ئاسایی بن و وەک کەسێکی سروشتی بۆ کوردستان دڵسۆز بن. شارەزایانی سایکۆلۆژیای گیانەوەری دەزانن کە زۆرێک لە تاقیکردنەوەکانی کە لەسەر گیانەوەرانی وەک مشک و پیشلە و کۆتر و شامپانزێ و دۆلفین و ... ھتد، لە تقیگەکانی دەروونناسیدا، سەلماندوویەتی کە ئەو گیانەوەرانە زۆرێک لەو ڕەفتارانەی کە ھاوپێ لەگەڵ ئازاردان و سزادان بێ دووبارە ناکەنەوە و نەچار دەبن لە یادی بکەن، بەڵام گۆایە کەسانی وەک ناوبراو ھەرگیز ناتوانن ھاوشێوە ئەو گیانەوەرانەش بن و وانە لە سزادانەکان وەربگرن و بە خۆیان دا بچن و بە ھاتنەوەیان دیسان ھەما ڕێژکەی جاران و بەڵکۆش خراپتر، دەگرنە بەر. قسەکانی سەرەوە نیشان دەدەن کە خەونێک دیتراوە و پیلانێک لە ئارادایە و پێویستی بە ھەندێ تەکتیکی کاتیی وەک دابەزینە بە پلەی ملکەچبوون ( تەنازۆل ) و دیپلۆماستێکی ژیرانە ھەیە، کە ناوبراو خەریکیەتی، و ئیتر ئەو کارە و ڕەفتارانە لە ژێر گۆشاری سیاسی لایەن یان وڵاتێکیتر یان ھەر شتێکی ھاوشێوە بێ، و ئەو کەسانە بە قسەی بریقەدار دەیانەوێ جارێکیتر بگەڕینەوە کوردستانی خۆشەویست و زوو یان دەرنگ دەست بە چاڵاکی و خرابکارییەکانیان بکەن. ئەوان ئێستاشی لەگەڵدابێ کەسانێکیان بۆ ئەو ڕۆژانە پەروەردە کردووە و پێگەیاندوون و ئێمە ڕۆژانە گۆێبیستی ناوەکانیان دەبین و ھەندێکیان، بە داخەوە لە پلە و پایەی زۆر بەرزدان. ئەوان ناتوانن دەستبەرداری ئاژاوەگێڕی و شێواندی دۆخەکە و بیروباوەرەکانیان بن و تۆبە بکەن چونکە ( تۆبەی گۆرگ مەرگە ).
سەرچاوەکان: ١ - کەناڵی ڕووداو ( ٢٠١٦ ). مانشێتی ھەواڵەکانی دەمژمێر ( ٤ ) ی ئێوارە، ڕۆژی (٢٦/٩/٢٠١٦). ٢- الوردی ، علی ( ١٩٩٤ ). مھزلە العقل البشری . ٣ - الوردی ، علی ( ٢٠٠٧ ). من و حی الپمانین .
*پسپۆرێ ئەکادیمی لە زانستەکانی سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
تێبینی: وەک دیارە ئەم بابەتە لە کۆتایی مانگی نۆ نووسراوە، و من بەھۆی ( حەساسییەی ) چاو و دەستەکانم بە کۆمپیوتەر نەچارم بابەتەکان بدەم بە ھەڤاڵان و کەسانیتر بۆم تایپی بکەن، و ئەوانیش جاری وا ھەیە کەمتەر خەمیی تیادا دەکەن، و درەنگ دەیدەنەوە من، بۆیە لەگەڵ ئەوەی کە داوای لێبۆردن لە خۆێنەران دەکەم، لە ھەمان کاتدا داوا لە بەرپرسان و لایەنەکانی پەیوەندار دەکەم ئەو جۆرە بابەتانە بە جددی وەربگرن و نەخاسمە ل ماوەی دوایی دا " بەرەیەکی ئیسلامی " لە چەند پارتی سیاسی-ئیسلامی کوردستان دامەزراوە و دوور نیە بابەتی وەھاش لە میانەی پرۆژەکانیاندا ھەبێ، و ئەگەر ھەندێ کەسیان بە نیەتێکی خێر و لە دڵسۆزی خۆیانەوە ئەو کارەیان کردبێ و ئەگ???