به‌ڵێ ساڵی ٢٠١٦ ساڵی سه‌رکه‌وتن و ده‌ستکه‌وت بوو

به‌ڵێ ساڵی ٢٠١٦ ساڵی سه‌رکه‌وتن و ده‌ستکه‌وت بوو
په‌ڕله‌مانتار و نوسه‌ره‌ سیاسیه‌کانی گۆڕان که‌ ته‌نها فێر بوون‌ ڕق و کۆنه‌قین و داخ لەدڵیەکانی خۆیان و مێژووی حزبەکەیان هه‌ڵبڕێژن بۆ ئەوەی کە چۆن له‌ پێگه‌ی سه‌رۆک بارزانی بده‌ن و ڕێزی ئەو متمانە نێودەوڵەتیە نه‌گرن کە بۆ سەرۆکی کوردستان هەیە کە لەڕاستیدا متمانەیە بۆ میللەتی کورد، بێ ئاگایانه‌ له‌ ڕێگه‌ی میدیاکانیانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ناوه‌ڕۆک و ئه‌جێندای سه‌ردانی سه‌رۆک و به‌رپرسه‌ باڵاکانی وڵاتان بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌ که‌م بایه‌خ پیشان بده‌ن و ته‌نانه‌ت هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا بۆ کوردستان به‌ ڕیکلامی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ناوی ده‌هێنێن! له‌ به‌رامبه‌ریشدا ستایشی سیاسه‌تی مالکی ده‌که‌ن و پێیان وایه‌ ئه‌و دژایه‌تیه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو به‌رامبه‌ر کوردستان کردوویه‌تی و ئه‌و قسانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی که‌ له‌ تارانه‌وه‌ له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ و کوردستان کردی و داوای کشانه‌وه‌ی له‌و سنورانه‌ کرد که‌ خاکی کوردستانن و‌ به‌ گیانبازی و خوێن ڕزگار کراون، گوایه‌ لێره‌ گه‌وره‌ ده‌کرێن و به‌ ئامانج وه‌ڵامی توندی مالکی ده‌درێته‌وه‌!

له‌ کاتێکدا هاتنی سه‌رۆک و به‌رپرسانی باڵای وڵاتان له‌ ماوه‌ی ساڵی ٢٠١٦ و له‌ نێویشیاندا دوباره‌ هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆک ئۆڵاند بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ستپێکی ساڵی نوێدا له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازیه‌وه‌ گرنگی و کاریگه‌ری و بایه‌خێکی ئێجگار زۆری نێوده‌وڵه‌تیان هه‌بووه‌ و پێگه‌ی کوردستان و نازناوی پێشمه‌رگه‌ی به‌ جیهانی کردووه‌، له‌ کاتێکدا فه‌ڕه‌نسا وه‌ک وڵاتێکی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که‌ مافی ڤیتۆی هه‌یه‌، پشتیوانی کورد ده‌بێت له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوو و وه‌دیهێنانی ئامانجه‌که‌ی که‌ سه‌ربه‌خۆییه‌.
ده‌کرێ بڵێین: گریمان سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا کاندیدی خولی داهاتووی هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵاته‌که‌ی بێت، که‌ کاندیدیش نیه‌، ئه‌ی سه‌رۆک وه‌زیران و به‌رپرسه‌ باڵاکانی تری وڵاتانی دیکه که‌ له‌ ساڵی ڕابردوو به‌رده‌وام سه‌ردانی کوردستانیان کردووه‌، ئایا ئه‌وانیش بۆ ڕیکلامی هه‌ڵبژاردن هاتوون؟!

په‌ڕله‌مانتار و نوسه‌ره‌کانی گۆڕان، گیانفیدایی و سه‌رکه‌وتنه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌ سه‌ر داعش و ده‌ستکه‌وته‌کانی کوردستان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خاک و شکستی داعش و ئه‌و هه‌موو پشتیوانیه‌ نێوده‌وڵه‌تی و جیهانیه‌ی که‌ له‌ ساڵی ڕابردوو به‌ده‌ست هاتوون و ده‌کرێ هه‌موو کوردێک شانازییان پێوه‌ بکات، نادیده‌ ده‌گرن و له‌بری هه‌موو ئه‌وانه‌ باسی بێ مووچه‌یی ده‌که‌ن! بێگومان که‌ باسی ده‌ستکه‌وت و سه‌رکه‌وتن ده‌کرێت، ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ که‌ له‌ کۆی ئه‌و هه‌موو ده‌ستکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌ی وه‌دیهاتوون بزوتنه‌وه‌که‌ی ئه‌وان چی به‌رده‌که‌وێت؟ بۆیه‌ ناهه‌قیان نیه‌ که‌ پێیان هه‌زم ناکرێ و ناچارن تانه‌ی لێبده‌ن!
ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ گۆڕان به‌شداری کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بوون، که‌چی له‌م دووساڵه‌دا خۆشیان له‌ کێشه‌ سیاسی و داراییه‌کانیش بێ به‌ری ده‌که‌ن و جگه‌ له‌وه‌ی بێ هه‌ڵوێستن، خه‌ڵکیش له‌ دژی حکومه‌ت هانده‌ده‌ن، هه‌روه‌کو چۆن ڕێکخه‌ره‌که‌یان له‌م کاته‌ هه‌ستیاره‌دا و له‌ ساڵێکی پڕله‌ سه‌ختی و ناخۆشی و شه‌ڕی دژی داعش و... که‌ ڕووبه‌ڕووی کوردستان بوویه‌وه‌، به‌بیانووی نه‌خۆشی کوردستانی به‌جێهێشتووه‌ و له‌ به‌ڕیتانیا به‌ بێ هه‌ڵوێستی ماوه‌ته‌وه‌ و نیازیشی نیه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌!

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رزه‌ سیاسیه‌کانی گۆڕان و نوسه‌ره‌کانیان بیانه‌وێت ساڵی ٢٠١٦ به‌ ساڵی شکست و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ بزانن و گرنگی سه‌ردانی سه‌رۆک ئۆڵاند بۆ کوردستان به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆی بزانن، که‌واته‌ هه‌قه‌ لێیان بپرسین، ئه‌رێ له‌و ساڵه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی ئێوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و بوون به‌ هاوپه‌یمانی مالکی و دژایه‌تی کوردستان و بارزانیتان کرد، چی دیکه‌تان بۆ کوردستان کردوو؟‌ ئه‌ی هاتنی مالکی و فه‌تلاوی بۆ سلێمانی که‌ جگه‌ له‌ دژایه‌تی ئامانج و ئایدیای کورد هیچ شتێکی تریان نه‌بووه‌ و نیه‌ و پێشوازی لێکردنیان له‌لایه‌ن ڕێکخه‌ره‌که‌ی گۆڕان و هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانی باڵای یه‌کێتی بۆچی بووه‌؟


سه‌نگه‌ر مسته‌فا
Top