كۆربین و كورتبین!

كۆربین و كورتبین!
گرینگترین ڕووداو و دەستكەوتی سیاسیی بۆ كورد، لە دەسپێكی ساڵی 2017دا سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بوو بۆ هەولێر. بۆیە ساڵی نوێی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان بە خۆشی و ئومێدەوە دەستی پێكرد.
زیارەتی فڕانسوا ئۆلاند لە وەختێكدا بوو كە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە سەركەوتنێكێ بێوێنەیان لە شەڕی شكاندنی داعشدا تۆمار كرد، ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە كە پشتگیریی سیاسیی و سەربازی نێو دەوڵەتی و بە تایبەت ئەورووپا لە ئاستێكی بەرز و ڕوو لە هەڵكشاندایە بۆ هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە وەختێكدا كە ئەورووپا و هەمیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكاری گەورەی سیاسیی و ئابووری و ڕیزبەندی نوێی هاوپەیمانێتی هێزە گەورەو كاریگەرەكانی جیهانی و ناوچەییدایە..
هاتنی سەرۆكی كاریگەرترین و بەهێزترین وڵاتی ئەورووپا نیشانەی بەردەوامبوونی پشتگیریی سیاسی و سەربازیی و نوێكردنەوەی ڕۆحیەتی هاوپەیمانێتی ئەورووپایە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا. ئەمەش سەلماندنی ئەو ڕاستییەو دوپاتکردنەوەی پەیامی ئەورووپایەكانە کە لە سەرەتای شەڕی داعشدا گوتیان: پێشمەرگە لە باتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەكات.
لێرەدا مخابن هەندێ نەفەسی ناحەزو لە كاروان بەجێماو، ئەوانەی دەمێكە جاڕی شكست و دۆڕانی خۆیان داوە، بە لاقرتێوە لەم ڕووداوە گرینگە سیاسییەیان ڕوانی، دیارە ئەوانە دەرس و تەدبیر لە ئەزموونی ڕابردوویان وەرناگرن، بۆیە چاویان لە ئاست ئەم دیمەنە سەرنجڕاكێشە سیاسی و پێشكەوتنە دیبلۆماسیانەی سەرۆك بارزانی كوێر كردوە.
لە نیو ئەو گەلەكۆمەكییە كوێرانەیەدا، كەسانێكیش هەن، كە نۆكەری بێ خەرج و باجی دوژمنانی كوردن و ئەوەی دوژمنەكانی كورد ئێستا ناوێرن راشكاوانە بیڵێن، ئەم قەڵەمە دژەنیشتمانانە راشكاوانە بەبێ هیچ خەرج و باجێك بۆیان دەنووسن و دەهۆڵیان بۆ لێ دەدەن، هەڵبەت ئەوەش یەكەم جاریان نییە و پەرێزیان پڕە لەو نیشتمانفرۆشی و كارە قێزەونانە.
ئەوان ویستیان لە هەیبەتی خاڵە بەهێزو مەهامی سەردانە پایە بڵندەكە كەمكەنەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە هێشتا لە سەر تەوەری حقدوكینەدا دەژین و تۆزقاڵێك لە زەلكاوی عەقڵ تەنگی وخۆ بەبچووكزانی نەترازاون! بەم دیمەنە گەشەی پایتەختی وڵات، ئەوان دەریانخست كە ڕقیان لە خۆیانە بەر لەوەی ڕقیان لە كەسانی دیكە بێ، هەر خۆشی و دیمەنێكی گەش ئەگەر لە سەر دەستی خۆیان و بشكیان تیادا نەبێ ڕەش دەبینن.
سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی فەڕەنسا لە ئاستی بەرزی چیای زەرتكەوە چاو لە ڕووداو و دەستكەوتە شكۆدارو پڕ بەهاكانی پێشمەرگەو پێشكەوتنەكانی كوردستان دەكەن . . عەقڵ بچووكەكانی میدیای (ئەهلی) و هاشوهوشكارانی سیاسیی سەر بە هەندێ حزبی فاشیل و پەراوێزخراو شكستخواردوی نێوخۆشمان تەنیا بە قەد بڵندی كەپوویان تەماشای شتەكان دەكەن!
سەرەنجام گەلی كوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی ڕۆژ بەڕۆژ سەركەوتن و دەسكەوتی زیاتر لە گەڵ خۆیدا دێنێت و هەنگاوی مەزن بەرەو سەربەخۆیی كوردستان دەنێت.
باشترین مەسجیش بۆ ئەو كەسە مێشك ڕەق وكورتبیننانەی كە هیچ ئیجابیەتێك لەم وڵاتەدا نابینن ئەوەیە: بە خۆیان دابچنەوەو قەدرو قیمەتی پێشمەرگەو نیشتمانەكەی خۆیان بزانن و چیتر سیاسەت بە شەرتی مێشک ڕقی و ڕەشبینی و كۆربینینەوە نەکەن!
Top