هەولێر دەكەنە حەلەب!

هەولێر دەكەنە حەلەب!
ئەرێ ئەو گێچەڵفروشتنەی پەكەكە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناوی چیەو خزمەت بەكێ دەكات؟! ئەو سیاسەت و جمومجۆلە سەربازییەی پەكەكە لە شنگال پیادەی دەكات بۆ چ ئامانجێكە و خزمەت بەكی دەكات ؟! با لەوەش گەڕێین، ئایە سیاسەتی پەكەكە لە كوێی كوردستاندا سەركەوتوو پڕ دەستكەوتی نەتەوەیی بووە، تا هەرێمی كوردستانیش تامەزرۆی مۆدیلی (سیستەمی پەكەكە) بێت ؟!
ئێستا حكوومەتی هەرێم و ئەمریكا داوا لە پەكەكە دەكەن لە شنگال بكشێنەوە، چونكە ئەو هێزە خەریكە لەگەڵ دوژمنان و نەیارانی هەرێمی كوردستان بە تەواوی ئاوێتەی یەكدی دەبن و ناوچەكە دەكەنە مەیدانی پیلانگێڕی و تەڵەزگەیەكی مەترسیدار بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان دەستبەرداری ئیرادەی سەربەخۆیی و زیندووڕاگرتنی رۆحی نەتەوەییانەی كوردانی ئێزیدی بێت.
هەڵبەت پەكەكە زۆر باش دەزانێ كە هەرێمی كوردستان مەیدانی تێكۆشانی ئەو نییە و ئەگەر بشیكاتە مەیدانی تێكۆشانی خۆی، هیچ دەستكەوتێكی بۆ ئەو بەشەی كوردستان نابی كە پەكەكە پێیوایە خەباتی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی كە بۆچی دەیەوێ ئەو وزەیەی كە دەبوایە بۆ خەباتی پارچەیەكی دیكەی كوردستان بەكاری بێنێ لە باشووردا بەفیڕۆی بدات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر شتمان بۆ دەردەخا، كە رەنگە سادەترین وەڵامی ئەوە بێ، كە رۆیشتن و نەرۆیشتنیان لە شنگال بە دەستی خۆیان و بە ئەمری خۆیان نییە بەڵكو ئاغاكانیان بۆیان دیاری دەكەن دەبێ لە كوێ بن و لە كوێ نەبن.
لەوەتەی پەكەكە هاتۆتە شنگال، كردەوەی فیتنەو پیلانگێڕیان چڕتربووە، لە وەڵامی ئەو لایەنانەی داوای كشانەوەیان لێدەكەن، بە لوتبەرزی و دەستەواژەی نابەجێ پەلاماری پارتی دەدەن و دەڵێن، (هەولێر دەكەینە حەلەب) وەك ئەوەی حەلەبی یەكەمیان تەواو كردبێ و نۆبەی بەحەلەبكردنی هەولێر بێت!!
ئاخر پەكەكە لە چ شەڕێك سەركەوتو بووە كە لە پێناوی ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستاندا كردبێتیان؟ لە كامە شەڕی جەندرمەو پاسداران سەركەوتوو بووە، ڕەنگە سەركەوتووبن لە دەستكێشانی دوژمنان و، شارەزاترین خەبیری سیاسیی و دیبلۆماتی كوردیش بن لە مامەڵەكردن و سەفقەی سیاسیی لە گەڵ داگیركەرانی كوردستاندا، بەڵێ لە بە كوشتدان و بەزیندانیكردنی گەنجان و كاولكردنی شارەكانی باكووری كوردستان سەركەوتووترین بوون. لە پارێزەری یەكپارچەی توركیاو ئومەتی توركی و سوریی و مانەوەی بەشارئەسەدو گوێلەمستبوونی ئێران و كرێگرتەیی بۆ بەغدا لە پێشەنگ پێشەنگتربوون، لە دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستاندا سەرمەشق بوون و رووی ئەو دوژمنانەشیان سپی كردەوتەوە كە نەیانوێراوە راستەوخۆ دژایەتیی ئەو سەربەخۆییە بكەن. بە دڵنیاییەوە لە داهێنانی كەمپینی دژە شۆڕش و خەباتی حزبە كوردییەكاندا پێشڕەوبوونە، لە پیلانگێڕیی ئیقلیمیی، تیرۆركردنی كەسایەتییە سیاسییە جیابوەكانیاندا دەست ڕەشترین بووە، لە ڕەشكردن و ناوزڕاندن، چەواشەكاریی و شێواندن لە پێشبڕكێییەكی سەرسوڕهێنەردان!
پەكەكە لە هەر قۆناغێكی مێژووییاندا ژان و ئازارێكی بێ سنووریان خستۆتە دڵ دەروونی خەڵكی كوردستان و كۆسپ و تەگەرەیەكی زۆریشیان لە ڕێی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان داناوە، ئەم حزبە بە دروشمی حەماسیی و چەمك و دەستەواژەی فەلسەفیی نامۆوە هەست و سۆزوی هەڵچووی هەزاران گەنجی كوردیان پڕكردو لە سەر بنەمای زهنیەت و فەلسەفەی پووچگەرایی و بێ ئامانج فریوی دان، بە شیعاری (باكوور باشوور ڕۆژهەڵات، یەك وڵات و یەك خەبات) پەلكێشی قەندیلی كردن و، ئێستاش لە پێناوی باكوور باشوور ڕۆژهەڵات یەك وڵاتە بۆ تێكدان، بە كوشتیان دەدا!.
Top