ساڵانێکی دوورو درێژە کە نەتەوەکانی کوردستان بەدەست داگیرکەران و داگیرکارییەوە دەناڵنێنێ. لە کەیەوە، کەس بیری نایێ؟ ھەر کەسێک پرسیاری لێوە دەکەی دەڵێ باب و باپیرانیشمان ھەر وایان دەووت .زۆڕ مامۆستای ئایینی و سەرکردەی کوردستان، و لە سالانی چەرخی بیستەم و لە نێوان بیرەوەرییەکانی شۆرەشگێڕانی کوردستان، بە ھەموو نەتەوە و مەزھەب و چین و توێژ و لایەنەکان قسە و باس و خاس لە گۆڕێ دا بووە و ھەیە. بەڵام پرسیار ئەوەیە: کێ لێی بەرپرسیارە یان بووە؟ لەوانەیە سەدان فاکتەر و ھۆکاری خۆدی و ئوبجێکتیڤ، و بابەتیانە و سۆبجێکتیڤ بکەونە نێو بازنەی ھەموو ئەو فاکتەرانە. لە ڕۆانگەی فرۆیدی دەروونناسەوە، ئەگەر مرۆڤ، سادەترین ڕێگەی ھەلبژارتنی لەبەردەست بێ، وەک ھوکاری ئەم ڕووداوانە، زۆربەی جار، دەخاتە ئەستوی فاکتەرە دەرەکیەکان و بابەتیانەی ئوبجێکتێڤ. ھەلبەت ئەویش ئەوھای پیێ خۆشە چونکە ئاسانە مرۆڤ گووناە یان ئۆبالی زۆرشت بخاتە ئەستۆی کەس یان لایەن یان فاکتەری تر و خۆی لە ئازار و ئەشکەنجەی ھەستە ئازاردەرەکانی پەیوەندار بەم بۆنەیە و لە ھەمووی قوڵتر ھەستێ گۆناھباری دوور بخاتن. بەڵام ئەگەر مروڤ ساتە چرکەیەک گۆیێ لە مامۆستایێ دێرینی مرۆڤایەتی فەیلەسوف و زانا و پێغەمبەری کۆنی شارستانیەتی ئاریایی، واتە زەردەشتی سپیتمانی میدیایی شەھید، ووردبیێتەوە زۆر بە ڕوونی ئەوەی بۆ ئاشکرا دەبێ کە ئەو جۆرە بیرکردنەوە، تا ڕادەیەکی بەرچاو زۆردارییە لە یاساکانی ئافراندنی جیھان. کاتێک زەردەشت لە ساڵانی نێزیکەی (٢٦٠٠) سال پێش زایین و پێش ئیستا بانگەشەی بۆ جوانترین بەھاکانی مرۆڤایەتی دەکرد و بە پەرتووکێکی وەک ئاڤێستا مرۆڤایەتیی ھەژاند و زۆر دیرۆکناس و فەیلەسوف و زانایی سەرسۆڕماو کرد بە بیرۆکە بە ھێزەکەی خۆی لە بارەی ئافراندن و یاساکانی جیھانی ئێمە، ئەو کاتە بوو ئێمەمانان زۆر بە باشی ڕوون دەبێتەوە کە ڕاستیەکان و یاساکانی سروشت نابێ ئاوەژوو بکرێت، چونکە ئەم کارە جگە لە زیان ھیچی تری لێ ناکەوێ. زانایانی وەک گزانتووس،دیڤژێنس،پلینووس،و فەیلەسۆفی وەک ڤۆلتێر، فیساغۆرەس،ھێراقلیت، ھێگل و نیچە و زۆر کەسی تر شەیدایی بیروباوەری زەردەشت بوون. تەنانەت دەگۆترێ کە ئەفلاتون فەلسەفەکەی خۆی لەو پیامبەرە وەرگرتووە. و کەسانی وەک ڤیدنگ ڕێن و مۆریس مێترلینگ لەو بڕوایەدان کە ئاینیەکانی مەسیحیەت و جوولەکە زۆر شتی ئەو ئایینە، واتە ئایینی زەردەشتی تیایدایە. بۆ زانین ئایینی زەردەشتی زۆر کۆنە. زەردەشت لە میانەی وتە بە نرخەکانیدا دەفەرموێ: " جیھانەکەی ئێمە جیھانی گۆڕانکاری و بەرەو تەواوەتیببوون ھەنگاو دەنێ و مرۆڤ خۆی ئافرینەی چارەنووسی خۆیەتی"، و ئەویش لە ڕێگەی لەبەر چاوگرتنی سێ بنەمای سەرەکیی " ئەندێشە و ھزری چاک،ئاخاوتنی چاک،کردار و کاری چاک"، و ئەوە وەک بەشێک لە جیھانبینی یەکێک لە سەرکردە دێرینەکانی مرۆڤایەتی-ئاریایی-کوردستانیەکانە، کە خۆی لە خۆی دا پەیامێکی پیرۆز و حاشا ھەڵنەگرە و ئەویش داننانە بە بوونی کەم و کۆڕی لە خۆماندا وەک یەکێک لە ئەگەرە سەرەکییەکانی بەردەوامی بندەستبوونمان لە ژێر چەتری ڕەش و دێوەزمە و تارمایی تۆقێنەری داگیرکەران. ئەوەتا ھەمان بیرۆکەی زەردەشت بە باڵادەستی و کاریگەری و ڕۆڵی ھێز و شیان و تواناکایی خۆدی مرۆڤ لە زەردەشت و تەنانەت لە دەرووندروستی و ژیان و چارەنووسیشدا، لە چەرخی بیستەمدا لە نووسین و بەرھەمەکانی ڕێبازێکی ھەرە گەورەی فەیلەسوفی وەک ئێکزێستێنشیالیزم(existentialism) و مرۆڤگەرایی(humanism)، و کەسانی وەک ماسلۆ و فرانکل و ڕۆجێرز و .......ھتد، تەنانەت ئەو دیرۆکەش و لە چەرخێ بیست و یەکەم دا قوتابیەکی قوتابخانەی میدییا ئاریاییەکان، جەنابی سەروک بارزانیش، بەھەمان دیدی گەشبینانەی ئەو پیامبەر و فەیلەسۆف و زانایانە تەماشەی جیھان و مرۆڤایەتی دەکاتن، و لەو بڕِوایە دایە کە چارەنووسی ئێمە و ڕزگاربوونمان لە ژێر کووت و بەندی داگیرکەران ھەر بەدەستی خۆمانە نەک کەس و لایەنێکیتر، و ساڵانێکی زۆرە و لەو سۆنگەیەوە ھەموو ھەوڵی خستوتە گەڕ بۆ ھەمان مەبەست، بەڵام دیارە ھێشتانێ ھەن کەسانێک لەو کوردستانەش، کە ئەو بڕوایە لەگەڵ مێشک و دەروون، بەڵکۆش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان ناگۆنجێ، بۆیە جگە لە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و خستنی لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی ڕزگاریمان لە ڕوژە ڕەش و تاریکەکانی داگیرکاری، ھیچ چاکەیەکان لە دەست نایێ. ئەوان خۆیان بە مرۆڤی سەردەم و ئیستاکەیی دەناسرێنن، لە کاتێکدا کە ناتوانن وەک کەسێک بیر بکەنەوە کە نێزیکەی چھار ھزار سال بەر لە ئێستا دانی بە توانایی و ھێزی مرۆڤ ناوە لە دیارکردنی مافی چارەی خۆ نووسین. جا دەبێ ئیتر ئێمەی کوردستانی گلەیی لە کێ و چی بکەین؟؟
*بسپۆری پێداگۆگی و سایکۆلۆژیایێ/ فاکۆڵتییا پەروەردێ/ زانـــینگـــەھا زاخۆ