سۆشیال میدیاو سووكایەتی بە بەهاو پیرۆزییەكانی نەتەوە!

سۆشیال میدیاو سووكایەتی  بە بەهاو پیرۆزییەكانی نەتەوە!
سۆشیال میدیا بەرهەمێكی تەكنەلۆژیاو پێشكەوتنەكانی سەردەمە كە جیهانێكی خێراو گۆڕاوی وای خوڵقاندووە جیهانی زۆر بچووك كردۆتەوە. ئەوەتا ئەم تەكنەلۆژیایە كە زیاتر بەكارهێنەرانی لەگەنجانە بەشێوەیەكی زۆر خێراو زۆرجار رەها گەیشتە هەرێمی كوردستان و بمانەوێت، یا نەمانەوێت خۆی خزاندە ناو هزری مرۆڤەكانەوە. سۆشیال میدیا تا رادەیەك جیهانی بچووك كردۆتەوە كە بۆ بەیەك گەیشتن و یەكتر ناسین و ئاڵوگۆڕی هەست و فكر و دەربڕینی ناخی كەسەكان و لەهەمان كاتدا ریكلامێكە لەسەر ئاستی كەسەكانە بۆ خۆیان و ریكلامە بۆ پارت و لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئاستی فراوان و گشتی، چونكە تۆڕێكی كۆمەڵایەتییەو هەر كۆمەڵگەیەكیش پارت و لایەنی سیاسی تایبەتی لەخۆگرتووە.
لەجیهاندا سۆشیال میدیا لەبەكارهێنانیدا سنووردارە لە پۆستكردن و بڵاوكردنەوەی بابەتەكانەوە ئەو وڵاتەی كە رێگە بەو كۆمپانیای نێت ۆرك ئەدات، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی بكات لەگرێبەستەكەدا كە لەنێوان حكومەت و كۆمپانیاكەدا واژوو دەكرێ، حكومەت هەندێك خاڵ بەسەر كومپانیاكەدا ئەسەپێنێ بە سەرپەرشتی و ئاگاداری وەزارەتی ناوخوی ئەو وڵاتە كە دەبێت پابەندبێت پێوەی، ئەوانەش هەر بابەتێك بڵاوبێتەوە و ببێتە هۆكارێك بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت ئەو كۆمپانیایە پابەندبێت بە سڕینەوەی و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی، خاڵێكی دیكە بابەتی سووكایەتیكردن و ناوزڕاندنی كەسایەتی و سیمبول و ئایین و نەتەوەكانە، هەروەها بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاو كە دەبێتە هۆكارێك بۆ لەكەداركردنی كەسایەتییەكان، ئەمانە مەرجی بەكارهێنانی سۆشیال میدیایە لە وڵاتانی ئەوروپای دیموكرات و وڵاتانی دیكتاتۆریش، چونكە ئاسایشی نەتەوەیی خاڵێكی گرنكە لای هەموو وڵاتێك و ناوزڕاندنی كەسایەتیەكانیش بە هەمان شێوە و لەهەر كاتێكدا رووداوێكی نەخوازراو لەو وڵاتەدا رووبدات، ئەو كۆمپانیایە هێڵی ئینتەرنێت دەبێت رابگرێ، یان سنوورداری بكات. بۆ نموونە سۆشیال میدیا بەگشتی رادەگری بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكارێك بۆ بڵاوبوونەوەی بابەت و رووداوەكان، ئەوەتا هەر لە رۆژی هەینی كاتێك داعشەكان فیدیۆی دوو سەربازە توركەكەیان بڵاوكردەوە كە بە زیندوویی داعشەكان دەیانسووتێنن، راستەوخۆ لەو وڵاتەدا فەیسبووك و سۆشیال میدیا بۆ ماوەیەكی زۆر راگیرا. ئەم حاڵەتە لە وڵاتی ئێمە پێچەوانەوە بووەتەوە، كە جێگەی داخە هیچ سنوورێك بۆ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا نییە بۆ دانانی خاڵی وەستان و رێگریكردن لەدەست خستنەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و لە لەكەداركردنی پیرۆزیی ئایین و سەركردەو نەتەوەكەمان و شەهیدانمان، وەكو ئەوەی كە لە رابردوو ئەمانبینی لەئۆپۆزسێون لەپەلاماردانی پیرۆزییەكانی نەتەوەی كوردو لەكەمكردنەوەی دەستكەوتەكانی كوردستان، ئەمڕۆش لەكەداركردنی سیمبولی نەتەوەكەمان كە كەسوكاری پیرۆزی شەهیدانی كوردستانەو بێشەرمانە بڵاوكردنەوەی ڤیدێوی گاڵتەكردن بە بەها پیرۆزەكانی كورد و كوردستان!
بەداخەوە سۆشیال میدیا لەكوردستان لای هەندێك لەكەسان كە خاوەنی هیچ هەستێكی نەتەوەیی نین، بۆتە شوێنێك بۆ گاڵتەجاڕی و لەكەداركردنی كەسایەتییەكان و دەسەڵات و حكومەت، لەگەڵ رێزمدا وەك دەرگای توالێتی شوێنە گشتییەكانی لێهاتووە كە جاران لەسەر ئەو دەرگایانە هەرچی وشەی ناشیرین و نەشیاو بوو، دەنووسرا، ئێستا گوێزراوەتەوە بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە هیچ سنوورێك و رێگرییەكی لێنەكراوە. تائێستا بە پێی بڕگەی یاسایی و گرێبەستی حكومەت و ئەو كۆمپانیانەی كە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش دەكەن، سنوورێك بۆ ئەم بابەتە ترسناكە دانەنراوە، چونكە یاریكردن بە ئاسایشی نەتەوەیی و پیرۆزییەكانی نەتەوەكەمان هێڵی سوورە، وەك ئەوەی لای هەموو وڵاتانی دیكەی دنیا هێڵی سوورە، دەبێت حكومەت بەئاگاداری وەزارەتی ناوخۆ كۆمپانیای خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ئەو مەرجانەیان بەسەردا بسەپێنێ كە خزمەتگوزارییەكانیان مەرجدار بێت.
ئێمەی گەلی كورد خاوەنی كۆمەڵێك پیرۆزی و قوربانین و خاوەنی كۆمەڵێك كەلتووری رەسەن و جوانین كە ناكرێت بە هۆی تەكنەلۆژیا و ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانەوە كە بە سوشیال میدیا ناسراون و كۆمەڵێك بەكارهێنەری نادڵسۆز و هەستنەكەر بە بەرپرسیارێتی فەرامۆشیان بكەین. بەپێچەوانەوە پێویستە بۆ پارێزگاری لەكوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی و رێگری لە تەشهیركردن بەدەسەڵات و كەسایەتییەكانی كوردستان ئەم سۆشیال میدیایە سنووردار بكرێت.
لە هەر وڵاتێكی ئەم جیهانە لە پێناوی ئاسایشی نەتەوەیی و بەپێی كەلتوور و یاسای تایبەتیی وڵاتەكە رێگری لە هەندێك سایت و پەیجی نەشیاو دەكرێت لەكاركردن، بۆ نموونە وڵاتە ئیسلامییەكان رێگری لە سایتی ئیباحی و خراپەكان دەكەن لەكاركردن لە رێگەی سێرڤەری كۆمپانیای خزمەتگوزاریی (نێت ۆرك)ـەوە كە پێشتر لەگرێبەستەكەدا خاڵی سەپێندراو بووە لەسەریان، بۆیە دەبێت كوردستانیش وەك هەموو وڵاتانی جیهان چۆن بێبەش نەبووە لە بەدەستهێنانی تەكنەلۆژیاو لەبەكارهێنانی، دەبێت دانانی لەیاساشدا جیاواز نەبێت. ئەگەر سەرنج بدەین لەكوردستاندا و بەتایبەت لە شاری سلێمانی زۆر لەبەكارهێنەرانی سۆشیال میدیا رۆڵی رۆژنامەنووس دەبینن، بەڵام بە راستی رۆژنامەنووسی دوور لە بەهای كوردایەتی و دوور لە رێزگرتن و كوردبوونن و دوورن لەخوێنی شەهیدان، بۆیە دەبێت سەندیكای رۆژنامەنووسان رۆڵی سەرەكییان هەبێت بە هاوكاری حكومەت و وەزارەتی ناوخۆی كوردستان لەدانانی یاسای بەكارهێنانی سۆشیال میدیاو دۆزینەوەی چارەسەری دروست بۆ خزمەتكردنی دۆخی ئایندەی كوردستان.

Top