ژیان و مەنفەعەتەكانی شەڕی داعش
December 20, 2016
وتار و بیروڕا
لە مێژووی ئێمەدا ئاخۆ چەند كیژی وەكو لەیلا قاسم چوونەتە بەر پەتی سێدارەو و چەند كوڕی نەبەردو بوێر، مەردو قارەمانانە سڵیان لەمردن نەكردۆتەوە؟
ئاخۆ روویداوە لە تاریخی میللەتان سێ برای كەسێك شەهیدبێت و برای چوارەم ئامادەبێ دەستوبرد بچێتە بەرەكانی شەڕەوە؟ ئایا هەبووە باوك شەهید ببێ و كوڕەكەی بڵێ: من لە پرسەی باوكم ئامادە نابم و چەك هەڵگرێ و بڕواتە بەرەی شەڕی داعش؟ لە كام نەتەوەی ئەم جیهانەدا دایكی وا نیشتمانپەروەر بینراوە كە لەسەر تەرمی كوڕەكەی گوڵ و چوكلێت ببەخشێتەوە؟! ئەمانەو هەزاران نموونەی دی، داستانی مێژووی رەنگینی كوردن و ئەوە كوردە ئەو حەماسەتە لە رۆڵەی خۆیدا دەبینێت و، ئێمەی كوردین ئەو نموونەیانە لەشەڕی ئەو مەلعوونانەی داعش-یش دەبینین.
هیوادارم وا لێك نەدرێتەوە دركم بەو حاڵەتانە و ئەو زیانە مرۆییە گەورەیە نەكردبێت، مەگەر خانەوادە هەیە باجی شەڕی ئەو بەربەرانەی داعشی نەدابێ؟ بەڵام دێمە سەر بەشی دووەمی وتارەكەو مەنفەعەتەكانی ئەو شەڕە سەپێندراوە دەخەمەڕوو:
*جارێك لەنەوەتەكانی سەدەی رابردوو برادەرێكی زۆر ئازیزم كە لە هۆڵەندا دەژیا، پێی گوتم: لەفەرهەنگی هۆڵەند وشەی پێشمەرگە لێكدانەوەی دیكەی بۆ نەكراوەو رێك وەكو خۆی تۆماركراوە، راستی شاگەشكە بووم، فەرهەنگی وڵاتێكی ئەوروپی وشەی پێشمەرگەی لەناواخندا هەبێ! ئێستاش هاووڵاتی و فەرمانبەرو چین و توێژی جیاوازی وڵاتان، لەكافێیەكی دوور لەچاوی دیپلۆمات و چاودێران بەفەخرەوە ناوی پێشمەرگە دەهێنن. شەخسی گەورەترین وڵاتی جیهان (باراك ئۆباما) لەئێمە باشتر دەزانێ دەستەواژەی پێشمەرگە، نەك جارێك، سەدجار لەسەر زاری بهێنێت و تەواوی عالەمی سیاسیی جیهان لەكەنەداوە تا ئوستڕالیا شانازی بە كوردو پێشمەرگەوە دەكەن و بە پارێزەری كەرامەتی مرۆڤایەتی لە سەرتاپای جیهانی دەزانن و بە چەندین جۆر لە مەشق و تەقەمەنی و هێزی ئاسمانی پشتیوانی دەكەن، كە دواجار بە ئامادەبوونی سەرۆكی كوردستان، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە هەولێری پایتەخت میداڵی شەرەف وەك ئازایەتی هەموو پێشمەرگە بەخشییە چوار پێشمەرگەی قارەمان.
*لایەنێكی دیكەی زۆر گرنگی شەڕی داعش ئەوەیە كە وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی بەتایبەت لە زەمانی سەدام حوسێن وایان تێگەیاندبوون كە كوردو پێشمەرگە تێكدەرن و ئەوانە «عوصاتو لادەرو خۆفرۆشن» كەچی ئەمڕۆ دەبینین فەڕشی سوورمان بۆ ڕادەخەن و بەفەخرەوە ئاڵاكەمان بەرزدەكەنەوە.
* لەم وتارەدا مەبەستم بوو بە كورتی هەردوو لایەنی ئەو شەڕە نەگریسە باس كەم. سەری رێز و نەوازش دادەنوێنم بۆ هەر دڵۆپێكی خوێنی شەهیدان، چونكە گەر ئەوان نەبان، نە ئەو سەركەوتنانە بەدەست دەهات و نە ئاوهاش بە رێزەوە دۆزەكەمان دەچووە سەر مێزی وڵاتانی گەورەی ناوچەكەو جیهان، بۆیە هەموو سەركەوتنەكانمان بۆ خوێنی گەشی شەهیدەكانمان دەگەڕێتەوە.