بێچوەكەی ئێران دابەستەی عێراق!

بێچوەكەی ئێران دابەستەی عێراق!
حەشدی شەعبی ڕێكخراوێكی خۆرسك و لە ناكاو هەڵتۆقیو نییە، یەكەم میلیشیای شیعە مەزهەبە لە عێراقدا پاسەوانانی شۆڕشی ئێران بەڕێوەی دەبەن، حكومەتی بەغداش پارەی بێشوماری بۆ ڕژاندووە و بە یاسا پاڵپشتی دارایی دەكات.
ئەم میلیشیا شیعەیە بە مێشكێكی توڕەو ڕقاوی مەزهەبی -ئێرانییەوە هاتۆتە ناوچەی سوننەو كورد، ئێران وەك گۆچانێكی مێژوویی بۆ ترساندنی وڵاتە عەرەبییە سوننە مەزهەبەكان و پاكتاوكردنی سیاسی خستوویەتە بازاڕی عێراقەوە و كۆپیكراوی حزبوڵای لوبنانیە لە تارانەوە ئیلهام وەردەگرێت..
سەیر بكەن حەشد چۆن بۆ ئامانجەكانی وەهم وخورافیات هەوڵی داگیركاریی و فراوانخوازی دەدات و سەرەتای هەڕەشەكانیشی بە بەر چاوی حكومەتە ئیفلیج وپەكەوتەكەی عێراق، چاوسووركردنەوەیە لە هەرێمی كوردستان.
لە ڕاستیدا كوردستان لە بەردەم هەڕەشەی دوو دژ دایە (داعش و حەشد) كە لە بەرامبەر كوردستاندا وەك دوو ڕووی یەك دراون،بۆیە پێویستە لە ئێستاوە وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییە ڕزگاركراوەكاندا سەنگەرقایمی بكەن و خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكەن،پێویستە حزبە سیاسییەكان لە بەردەم هەموو ئەو مەترسیانەدا پەلە بكەن لە ڕێكخستنەوەو بەهێزكردنی بەرەی نێو نێوماڵی كوردو ناكۆكییەكانیان، فیدای بەرژەوەندی گشتی سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان بكەن.
سیاسەت و حوكمداری ڕاستەقینە ئەوەیە كە بەها گرینگە سیاسیی و نیشتیمانییەكان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان بپارێزێت. هێزی حەشدی شەعبی بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچانەكانی ماددەی سەدوچل پێشڕەوی دەكەن و دەیانەوێت بەهێمنی قەڵەمڕەوی خۆیان بەرەو كوردستان و لە سەر حیسابی بەهاسیاسی و نەتەوەیەكانی گەلی كورد فراوانتر بكەن.
ئەگەر حەشدی شەعبی بەسیاسەتی خۆیاندا نەچنەوە و لە لایەنی مییانەڕەوی شیعەوە چاوەدێری كارو كردەوەكانیان نەكرێت، دوورنیە شەڕ لەدژی كورد ڕابگەیەنن. ڕەنگە لە ئێستادا ئەوەیان بۆنەكرێت، چونكە هێشتا لەمەترسیەكانی داعش ڕزگاریان نەبووە و زۆر شوێنی گرینگ ماوەن كە بۆیان ڕزگارناكرێتەوە و بەبەردەوامی تێكشكاون.
ئەم میلیشیایە وەك ئامانجێكی بەكارهاتوو و لەژێر چەپۆلی ئێراندا بووەتە پردی داگیركردنی رووبەرێكی گەورەی خاكی سوننە و دەیەوێت هەم بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنییەكانی ئێران بپارێزێ هەمیش عێراق بەتەواوی نوقمی پشێوی وتووندوتیژی زیاتر بكات. ئەگەر ڕێی پێ نەگیرێت و سنوورێكی بۆ دانەنرێت، هەنگاوە نامۆكانی حەشد لە داهاتووی نێزیكدا گەلانی عێراق دوچاری نەهامەتی و كارەساتبارتر دەكات.
ئەو مەشهەدەی لە سایەی حەشدەوە سەپێنراوە وەك بولەمەرزەیەكە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی كارەساتبار لە عێراقدا. ئەگەرچی تا ئێستا ئاستەنگێكی كوردی هەست پێ دەكەن، بەڵام بە بەردەوامبوونی پەكەكەی گوێلەمستبووی تاران ودیمەشق لە چیای شنگال و ناوچەکە ڕەنگە ئاستەنگەكانی بەردەم بێچوەكەی ئێران كەمتر ببنەوەو مەترسیەكانیش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان زیاتر بن!.
Top