بێرێزی به‌شه‌هیدان ئیفلاسی هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانه‌

بێرێزی به‌شه‌هیدان ئیفلاسی هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانه‌
شه‌هید به‌واتای گیان به‌خشین و فیداكاری و قوربانی دان به‌ رووح له‌پێناو خاك ونیشتیمان، ئه‌و په‌ری دڵسۆزیه‌ بۆ مرۆڤ بمرێت له‌كاتێك دا خاك و شه‌ره‌ف و نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان پارێزراو بێت، هه‌ربۆیه‌ باسكردن له‌گه‌وره‌یی شه‌هیدان پێویستی به‌ تێرامان و ووردبونه‌وه‌یه‌كی قوڵ هه‌یه‌،چونكه‌ وه‌سف كردنی كه‌سانی گه‌وره‌ په‌یڤی گه‌وره‌ و رسته‌ی گه‌وره‌ی ئه‌وێت .
شه‌هیده‌ باڵای به‌قه‌د باڵای كوردستانه‌ هیچ زوبانێك نیه‌ بێته‌ گۆ له‌ئاست گه‌وره‌یی ئه‌واندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ له‌سایه‌یی خوێنی شه‌هیدان كه‌سانێك هه‌ن له‌بری سوپاسگوزاری بۆ شه‌هیده‌كانمان و خانه‌واده‌ به‌رێزه‌كانیان زاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن سوكایه‌تی به‌ناو و ناونیشانی پیرۆزی شه‌هیده‌كانمان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌خیانه‌ت و ناپاكی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا به‌ رووقایمی خۆیان ده‌سورێنه‌وه‌و وه‌كو ئه‌وه‌ی دونیا شامی شه‌ریف بێت.
هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌خۆمان بپرسین پاڵنه‌ری هێرش و سوكایه‌تی بۆ سه‌ر شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان خانه‌واده‌كانیان بۆچی و له‌پای چی؟؟ ئایا ئه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ناو په‌رله‌مان تاره‌ ئه‌ندامیه‌تی یان جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی دوژمن و نارانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ یاخود ئه‌وه‌ جۆرێكه‌ له‌ ئازادی راده‌ربیرن !! .
بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌ یه‌ك شتی روون ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش دڵ ره‌شی و ناخ پیسی و چاو هه‌ڵنه‌هاتنی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌یه‌ به‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان به‌خوێن به‌ده‌ستیان هێناوه‌. ئه‌وان ئاماده‌ن په‌نا بۆهه‌موو كارێك ببه‌ن تاوه‌كو پیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه‌كمان بشكێنن، به‌ڵام هه‌ر لێره‌وه‌ پێیان ده‌لێین خه‌یاڵتان خاوه‌ و ئه‌بێت ئه‌و خه‌ونه‌ له‌گه‌ڵ خۆتان ببه‌نه‌ گۆر، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی بێ ویژدانانه‌ كه‌وتۆنه‌ته‌ گیانی شه‌هیده‌كانمان ده‌بێت په‌نجه‌ی په‌شیمانی بگه‌زن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وره‌فتاره‌ی به‌ناو په‌رله‌مان تار جۆرێكه‌ له‌ قێزه‌وه‌نترین مۆدیلی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌كی تریش ده‌بێت گشت هاونیشتیمانیان ئاگادار بن له‌وه‌ی رووی راستی خۆی و بزوتنه‌وه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌رخست و هه‌موو ئه‌و بانگه‌شه‌ چاوه‌شه‌كارانه‌ی كه‌له‌ماوه‌ی رابردوو كردیان پوچه‌ڵ بویه‌وه‌. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش ده‌كرێت بپرسین ئه‌وانه‌ی هه‌میشه‌ خۆیان به‌ حزبی شه‌هیدان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن تاكه‌ی له‌خه‌وی خه‌له‌فان داده‌بن و كه‌ی دێنه‌ ده‌نگ ،جگه‌ له‌وه‌ش بۆ هه‌موو كوردستانیان ده‌ركه‌وت كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی شه‌هیدانه‌و پارێزه‌ری خه‌ونی راسته‌قینه‌ی شه‌هیدان و خانه‌واده‌كانیان و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كوردستانه‌ هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ داكۆكیكاری شكۆمه‌ندی كه‌سایه‌تی هه‌م شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانه‌ هه‌م خانه‌واده‌ی به‌رێزیانه‌،چونكه‌ درێغی نه‌كردوه‌ له‌ به‌رزراگرتن و پیرۆزی ناوی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كان و خانه‌واده‌ به‌رێزه‌كانیان.
ده‌كرێت لێره‌وه‌ بپرسین ئه‌گه‌ر خوێنی شه‌هیدان نه‌بوایه‌، ئێستا چاڤی لاند و ئه‌ولاتریش شوێنی چه‌ته‌كانی داعش بوون، هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت ته‌واوی كوردستانیان بێ جیاوازی ئاینی و سیاسی، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م پارته‌كان هه‌وڵ بده‌ن تاوه‌كو ئه‌و به‌ناو په‌رله‌مان تاره‌ به‌سزای یاسایی خۆی بگه‌یێنن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێك جارێكی تر جورئه‌ت نه‌كات سوكایه‌تی به‌ره‌مز و پیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه‌كمان بكات.
Top