كەس نكۆڵی لەوە ناكات كە هۆكاری سەرەكی قەیرانە دارایی و ئابوورییەكانی ئەمڕۆی كوردستان بۆ ململانێی ناسروشتی نێوان پارتە سیاسیەكانی كوردستان دەگەڕێتەوە؛ بەشێوەیەك هەر لەگەڵ راگەیاندنی كابینەی هەشتەمی بنكە فراوانی پارتە سیاسیەكاندا گرفتەكان ئاڵۆزتر بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تائێستا هیچ حكومەتێكی بنكە فراوان نەبووە لەدنیادا خاوەنی ئیرادەو بووێری بێت و ئابووری وڵاتەكەی پێش خستبێت، بەڵكو بەبەردەوام لەململانێ و كێشمەكێشی سیاسی دایە، هەربۆیە بەتێكەڵبوونی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەناو یەك حكومەتی كوردستاندا هەردوو لا ماناو بەهای خۆیان لەدەستدا، ئێستاكەش دەستپێشخەرییەكەی جەنابی بارزانی دەروازەیەكە بۆ تێكشكاندنی بەستەڵەكی سیاسی و كردنەوەی دەرگا داخراوەكان بەو ئومێدەی رێزو حورمەتێك بۆ حزبایەتی و سیاسەت لەم هەرێمەدا بگەڕێتەوە چونكە ململانێكان بەجۆرێك بوون كە هەموو پرەنسیبە سیاسیەكانی تێپەڕاندبوو بگرە چووبووە قاڵپی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوەو سڕینەوەی یەكتر. هەربۆیە ئەوكاتیش كۆبوونەوەكان لەنێوان حزبە سیاسیەكاندا بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەسەر لەچەند هەوڵێكی شكستخواردوو زیاتر هیچی تری لێنەكەوتەوە، هەمووانیش باس لە پرۆژە دەكەن بێ ئەوەی دان بەو راستیەدا بنێن ئەگەر ئیرادەو ویستی حزبەكان بۆ دیالۆك و گفتوگۆ هەبێت ئەوا پێویستمان بەهیچ پرۆژەیەكی سیاسی و مەرجی پێش وەختە نابێت خەڵكی بەدوای ئومێدێكەوەن كە پرۆژەو نوسینی سەركاغەز تێریان ناكات بەڵكو گەڕانەوەی متمانەو قسەی خێر و هەنگاوی بووێرانەیان پێویستە، چونكە ئەمڕۆ لەغیابی دامەزراوەیی بەتوانادا هەلی جێبەجێكردنی پرۆژەو پێشنیارو بۆچوونەكان زەحمەت بووە، دەرئەنجام ئەوەی دەبینرێت و هەمووان لەسەری كۆكین بەردەوامبوونی قەیرانەكانە خۆپیشاندانەكانیش لەزومی سەوز لەهەوڵێكی بێ هودەو بێ ئامانج بۆ دەربازبوون لەبارقورسایی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان نەیانتوانیوە دان بەو راستیەدا بنێن كە دەڤەری ئەولاش لەداهات و پارەو نەوتدا ناشەفافیەتی تێدایە و كاتی ئەوە هاتووە باسی هەموو داهاتی ناوخۆ و گومرگ و بەهای نەوت بكرێت، هەربۆیە ئەو خۆپیشاندانانە نەیانتوانیوە ببنە فشارێكی راستەقینە بۆ چاوخشاندنەوە بەسیستەمی پاشەكەوت و باشكردنی حوكمڕانی بگرە پۆشاییەكی وای خوڵقاندووە كە ئەوەندەی تر هاوڵاتیان زیانمەند بن و ناكۆكییە سیاسی و ئابوورییەكان قوڵتر كردۆتەوە، هەرچۆنێك بێت زیانمەندی سەرەكی و راستەوخۆ لەقەیرانە ئابووریی و سیاسییەكان تەنیا هاوڵاتیان و موچەخۆران و نین یاخود تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان زیانمەندی سەرەكی نییە بەڵكو هاوبەشەكەشی لەحوكمڕانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەو پێیەی لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی و گەرمیان و هەلێبجەو راپەرین پشكی سەرەكیان هەیە و حاكمی رەهان، ئەمان پێشتریش لەم حكومەتە بنكە فراوانەدا پێیەكیان لەدەسەڵاتدایەو پێكەی تریان لەبەرەی دژ بەحكومەتە ئەوانیش ناتوانن بێ منەت بن و بەش و پشكی زیانەكانیان بەرنەكەوێت، بەتایبەتی لەلایەن زۆرینەی بێدەنگی هاوڵاتیانەوە كە سەرەڕای ئەوەی رەخنەو نارەزایەتیەكی رادەبەردەریان لەشێوازی حوكمڕانی و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ دەربازبوون لەقەیرانەكە یاخود كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هەیە، ئەوەندەش رەخنەیان لەسەران و سەركردەو پەرلەمانتارو كادیرەكانی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشوو یا نیوە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا هەیە. دواخستنی چارەسەری قەیرانی سیاسی و ئابووری بۆ دوای (ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و عێراقی دوای داعش) هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە چیتر خەڵكی بەتایبەتی موچەخۆران توانای ئەو فشارو پاڵەپەستۆیەیان نەماوە كە لەئاكامی پاشەكەوتی زۆرە ملێی و دواكەوتنی موچەكان و هەڵكشانی زۆربەی نرخی كاڵاو كەلوپەل و سوتەمەنی و پێداویستیە سەرەكیەكانیان دووچاری مەینەتیەكی رادەبەدەر بوون، هاوكات ئەو وڵات و گروپ و هێزانەی كەدژ بەكوردن سوودیان لەو پۆشاییە وەردەگرتووە كە لەو ناوچانەدا بەروونی دروست بووەو تادێت كەلێنی نێوان هاوڵاتی و حكومەت گەورەتر دەكەن.. ئەو پرسیارەی هەموو ئابووریناسان پێویستە وەڵامی بدەنەوە ئەوەیە ئایا دەربازبوون لەم چەقبەستووییەی چارەسەرە ئابوورییەكان لەكوێوە دەست پێبكرێت؟ بەتایبەتی كەزۆرینەی پارتە سیاسیەكان پێشتر راستكۆ نەبوون لە دانوستان و گفتوگۆكان بەو ئومێدەی ئەمجارە ئەو جەقبەستووییە تێپەڕێنن، هەربۆیە ئومێدبەستن بە چارەسەری سیاسی بۆ دەربازبوون لەدۆخەكە كاتێكی زۆری دەوێت بەتایبەتی مومكین نییە لەم دۆخە شڵەژاوو بێ متمانەیەدا پرۆسەی هەڵبژاردنيش لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت چونكە هیچ لایەك متمانە بەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابێت و ئەوەندەی تر بێ متمانەیی و ناكۆكی لێدەكەوێتەوە، هەربۆیە لەدۆخە هەستیارو قۆناغە مێژووییەكاندا رۆڵی سەركردە دەردەكەوێت و راستەوخۆ لەگەڵ میللەتی خۆیدا گفتوگۆدەكات و بەدەنگ داواكارییەكانیانەوە دێت، فشار دەخاتە سەر حكومەت بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەسەرە خێراو درێژخایەنەكان، وەزارەت و دامودەزگاكانی بەگەڕ دەخاتەوەو تەنانەت چیتر رێگە نادات هەموو ئەزموونەكەو دەستكەوتەكان ببنە قوربانی بەرژەوەندی چەند كۆمپانیاو بیزنسمانێكی سیاسی، هەروەكو چۆن خۆی سەرقاڵی دانوستان و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ كۆمەڵێك بازرگانی سیاسی و پارتێكی سیاسی ناكات كە هەموو هەوڵیان ئەوەیە شەعبەویی فرمێسكی تیمساحانە برژن و لەئاوی ڵێڵدا گەمە بەچارەنووسی میللەتەوە بكەن. چاكسازیی حكومەت و كەرتی تایبەت بە بڕینی موچەو بەردەوام بوونی پاشەكەوتی زۆرە ملێ و نایاسایی و گواستنەوەی كەرتی گشتی بەكەرتێكی تایبەتی لاوازو مشەخۆر ناكرێت، بەڵكو بەچاودێری توندو لێپرسینەوەی راستەوخۆی سەرۆك دەبێت لەگەڵ ئەو پارت و لایەن و بیزنسمانانەی كە لە سایەی ئەو دۆخەدا بوونەتە ملیار دێر و ئامادە نین بەشێك لەقورسایی بارودۆخەكە بخەنە ئەستۆیان، لەزۆربەی ئەزموونە سەركەوتووەكانی گەلان سەركردە رۆڵی وەرچەرخان دەگێڕێت لەكەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی قەیرانەكەو دواتر هەنگاو نان بەرەو گۆڕانكاری بنەڕەتی و چاكسازی ، هیچ گەل و نەتەوەیەك نییە لەسوڕی ئابووری دوچاری قەیرانی دارایی و ئابووری نەبێت بەتایبەتی لەكاتی شەڕو دوای شەڕ گرنگ ئەوەیە بزانرێت چۆن فێری هونەری بەڕێوەبردنی قەیرانەكان بین و بەها نەتەوەیی و نیشتمانیەكان لەرۆژە سەختەكاندا نەدۆڕێنین.