بنەمای تێگەیشتن لە سیاسەتی ئەحزاب

بنەمای تێگەیشتن لە سیاسەتی ئەحزاب
لە پرۆسەی ووت وێژەکانی ئیسرائیل و فەلستینیەکاندا مووناقیشەی شێوەی داریشتنەوەی پرۆسەی ووت وێژەکان خۆی بابەتێکی گرینگ بوو ،ئەم پرۆسەیە لە دەورانی سەرۆک کۆماریی کلینتۆندا تا ئاستێکی زۆر جیددی وباش بەرەو پێشەوە چوو.
خالێکی گرینگ لە داریشتنی ستراتێژیی ووت وێژەکاندا بریتی بوو لەمە کە داخوا لە خالە بچووکەکانەوە دەست بکەن و بگەنە تەوافۆق یان بەر لە هەموو شت لە سەر ستراتێژیی و ئامانج رێککەوێن و پاشان بەردەوام بن لە چارەسەریی خال بە خالی پرسە بچووکەکانی سەر رێگا دا؟
ئەم نموونەیە لە بارو دۆخی ئێستا دا بۆ بزووتنەوەی کوردیی زۆر بە سوودە کە بتوانی بە کاریی بێنێت. بۆ نموونە لە پرۆسەی بنا نانی یەکەتییەکی پتەوی نێوان ئەحزابی باشووردا و لە نێوان باشوور و رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەلاتدا.
ئەم مێتۆدە رێگا دەکاتەوە بۆ ساغ بوونەوەی ستراتێژیی ئەحزاب و لە یەک تێگەیشتنیان و هەروەها خالێکی تری بە سوودی ئەم شێوە کار کردنە بریتییە لەمە کە خەلک و جەماوەر بەرچاو روونییان دەبێت و دەتوانن تێگەیشتنێکی ساغ وەدەست بێنن و بەم جۆرە توانای بەشداریی و هەلبژاردنیان هەبێ لەمەر چارە نووسی خۆیاندا. بەیانی روونی ستراتێژیی ئەحزاب لە باشووردا دەتوانێ رێگای تەفاهۆم بکاتەوە و پرۆسەی هاوکاریی ئەحزاب نەبێتە دیلی کەشمەکەشی سیاسی ووردە قسەی رۆژانە و لە دەست دانی فرسەت.نابێ لە بیر بکەینەوە کە بە دەرجەی یەکەم باشوور لە پێریۆدێکی مێژوویی چارەنووس سازی خۆیدایە.
ئەم مێتۆدە هەروەها دەتوانین لە چارەسەری جیاوازیی بۆچوونی بەشەکانی کوردستاندا بە کار بێنین. ئێستا باسی شەنگال دەکرێ، پ ک ک خۆی جێگیر دەکات و بەشێک لە شەنگالییەکان و ئەحزاب بە تایبەت پارتی دێمۆکراتی کوردستان دژی ئەم جێگیر بوونەی پ ک ک لە شەنگالدان.
جێی خۆیەتی پرسیار بکەین ئەگەر هەر دوو لا هەر بەردەوام بن لە سەر تۆمەتبار کردنی یەکتر و دژایەتی یەکتر و پەروەندە ساز کردن بۆ یەکتر ، خەلک چۆن دەتوانن لە سیاسەت و نییەتی ئەم لایەنانە تێبگەن و هەڵوێست وەرگرێن .
بە داخەوە ئێستا وای لێ هاتووە کە لایەنگرانی پارتی دژی پ ک ک و لایەنگرانی پ ک ک لە دژی پارتی ئەوەی بە دلیانە دەنووسین و دەیلەن بێ ئەوە کە حەسابێک بۆ داهاتووی ئەم پێوەندییانە بکەن و بە بێ ئەوە کە حەسابێکی ستراتێژیک لە گۆتەکانیان دا وەدیار بکەوێ.
سەرۆکی هەریم رێبازی خۆی دیاریی کردووە ، گشت هەولەکانی لە پێناو ئەوە دایە کە بە دەرجەی یەکەم لەم ماوەیەداکوردستانی باشوور ببێتە دەولەتێکی سەربەخۆ، ئەمە ستراتێژییە ، لە چوار چێوەی ئەم ستراتێژییەدا لە دژی هەر دەست تێوەردان و پارچە پارچە کردنێکی خاکی باشووری کوردستانە . ئەم ستراتێژییە قابیلی تێگەیشتن و فەهمە ، جا مرۆڤ دەتوانێ لەگەلی دا بێت یان دژی بێت. ئەم ستراتێژییە لایەنگر و دژبەریی نێو خۆیی و ناوچەیی هەیە، بۆیە دژایەتی هەر لایەنێکی کوردیی لەگەل ئەم ستراتێژییە بە هاوتەریبی دادەندرێت لەگەل نەیارانی ناوچەیی کورد بە تایبەت ئێران.
ئەوەی ماوە روون بوونەوەی ستراتێژیی پ ک ک یە ، داخوا ستراتێژیی پ ک ک چییە ؟ لە شەنگالدا خوازیارە چ بکات؟ ستراتێژیی پ ک ک لە باکووردا چییە(تەجروبەی چوارسالی رابردووی پ ک ک لە باکووردا ستراتێژییەکی روونی وەدەر نەخست)؟ و هەروەها لە رۆژئاوادا؟
ولامی ئەم پرسیارانە یارمەتی دەر دەبن بۆ خۆساغ کردنەوەی بیریی گشتی کوردیی و رێگا خۆش دەکەن تاکوو جەماوەریش بتوانی ببێتە خاوەن ئەو بەرچاو روونییە کە پێویستییەتی بۆ بریاردان و بەشداریی لە چارەنووسی خۆیدا. شیعاراتی رادیکال و رۆژانە و سەرقال کردنی خەلک و ناروونی لە سیاسەت و ستراتێژییدا بە زەرەری میللەتی ئێمە تەواو دەبێت. بۆیە قسەی ئەحزاب و رێک کەوتن و نەکەوتنیان دەبێ لە سەر ستراتێژیی وان بێت تا خەلکیش تێبگات.
حوسێن کوردنەژاد
2016-12-06
Top