پێشنیازه‌که‌ی په‌ڕله‌مانتارانی یه‌کێتی و گۆڕان و کۆمه‌ڵ، جگه‌ له‌ زیان هیچ سودێکی نیه‌

پێشنیازه‌که‌ی په‌ڕله‌مانتارانی یه‌کێتی و گۆڕان و کۆمه‌ڵ، جگه‌ له‌ زیان هیچ سودێکی نیه‌
بەپێی پێشنیازەکەی هه‌ر سێ فڕاکسیۆن بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رۆژێکدا لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە دەکرێت، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق ١٧%ی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات!
هەر بەپێی پرۆژەكە ئەگەر هەرێمی كوردستان ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەرکوک لە رێگەی سۆمۆ رەوانە بكات، حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی ٦٥٠ هەزار فەرمانبەری هەێمی كوردستان!

ڕاستیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لەگەڵ حه‌یده‌ر عەبادی گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێککه‌وتن که‌ لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستان-جەیهانەوە رۆژانە (١٥٠)هەزار بەرمیل لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور هەناردەی ده‌ره‌وه‌ دەكرێت، له‌و بڕه‌ نه‌وته‌ (٧٥) هەزار بەرمیل نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستان دەفرۆشرێت، و (٧٥)هەزاریشی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەفرۆشرێت. ئەم رێككەوتنە لەدوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی لە ٢٨ ی مانگی ٨ی ئه‌مساڵ بۆ بەغدا هاتەئاراوە و لەگەڵ حەیدەر عەبادی لەبارەی نەوتی كەركووك رێككەوتن.

گۆڕانکاریەکی باش لەو بابەته‌دا ئەوەبوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوت دەفرۆشێ و ئەو ڕێژه‌ی (٧٥) هەزار بەرمیلە دەخاتە سەر حسابی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، نەوەک وەکو پێشتر سۆمۆ بڕیار بدات بۆ ئەوەی نه‌وت بفرۆشرێ و هه‌رخۆشی بڕیار لەسەر پشکی کوردستان بدات. که‌واته‌ ئەو رێککەوتنە له‌لایه‌ک پێشکەوتن بوو لە سەربەخۆیی ئابوری و سامانی نەوت لە کوردستان، له‌لایه‌کی تر جۆرێک لە تێگەیشتن و رازایبوون بە ئەمری واقیعی ئه‌مڕۆی عێراقیشی تیدابوو. هه‌روه‌ها له‌ پاره‌ی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەره‌ کورده‌کانی كەركووك و دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگەكانی كەركووك دەدات. جگە لەوه‌ش مانگانە پارەی پترۆ دۆلار دەداتە كەركووك، كە نزیکه‌ی (١٠) ملیۆن دۆلارە.

که‌چی ئێستا هه‌ر سێ فڕاکسیۆنی یه‌کێتی و گۆڕان و کۆمه‌ڵ به‌و پێشنیاز و پڕۆژه‌یان که‌ له‌ په‌ڕله‌مانی عێراق په‌سه‌ند کرا و‌ کردوویانه‌ به‌ موزایه‌داتی میدیایی، ده‌یانه‌وێت فشارێکی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ڕێژه‌ی هه‌ناردنه‌که‌ بکه‌ن به‌ ٣٠٠هه‌زار به‌رمیل که‌ له‌ ئه‌ساسدا هه‌نارده‌ کردنی نه‌وتی که‌رکوک هێنده‌ نیه‌. هه‌روه‌ک ماوه‌یه‌ک پێش ئێستاش له‌ چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکا پارێزگاری که‌رکوک زۆر زانیاری و داتای گرینگی باس کرد، له‌ به‌شێکی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان دەریدەهێنێت دەڵێت: کۆمپانیای نەوتی کەرکووک ٤٠% و هەرێمی کوردستانیش ٦٠%ی نەوتی کەرکووکیان بەدەستە، هەرێمی کوردستان لەو بەشەی خۆی پارەی پترۆ دۆلار دەداتە کەرکووک، بەڵام بەغدا ئەو بەشەی خۆی دەرناهێنێت، بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
که‌واته‌ ئه‌و گوشاره‌ی حکومه‌تی عێراقی نه‌یتوانی بیخاته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هه‌ر سێ فڕاکسیۆنه‌که‌ خستیان و هێنده‌ی تر باری کوردیان قورستر کرد، که‌چی به‌ ناوی ده‌ستکه‌وت به‌ موزایه‌ده‌ و چه‌واشه‌کاری میدیایی ده‌یبه‌خشنه‌وه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستان.

سه‌نگه‌ر مسته‌فا
Top