نیشتیمان به‌ش به‌ش مه‌كه‌ن

نیشتیمان به‌ش به‌ش مه‌كه‌ن
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی داواكاری هاونشتیمانیان جێ به‌جێ بكات بۆ ئه‌مه‌ش هیچ منه‌تێكی تێدا نیه‌ گومانیشم له‌وه‌ نیه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم درێغی ناكات له‌وه‌ی پێی بكرێت بۆ هاونیشتیمانیان، هه‌ركاتێكیش حكومه‌ت هه‌ڵنه‌ستا به‌ راپه‌راندی ئه‌ركه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان ئاساییه‌ به‌رێگه‌ی مه‌ده‌نیانه‌و ئاشتیانه‌ فشار درووست بكرێت بۆ به‌دیهێنانی ماف وداواكاریه‌كانیان .
هه‌موومان ئه‌و راستیه‌ ده‌زانین كه‌ قه‌یرانی دارایی به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی به‌گشتی گرتووه‌ و كاریشی كردۆته‌ سه‌ر هاونیشتیمانیان، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نزم بونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ئه‌و شه‌ره‌ ناره‌وایه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تیرۆرستی داعش به‌رۆكی گرتووین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له‌كوردستان ده‌گوزه‌رێت هاوكێشه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆی گونجاوه‌، چونكه‌ ده‌بینین هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی ئه‌و داوایه‌ی هاونیشتیمانیانی قۆزتۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوازێكی ناشه‌ریفانه‌ به‌كاری بهێنن له‌كاتێك دا ئه‌و ره‌فتاره‌ هه‌رزه‌كار وسه‌رشێتانه‌ی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی گه‌وره‌ترین پاساو به‌مێژوو ئه‌دات كه‌ دواجار به‌زه‌یی پێیان دا نایێته‌وه‌، له‌راستی دا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران شایه‌نی ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌به‌هۆیه‌وه‌ ئیمتیاز و ده‌سكه‌وتی پێ به‌ده‌ست بهێندرێت، چونكه‌ هاونیشتیمانی وشیار هه‌رگیز رێگه‌ به‌وه‌ نادات بكرێته‌ داشی دامه‌ تاوه‌كو لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی مه‌رامه‌ ناشه‌ریفه‌كانی خۆی جێ به‌جێ بكات، له‌كاتێك هیچ سودیشی بۆ هاونیشتیمانیان نه‌بێت له‌زیان به‌و لاوه‌.
حه‌ق وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان سنورێك بۆ ئه‌و زیده‌رۆیی و هه‌نگاوه‌ ئیبلیس_انه‌ی ئه‌و هێزو لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ دابنێت كه‌ خه‌ون به‌پارچه‌ پارچه‌ بوونی خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌بینن، چونكه‌ سزا به‌ ته‌نیا بۆ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ به‌س نیه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ رووبه‌روی دادگا بكرێنه‌وه‌ تا سزای دادپه‌روه‌رو نیشتیمانیان به‌ سه‌ر دا بسه‌پێندرێت، تاوه‌كو جارێكی تر جگه‌ له‌و لایه‌نانه‌ هیچ كه‌سێك و لایه‌نێكی تر بانگه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌ی به‌شێكی ئازیزی نیشتیمان نه‌كات.
راستێكی تاڵه‌ كه‌ هێشتا نیشتیمان برینه‌كانی سارێژ نه‌بووه‌ به‌یه‌كگرتن و ئاوێته‌ بوونی ته‌واوی خاكه‌كه‌ی، له‌و لاشه‌وه‌ كه‌مینه‌یه‌كی هه‌رزه‌كار بیانه‌وێت كارێك جێ به‌جێ بكه‌ن كه‌ دوژمن ساڵه‌های ساڵه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات نه‌ی توانیوه‌ جێ به‌جێی بكات، هێشتا به‌شێكی زۆری گڵكۆی شه‌هیدانی رێگای رزگاری و ئازادی گیای سه‌ریان زه‌رد نه‌بووه‌،هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێت بریاره‌كانی علی حسن مجید و شۆڤێنیه‌كان جێ به‌جێ بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی داخه‌ و مایه‌ی قبوڵ كردن نیه‌.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ركه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌ هه‌ڵگری پرۆژه‌یی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان حه‌قیقه‌تی خۆیان بكه‌نه‌ كردار كه‌ تا ئه‌به‌د بۆیان ناكرێت، سه‌ركردایه‌تی به‌كردار پوچه‌ڵی بكاته‌وه‌.
Top