دیسان پاشکۆیه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا...

دیسان پاشکۆیه‌تی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا...
ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی، ئه‌وانه‌ی له‌ گرده‌که‌ و ده‌باشان بودجه‌ی له‌ سه‌دا چل و هه‌شتی کۆی بودجه‌ و داهاتی هه‌رێمی کوردستان که‌ ته‌رخان کراوه‌ بۆ سلێمانی، داهاتی شیرینی نه‌وت و گومرکه‌کانی باشماغ و په‌رویزخان و باج و داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، که‌ ماوه‌ی سیانزه‌ ساڵه‌ تیایدا برابه‌شن و له‌ نێوخۆیان به‌شی ده‌که‌ن، چییان لێکرد و به‌ چییاندا؟

ده‌بوایه‌ ئه‌مڕۆ، ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و کردویانه‌ به‌ قوربانی (تصفیه‌ حساباتی) به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان،شه‌رم بکه‌نه‌وه‌ مامۆستایانی سه‌ر به‌ حیزبه‌کانیان له‌ نێو جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌واندا، هوتافی عه‌بادی و مالکی بڵێنه‌وه‌ و هانا بۆ حکومه‌تی عێراق ببه‌ن (حکومه‌تێک سه‌رچاوه‌ی بڕینی قوت و بودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌) نه‌‌ک هانیان بده‌ن و پشتگیریان بکه‌ن و نوێنه‌ره‌ حیزبیه‌کانیان له‌ به‌غدا، هاوشانیان به‌ موزایده‌ و قسه‌ی سواوی چه‌واشه‌کارانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدا و دژ به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دروشم بڵێنه‌وه‌.

دوپات کردنه‌وه‌ی پاشکۆ بوون و گه‌ڕانه‌وه‌ی گۆڕان و باڵێکی نێو یه‌کێتی (به‌ره‌ی ئه‌کرادی مالکی) بۆ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی مالکی، جارێک له‌ ڕێگای ئاڵا تاڵه‌بانی سه‌رۆکی فڕاکسیۆنی یه‌کێتی(باڵی ده‌ستڕۆیشتوو) به‌ ستایشی سیاسه‌ت و پێداهه‌ڵگوتنی مالکی به‌ پیاوی ده‌وڵه‌ت (ئه‌و پیاوه‌ی به‌شێکی زۆری خاکی عێراقی ته‌سلیم به‌ داعش کرد و سه‌روه‌ری وڵاته‌که‌ی خسته‌ ژێر ده‌ستی ئێران و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و دزینی داهاتی عێراق و پیلانگێڕی دژی کورد هیچ به‌رهه‌مێکی تری نه‌بوو) جارێکی تریش ئه‌و پیلانه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان هه‌ردوو فڕاکسیۆنی یه‌کێتی و گۆڕان و به‌شێک له‌ په‌ڕله‌مانتارانیان له‌ به‌غدا، که‌ داوایان کردووه‌ بەشێوەیەكی راستەوخۆ عیراق لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم مامەڵە بكات، لەكاتێكدا ئەگەر رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێنەكرێت!
له‌کاتێکدا ده‌زانن له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ به‌ ئاشکرا باس له‌ سەربەخۆیی کوردستان و گه‌لێک پرسی دیکه‌ی وەک: پلانی شەری موسڵ و دوای ئازادکردنەوەی موسڵ کە قۆناغێکی چارەنوسسازه‌ بۆ کوردستان یه‌کلاکردووته‌وه‌، هه‌روه‌ها لەباره‌ی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە کێشەی قورسن گفتوگۆ کراوه‌ که‌ دەبێت کۆتاییان پێبێت و چاره‌سه‌ر بکرێن. و یه‌که‌م به‌رهه‌می ڕێککه‌وتنه‌که‌ش ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی عێراق بوو که‌ به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ بووەتە هۆی بەدیهاتنی دەستكەوت و سەركەوتنی گەورەی سەربازی و تێكشكاندنی خێرای تیرۆریستانی داعش له‌ موسڵ که‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی سه‌رۆک بارزانی، یه‌که‌م هێز بوو که‌ زه‌نگی ده‌ستپێکی شه‌ڕه‌که‌ی لێداو ده‌روازه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی موسڵ، که‌ هێڵی به‌هێزی به‌رگری داعش بوون تێکشکاند و سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا به‌ده‌ست هێنا و جگه‌ له‌ ئازاد کردنه‌وه‌ی ڕووبه‌رێکی فراوان له‌ خاکی کوردستان، ڕێگای بۆ سوپای عێراق کرده‌وه‌ که‌ به‌ خاکی کوردستاندا تێپه‌ڕێت و له‌ نزیکترین سنوری شاره‌که‌وه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر موسڵ.

که‌واته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ سنوری ده‌سه‌ڵاتی سه‌وز-نیلی ڕوویدا، نه‌ک خۆپشاندانی داواکردنی موچه‌ و مافی مامۆستا نه‌بوو، به‌ڵکو په‌یامی گۆڕان و باڵێکی یه‌کێتی بوو به‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و پیلانه‌ی که‌ به‌رهه‌می چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و ئاشکرایان بووه‌ له‌گه‌ڵ مالکی و ئێران، به‌و ئه‌جێندایه‌ی که‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه‌ سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستان دابڕن و جارێکی تریش مێژووی جاشایه‌تی خۆیان به‌ پاشکۆیه‌تی دوباره‌ بکه‌نه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا، هه‌روه‌ک له‌ شه‌سته‌کان جارێک بۆ هه‌مه‌دان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌غدا ئه‌نجامیاندابوو.
Top