پڕۆتۆكۆل و تێگەیشتنی دیپلۆماتكاران
November 8, 2016
وتار و بیروڕا
وشەی پڕۆتۆكۆل لە وشەی پڕۆتۆكۆلان-ی ئەگریكییەوە هاتووەو واتای لەزگە دەگەیەنێت كە وەك مۆرێك لەسەر بەرگی نامەیەك دەدرێت، تا بزانرێت ئەم نامەیە نەكراوەتەوە. لەبنچینەدا وشەكە زۆر سادەو ساكار بووە كە نیشاندانی هەڵسوكەوتێكی جوان و گەیاندنی پەیامێكە بێ ئەوەی بگوترێت كە نامەكە نەكراوەتەوە، وەك ڕێزگرتنێك بەرامبەر نامەبەرەكە. دواتر ئەم وشەیە پەرەی سەندو بۆ بواری فراوانتر بەكارهات. كاروباری دەرەوەی وڵاتانی جیهانیش لەسەر ئەنجامدانی پڕۆتۆكۆل راوەستاوە.
بەر لەهەموو شتێك پێناسەیەكی گشتگیر بۆ چەمكی پڕۆتۆكۆل دەكەین لەزانستە ڕامیارییەكاندا پێناسەی پڕۆتۆكۆل كراوە كە بریتییە لە ئەتەكێتی تایبەت بەیاساو كاری دیپلۆماسی لەكاروباری دەرەوە، لەلایەكی دیكەوە هەندێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كە پڕۆتۆكۆل بنەمایەكە بۆ چۆنیەتی هەڵسوكەوتی ئەو نوێنەرانەی كە لەبواری دیپلۆماسی بەهەموو جۆرەكانیەوە كاردەكەن. پڕۆتۆكۆل كە باس لەچۆنیەتی هەڵسوكەوتی دیپلۆماتكاران دەكات، بە شێوەی نووسراو دیاری دەكرێت لەگەڵ هەندێ لە كارامەیی كە نانووسرێتەوە. لەڕووی دیپلۆماسییەوە پڕۆتۆكۆل بریتییە لە كۆمەڵێك ڕێچكەو یاسای ڕەوشتی تایبەت بە ئەتەكێت لەكاتی ڕێككەوتنەكان و ئاهەنگە دیپلۆماسییەكان نمایش دەكرێت بۆ نزیكبوونەوەی زیاتری دوو وڵات بەكاردێت، ئەم ڕێچكانە بەگوێرەی كەلتوور و یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكرێن.
پڕۆتۆكۆل لەڕووی یاساییەوە كۆمەڵێك بنەمای تایبەت بەخۆی هەیە. ئەگەر تەماشای فەرهەنگی یاساناسان بكەین، ئەوان بەشیوازێكی تر لەم چەمكە دەڕوانن و ڕاوسەرنجی خۆیان هەبووە. ئەوەتا لەڕووی یاساییەوە پڕۆتۆكۆل ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتییە بۆ بەجێگەیاندن و تەواوكردنی ڕێككەوتنەكان، یان بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتنە سیاسی و ئابوورییەكان لەڕووی لۆژیكی یاساییەوە، كە خۆی لەڕێچكەی ڕەوشتی ئاخاوتن و هەڵسوكەوت دەبینێتەوە. واتا ئەو رێككەوتنە سیاسییانەی كە لەنێوان دوو وڵاتدا لەئەنجامی دانوستان دێتەئاراوە، دەبێتە پڕۆتۆكۆلێكی هاوبەش، بەڕەچاوكردنی خاڵە یاساییەكانی رێككەوتنەكان گرنگییەكانی پڕۆتۆكۆل وەكو لەپێشەوە باسمان كرد، لەژیانی سیاسی هەموو وڵاتەكاندا گرنگییەكی زۆری هەیە، بەجۆرێك هەموو وڵاتان گرنگییەكی زۆر بەبەشی پڕۆتۆكۆل دەدەن، كە لایەنی جێبەجێكاری وەزارەتی دەرەوەیەو ئەم وەزارەتەش بەهۆی گرنگیی بوارەكە بەشێكی تایبەتی لە وەزارەتەكەی بۆ كردۆتەوە. هەرچەندە كەلتووری وڵاتان جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بۆ لەیەك نزیك خستنەوەی بوارەكە بەیاسا كراوەو وڵاتان پەیڕەوی دەكەن. واتا دەتوانین بڵێین كاروباری دەرەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر ئەنجامدانی پرۆتۆكۆل راوەستاوە جا ئەو پرۆتۆكۆڵە سیاسی بێت یان ئابووری بێت، یان هەر بوارێكی تری تایبەت كەلەنێوان دوو وولاتی جیهان ئەنجام بدرێت پڕۆتۆكۆل كۆمەڵێك گرنگیی لەسەر وڵاتانی جیهان هەیە، چەندین كاری گرنگیش هەیە كە دەبێت لەچوارچێوەی پڕۆتۆكۆلدا ئەنجام بدرێت، وەك پێشوازیكردنی نوێنەرو كەسایەتییە باڵاكان و ڕێكخستن و ئامادەكردنی پەیڕەوی سەردان و نوێنەرایەتییە فەرمییەكان لەئاستی باڵا، پێش ئەنجام دانیان، چونكە ناكرێت لەم قۆناغەدا جۆرەكانی پڕۆتۆكۆل لەیاد بكرێت، هەروەها یەكێكی لەگرنگییەكانی دیكەی پرۆتۆكۆڵ لەوەدایە كە فەرمانبەرانی تەشریفات، یان فڕۆكەخانە، یان وەزارەتی دەرەوە، یان پەرلەمان كە لەكاتی پێشوازی بالوێزەكان و بەرچاویكردنیان بۆ شوێنی كارەكانیان ئەنجامی دەدەن. لەروویەكی دیكەوە زۆرجار پڕۆتۆكۆل بەوە دەوترێت كە كەسێكی دیپلۆماتكار سەرپەرشتیی ئاهەنگە فەرمییەكان دەكات كە دیپلۆماتكاران و نوێنەران تیایدا بەشدارن، ئەمەش جۆرێكی پڕۆتۆكۆلە، هەروەها دەركردنی گەشتنامەی دیپلۆماسی و تایبەت و ڕێكخستنی كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان كە وڵاتی خاوەن میوان پێی هەڵدەستیت، ئەمانە هەمووی دەچنە چوارچێوەی كاری پڕۆتۆكۆلەوە. بەشێكی دیكەی پڕۆتۆكۆل بریتییە لەئامادەكردنی ڕێزبەندی ناوی دیپلۆماتكاران و فەرمانبەران لە باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەكان و لێسەندنەوەی گەشتنامەی دیپلۆماسی و تایبەتەكان، پێدانی ناسنامەی تایبەت و دیپلۆماسی بە نوێنەران و باڵوێزان و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەكان، نووسینی پەڕاوی پشتگیری باڵوێزەكان و هەڵسووڕاوانی دیپلۆماسیی ڕەسەن، پاڵپشتیی نووسراوی باڵیۆزان و وەڕگێرانیان بۆ سەر زمانی وڵاتی خاوەن میوان، وەرگرتنی پاكانەی كونسوڵخانەكان بۆ كونسوڵخانەكانی دیكەی وڵاتان لە وڵاتەكەیان.
* ماجستێر لە كارگێڕی كار