ئێن ئاڕ تی، میدیایه‌ک که خۆی به ئه‌هلی و بێلایه‌ن ده‌زانێت، به‌ڵام هه‌رگیز واش نیه!
November 5, 2016
وتار و بیروڕا
چۆن ده‌بێ زاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێت ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی له سه‌ره‌تای ده‌ست به‌کاربوونیان که‌ناڵه‌که‌یان سوتاند ناویان نه‌هێنێت، له باسی نه‌وت و بودجه‌ی کوردستان به یه‌ک وشه باسی ڕێژه‌ی نه‌وت و ژماره‌ی کێڵگه‌کان و داهاتی نه‌وتی سنوری سه‌وز-نیلی نه‌کات له کاتێکدا ٦٥ له سه‌دی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان له‌و سنوره‌یه، نه‌وێری باسی داهاتی گومرگ و ناوخۆ وبڕی بودجه‌ی ته‌رخانکراوی سلێمانی بکات که چی لێ دێت و بۆ کوێ ده‌ڕوات، هه‌روه‌ها نه‌توانێ له ڕاپۆرتێکدا ته‌نها یه‌ک خوله‌ک ته‌رخان بکات بۆ به تاڵانفرۆشتنی نه‌وتی که‌رکوک له ڕێگه‌ی ته‌نکه‌ره‌وه به ئێران بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و ئاماژه به‌وه بکات که ڕۆژانه ڕێژه‌که‌ی چه‌ند سه‌د هه‌زار به‌رمیل بوو، نرخی هه‌ر به‌رمیلێک چه‌ند دۆلار بوو، داهاتی فرۆشتنی له‌و دووساڵه‌دا چه‌ند بووه و پاره‌که‌ی بۆ کێ و کوێ چوو!
که‌ناڵێکی بازرگان، له بری ئه‌وه‌ی له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا به شانازییه‌وه، باسی بوێری و ڕۆڵی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه بکات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و پاراستن و ئازادی خاکی کوردستان، که‌چی له ژێر په‌رده‌ی ئازادی بیروڕا و دیموکراسی له ڕێگای چه‌ند قه‌ڵه‌مێکی ڕیسوا و هه‌رزانفرۆش له پاڵ که‌سانێکی سیاسی دۆڕاودا به پێشمه‌رگه بڵێن میلیشیا و هه‌موو بێ ڕێزییه‌ک به پێشمه‌رگه و سه‌رۆک و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه وهدیهاتووهکانی ئه‌م وڵاته بکه‌ن!
که‌ی ئه‌رکی میدیا ئه‌وه‌یه به بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاپۆڕتێکی چه‌واشه‌کارییانه به ناوی سه‌رچاوه‌ی نهێنی که ئاشکرایه سیناریۆی پشت بڵاوکردنه‌وه و مه‌به‌سته‌که‌یان چیه به ویستی خۆیان درۆ بهۆننه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و بارودۆخی ئێستای کوردستان بده‌ن، هه‌وڵی وروژاندنی مووچه خۆران و کار بۆ هاندان و ناڕه‌زایی خه‌ڵکی بکه‌ن، به‌ڵام پێیان وابێت دیموکراسیه و نابێ هیچ ڕێگریه‌ک هه‌بێت و به بێ سزای یاسایی لێی قوتار ببن!