هەدەپە بووە قوربانی!

هەدەپە بووە قوربانی!
ئەوەی لە توركیا ڕوویدا لە ناكاو نەبوو، زۆریش چاوەڕوانكراو بوو، چونكە پێشینەو زەمینەی ڕوودانی هەبوو، دوای كودەتا سەرنەكەوتووەكە، ئەردۆغان هەوڵی دا هەرچی ئۆپۆزسیۆنی توركیی و كوردی و دەزگای نەیاری خۆی هەیە، پاكتاو یا كۆنتڕۆڵی بكات.
ئاخر پەكەكە هیچ حسابێكی وردی لە سەر ئەو سیاسەت و پلانەی ئاكپارتی نەكردبوو، سیاسەتێكی ڕۆشن ولۆژیكیشی پەیڕەو نەكرد، لە دوای ساڵی 2008 – و بەدواوە دەرفەتی باشیان بۆ ڕەخسا، بەڵام بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و چارەسەری سوودیان لێی وەر نەگرت، هاتن ژینگەی لەباری سیاسیی و ئازادی كاری ئیدارییان بۆ شەڕی خەندەق و تووندوتیژی و سیاسەتی ناواقیعیانە قۆستەوە، بە دووای شیعارات و سیاسەتی تاكتیكی و خۆ قەرەباڵغكردندا كەوتن، كردەوەی تووندوتیژی زۆریان بەرامبەر دەوڵەت جێبەجێكردو نەیانتوانی بە سیاسەتێكی حەكیم و عەقڵانی و مەتیقی مامەڵە لە گەڵ دۆخی نوێی توركیادا بكەن.
پەكەكە دەیان پاساوی دایە دەست حكومەتی توركیا تا پەرچەكرداری تووند لە دژی هادەپ و پرسی كورد لە باكوور بنوێنێ.
دوای شەڕی سوریا پەكەكە بووە بەشێك لە ململانێی ئیقلیمی و چووە بەرەی شیعیی ئێرانی و سوریی و عێراقی، خۆی خستەنێو یارییەكی ترسناک لە دژی توركیا بێ ئەوەی ئامانجێكی ڕوون و دەستكەوتێكی سیاسیی بۆ كورد لێ بكەوێتەوە. ئەردۆغانیش دەزانێ كە هەدەپەش پارچەیەكە لە پەكەكەو تەعلیمات لە قەندیل و ئیمڕالییەوە وەر دەگرێ، بۆیە لەم ساڵانەی دوایدا هەدەپەی بە هاوكاری تیرۆرو دەستكەلای پەكەكە تاوانبار دەكرد و، زەمینەی بە میللیكردنی ئەم تۆمەتانەی بۆ هادەپ خۆشكرد، بەڵام كات و شوێنی تۆڵەكردنەوەو گورزلێدانی بۆ وەختێكی گونجاوی وەك ئەمڕۆ هەڵگرتبوو، كاتێك بۆ كاروباری پەرلەمانی و شكستپێهێنانی كودەتا ئیشی بە كەس نەما، دوای پاكتاوكردنی گولەنییەكان، ئینجا نۆرەی دارودەستەكەی پەكەكە هات و ئەوەی كرد كە بینیمان.
ئێستا حكومەتی ئەردۆغان حساب بۆ هیچ فشارێكی ناوخۆ و دەرەكی ناكات، لێدوانی وڵاتانی دنیاو خۆپیشاندانەكانی ناوخۆ و دەرەوە، هیچ كاریگەرییەكی نابێ، وەك بۆ جەماعەتی گولەنیش نەیبوو، دوای پاکتاوکردنی جەماعەتی فەتحولا گولەن، تەنیا هادەپ كۆسپێك بوو لە بەردەم سیاسەتی ئەردۆغاندا، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە هەنگاوی تووندتریشیان لە بەرامبەردا بگرێتە بەر.
ئێستا دۆخەكە لە گرێژنە دەرچووە، كاتیش نە بۆ توركیا و نەبۆ هادەپ ناگەڕێتەوە دواوەو بۆ هەردوولایان پێ ناچێ، داهاتوو لە ڕابردو باشتر بێ، بگرە خراپتر دەبێ ..قسەیەكی بە ناوبانگ هەیە دەڵێ: ئەگەر شێتێك بەردێك بخاتە ناو بیرێك بە چل عاقڵ دەر نایە، مانای ئەم عیبارەتە بۆ باری ناهەمواری هادەپ و ڕێگای دژواری بەردەم ئەردۆغانیش ڕاستە.!
Top