گۆڕان له نێوان دیماگۆجیەتی کۆمەڵایەتی و کەڵەگاییزمی سیاسی
November 1, 2016
وتار و بیروڕا
ئه‌و سیاسه‌ته فاشیستییه کەڵەگایانه‌ی گۆڕان و ئەو شێوازە ده‌ربڕینه‌ی ئێستای میدیاکەیان به‌رامبه‌ر سه‌رکرده سیاسی و حیزبییه‌کان و ته‌نانه‌ت هەندێک به‌رپرسی بزووتنه‌وه‌که‌یان که لێیان جیا بوونەتەوە و ده‌بنه‌وه، ڕێک ده‌چێته چوارچێوەی که‌ڵه‌گاییزمی سیاسییەوە، له کاتێکدا سەرى زمان و بنى زمانى ڕێکخه‌ر و سه‌رانی بزووتنه‌وه‌کە دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین و مافى کۆمەڵایەتى و تاکەکەسە. خەڵک دەگەوجێنن بەوەى ناکرێت لە ئاست دەسەڵاتى ئێستا ڕەخنە بگیردرێت و حکومەت و حزبەکانى دیکە ڕەخنە قبوڵ ناکەن و سەرکوتکەرى ئازادین، كەچی خۆیان لەبەرامبەر هەر ڕەخنە و بۆچوونێکى جیاواز، درێغى ناکەن لە تۆمەت بەخشینەوە و قسه‌ی نه‌شیاو و قێزه‌ون.
بەداخەوە بە دروستبوونى گۆڕان، ئەو ویستە خۆڕسکە کۆمەڵایەتییەى کە لە کۆمەڵگە هەبوو و خەریکى چەکەرەکردن بوو، پووکایەوە و ڕق و کۆنەقین جێگەى گرتەوە و خودى گۆڕان بووە هۆکارى پاشکەوتنى بزووتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى خۆڕسک کە دڵنیام تا دەیان ساڵى تر دروست نابێتەوە، بۆیە پێویستە شۆڕشێك دژی ئەو ڕه‌فتار و جنێوفرۆشیه به‌رپا بكرێت و پێش هه‌ر که‌سێک سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و ئه‌و لایه‌نانه‌ی خۆیان به چاودێری میدیایی ده‌زانن هەڵوێستی جددییان هەبێت و ڕێگری بکەن لە به‌کارهێنان و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و زمانه دوژمنکار و زبرەى که ده‌مێکه که‌ناڵەکەى ئەو بزووتنەوە ڕەقاوییە و نوسه‌ره شارلاتەکانیان له بەرامبەر كەسایەتییە سیاسیه‌کانی کوردستان به کاری دەهێنن، کەسانێک كە تاقە تاوانیان لەگەڵنەکەوتنە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان و ئەندامبوون و دۆستایەتییانە لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان.
ئەگەر ڕێگری له‌و جۆره تیرۆره فکریه نه‌کرێت و گۆڕان به‌رده‌وام بێت له هۆنینه‌وه و بەرهەمهێنانى ڕق و دوژمنایەتى و دابەشکارى نێو کۆمەڵگە، ئەو دیموکراسییەى کە هەشە دەکەوێتە مەترسییەوە و ژێرخانى کەلتوورى وڵات کە خۆى زۆریش لاوازە، هێندەى تر بەرەو وێرانبوون دەچێت. کە خۆیان ڕەخنە دەگرن، ده‌بێت ئه‌وه‌ش قبوڵ بکه‌ن که هه‌موو خەڵكێک ئازادە لەوەى چۆنیان لێ دەڕوانن و چۆن ئازادییەکانى خۆیان مومارەسە دەكەن کە دڵنیام هیچ کات چیقەڵدانیان هێندە گەورە نییە کە هەموو قسە و ڕوانگەیەک قبوڵ بکەن و ئەوەى گرنگە وەک دوا ڕستە دووبارەى بکەینەوە ئەوەیە کە "بزووتنەوەى گۆڕان، مەترسییەکى گەورەیە لەسەر هەرێمى کوردستان و بنەماى پاشخستنى ژێرخانى ئابوورى و فکرى و گەشەسەندنى بوارى حکومەتدارییە لە هەرێمەکەمان و وەک دۆمەڵ و شێرپەنجەیەک بە لەشى ئەم هەرێمەوە بەستراوە کە گەر زوو چارەسەر نەکرێت، هەموو جەستە داگیر دەکات و وێرانى دەکات".