پێشمەرگە ناوێك لە زێڕ بە خوێنی خۆی سنوورو نەخشەی كوردستان دیاری دەكات

پێشمەرگە ناوێك لە زێڕ بە خوێنی خۆی سنوورو نەخشەی كوردستان دیاری دەكات
كوردستان خاوەنی هێزێكی ڕێكخراو و مەشق پێكراوی ورەپۆڵایینە كە پێشمەرگەی سەربڵندەو هەموو جیهان چاوی لەئازایەتی و مەردایەتیی ئەو هێزەیە بۆ بەرگریكردن لە خاك و شەرەفی كوردستان. پێشمەرگە دوێنێ لەشاخ شۆڕشی پیرۆزی دژی ڕژێمە دەسەڵاتدارەكانی دژ بە كوردستان كردووەو ئەمڕۆ دژ بە تیرۆرو سبەی سنوور و نەخشەی كوردستان دیاری دەكات و ئاڵای كوردستان لەپاڵ ئاڵاكانی جیهاندا دادەنێت. پێشمەرگە بۆتە ناسنامە و سنبولی هەموو كوردێكی دڵسۆز و هەمیشە دەبێت وەك پیرۆزییەك ناوی ببرێت. هەموو كەسێك لە ژیانیدا قەرزارێكی زۆری باوك و دایكێتی كە تا ڕۆژی مردنی ناتوانێ چاكەو پاداشتیان بداتەوە، ئێستاش ئێمە هێندەی باوك و دایكمان قەرزاری پێشمەرگەین كە هەموو كات گیانی خستۆتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ئێمە لەئاسایش و لەخۆشیدا بژین، بەڵام ئەوەی سەیرە هەندێك بەناو نووسەر و هەندێك بەناو خوێندەوار لەنمایشە ساختەكانی خۆیانداو لە بەردەم شاشەی میدیاكان بوێری ئەوە دەكەن كە لەپیرۆزی و سەروەریی پێشمەرگە كەم بكەنەوە!
ئەو بەناو نووسەرانە چۆن جورئەت دەكەن كە خامەی خیانەتیان لەسەر بوێری و مەردایەتیی پێشمەرگە بووسێت، لەكاتێكدا جیهانێك ئەمڕۆ وەك پڕوزەترین و ئازاترین و مەردترین هێز باس لە پێشمەرگە بكات؟! بێگومان كۆمەڵێك بەكرێگراوو فێركراوو نەوەی جاش و موستەشارەكانی پێش ڕاپەڕین، ئێستاش ئەو خوێنی خیانەتكارییە لەجەستەیاندا ماوەو هێشتا زمانیان وشەی باش و جوانی لێنابیسترێ و دەستیان جگە لە خامەی خیانەت، هیچ خامەیەك ناگرێ! دەبێت هەموو ئەو بەناو نووسەرانە دادگایی بكرێن، چونكە سووكایەتی بە بنەمای پیرۆزییەكانی كوردستان دەكەن، ئەویش پێشمەرگەیەو دەبێت بە یاسای خیانەت، دادگایی بكرێن و سزای خۆیان و خیانەتیان ببینن.
هەموو گەل و وڵات و هەرێمێكی دنیا خاوەنی سەروەرییەكن كە لەناو وڵاتانی جیهاندا پێی دەناسرێنەوەو دەبێتە هێڵی سوورو كەس بۆی نییە ئەو سەروەرییە لەكەدار بكات، یان لە پیرۆزییەكەی كەم بكاتەوەو هەر كەسێك ئەو هێڵە سوورە ببەزێنێ، بە خیانەتكار ناوی دەهێندرێ. بەداخەوە كۆمەڵێك بەرپرس كە نەیانتوانی لەئاستی بەرپرسیارێتی خۆیان و نیشتماندا بن و نێردراونەتە ئەو شوێنەی لێوەی هاتوون، دێنە بەردەم شاشەی میدیاكان و لە وڵاتانی دەرەوە ناوی پێشمەرگە بە میلیشیا دەهێنن، ئەم جۆرە بەناو بەرپرسانە كە لەئاستی بەرپرسیارێتدا نەبوون، لەگەڵ ئەو كۆمەڵە نووسەر و ئەندام پەرلەمانە كۆنانە كە فەشەلی سیاسییان هێنا، ئێستا پەلاماری شكۆ و سەروەرییەكانی گەلی كورد دەدەن و دژی پێشمەرگە و سەربەخۆیی كوردستان دەوەستنەوە! لەوانەیە زۆر سەیریش نەبێت، چونكە لە هەموو كاتێكدا مرۆڤی كەم و نوقسان هەموو زۆرەكانی لەلا كەمەو هەموو جوانییەكانی لەلا ناشیرینەو هەموو دەستكەوت و سەروەرییەكانی لەلا بێنرخە، بەڵام هیچ كاتێك پێشمەرگە بۆ ساتێكیش بێت بە قسەی ئەم جۆرە كەسانە لە ورەی بەرزی و دڵسۆزییەكەی بۆ كوردستان كەم نەبۆتەوەو هەمیشە خاڵێكی سەرەكی بووە بۆ وڵاتپارێزی، ئەوەشی كە لە ئێستادا وایكردووە پێشمەرگە بەهێزتر و گیانفیداتر بێت، بە هۆی سەركردایەتیكردنی سەرۆكێكی تەمەن ٧٠ ساڵەیە كە زیاتر لە نیو سەدەی تەمەنی پێشمەرگە بووەو خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز و بەئەزموونەو لە ئاستی ناوچەكە و جیهاندا حیسابی لەسەر دەكرێ. جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لەسەرەتای شەڕی دژی تیرۆری داعش لە سەنگەراكانی پێشەوەی بەرگریدا بووەو هەمیشە شانازیی بە پێشمەرگەبوونی خۆیەوە كردووەو تا هەنووكەش لە سەنگەرەكانی پێشەوە بەرگری لەگەل و وڵاتەكەی دەكات، لەگەڵ جیهانیشدا وەك باشترین دیپلۆماتكار سیاسەت دەكات و نەخشەی كوردستان دیاری دەكات و لەسەر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرس و ڕای پێدەكرێت.
لە كوردستاندا هەمیشە ناوی پێشمەرگە هەر لەسەرەتای شۆڕشی (ئەیلوول و گوڵان)ـەوە تا ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردو تا ئەمڕۆش و سبەی و داهاتووش ناوێكی پیرۆز بووە. پێشمەرگە لای خەڵكی بەغیرەت و بەشەرف و دڵسۆزی كوردستان خۆشەویستە و هەمیشە بە سەروەری ناوی هێنراوە و ڕێزی لێگراوەو وەك ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی كوردستان تەماشای كراوە. لەكۆتاییدا دەڵێم: ئەی پێشمەرگەی كوردستان، ئێوەن ناوێك لە زێڕ و ورەیەك لە پۆڵا، كە ئومێدی داهاتووی نەتەوەیەكی مەزڵوومن، سبەی سنوورو نەخشەی كوردستان دیاری دەكەن و نیشتمان وەكو قەڵایەكی لێدەكەن كە دوژمن پێی نەوێرێت و ئەوەی بیەوێت كۆمەڵكوژی چەندبارە بكاتەوە، لە بەرامبەر ئیرادی ئێوەدا بەچۆكدا بێت، گەلی كوردستانیش چیتر لە مێژووی ئێستاو داهاتووی نەترسێت .

Top