وه‌ڵامێك بۆ جووته‌ نوسه‌ره‌كه‌ی كاك نه‌وشێروان

وه‌ڵامێك بۆ جووته‌ نوسه‌ره‌كه‌ی كاك نه‌وشێروان
عه‌دنان عوسمان و كه‌مال ره‌ئوف-ی گۆڕان،له‌به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئێن ئاڕتیدا ، جگه‌ له‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یان به‌ میلیشا ناوبرد ، شه‌ڕی موسڵ-یشیان به‌ سیناریۆی پارتی وه‌سف كرد . جارێ به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وان، ده‌پرسم كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی ، ‌ ئه‌مڕۆ هاوكات‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئازادكردنی چه‌ندین ناوچه‌ و پێشڕه‌وییان به‌ره‌و شاری موسڵ و شه‌هیدبوونی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مان و برینداربوونی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر، خێره‌ مینبه‌ره‌كه‌ی خۆی ئه‌وه‌نده‌ هه‌رزان فرۆش كردووه‌ و ئه‌وكاته‌ زێڕینه‌ی كاری ئیعلامی خۆی به‌خشیوه‌ته‌ دوو كه‌س، كه‌ له‌به‌یانی جه‌ژنانیش داوه‌تی به‌رنامه‌ بكرێن ، دژی پارتی قسه‌ نه‌كه‌ن ژان ده‌یانگرێ ! عه‌دنان عوسمان و كه‌مال ڕه‌ئوف كه‌ له‌ ژیانی خۆیان نه‌ك به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ، بگره‌ ڕێی نه‌خۆشخانه‌یه‌كیان نه‌گرتۆته‌ به‌ر بۆ پرسین له‌ ئه‌حواڵی پێشمه‌رگه‌یه‌ك ، لوتفییان نه‌كردووه‌ خۆیان له‌ جیاتی ڕێكخه‌ره‌ غایبه‌كه‌یان فاتیحه‌یه‌ك له‌ مزگه‌وتێكی خوار گرده‌كه‌ بۆ گیانی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌هید بخوێنن، كه‌چی له‌ ڕۆژی سه‌ركه‌وتنه‌كاندا ، له‌ شه‌رمی بێ حزووریان به‌و په‌ڕی دڵڕه‌شیه‌وه‌ قه‌پ له‌ پۆستاڵی خۆڵاوی پێشمه‌رگه‌ ده‌گرن و به‌ میلیشیا ناویان ده‌به‌ن ، تۆ بڵێی شیاوی لێ پرسینه‌وه‌ی توند نه‌بن له‌لایه‌ن دادگاوه‌ شایه‌نی چی ترن ؟ ئه‌و دوو بوقه‌ی كاك نه‌وشێروان، ئه‌وه‌نده‌ دژی پارتی و دڵسۆزی كاك نه‌وشێروانن ، ده‌بوا له‌و ڕۆژه‌ مێژوویه‌دا، له‌بری ئه‌وه‌ی په‌لاماری پێشمه‌رگه‌ بده‌ن ، هیچ نه‌بوا پیرۆزبایی سه‌ركه وتنه‌كانیان له‌ پێشمه‌رگه‌ كردبا، چ نه‌بێ تۆزێ هه‌ڵوێستی ڕێكخه‌ره‌كه‌یان ڕاست ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ژیانی دوو وشه‌ش ناوی پێشمه‌رگه‌ی نه‌بردووه‌ ، یان چ نه‌با دڵی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆش ده‌كرد كه‌ له‌ پێشوو ده‌نگی به‌ گۆڕان داوه‌ ، ئاخر پێشمه‌رگه‌یه‌كی ده‌نگده‌ری گۆڕان ، ماندوو و شه‌كه‌ت له‌ جه‌بهه‌ی شه‌ڕ، گوێی له‌و قسانه‌ی ئه‌و جووته‌ گۆڕان خوازه‌ بێت، ئاوات ناخوازێ په‌نجه‌ی ده‌نگدانی ببڕێته‌وه‌ ؟! ئه‌و دوو براده‌ره‌ وه‌كو باقی تاقمه‌كه‌ی گۆڕان ، كه‌ تا ئێستاش پێیان وایه‌ خۆڵبارینیش ده‌ستی پارتی تیایه‌، شه‌ڕی موسڵ-یان به‌ سیناریۆ و ده‌سكه‌وتی حزبی پارتی ناوبرد ، بێ ئه‌وه‌ی له‌ بیریان بێت له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ ده‌یان گوند و ناوچه‌ی برایانی شه‌به‌ك و ئێزیدی و كریستیان هاتۆته‌ ئازادكردن ، پاشان ئه‌گه‌ر گرتنه‌وه‌ و شه‌ڕی موسڵ سیناریۆ و به‌رنامه‌ی پارتییه‌ ، سه‌د ئافه‌رین پارتی بتوانی ده‌یان وڵاتی زلهێز و ئیقلیمی له‌ ئه‌رز و ئاسمانه‌وه‌ ، به‌ ئاوازی سیناریۆیه‌كی خۆت هه‌ڵپه‌ڕێنی . ئه‌ركی دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان و له‌سه‌روویانه‌وه‌ داواكاریی گشتییه ‌ببێته‌ پارێزه‌ری پێشمه‌رگه‌ و دایكانی شه‌هیدان نه‌هێڵێ ئه‌و ده‌نگه‌ نه‌شازانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر مۆڕاڵی پێشمه‌رگه‌ دروست بكات ، له‌ ڕۆژێكی ئاوادا كه‌ هه‌موو جیهان شانازی به‌ ده‌ست و بازووی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات ، له‌و‌لاشه‌وه‌ چوار كۆڵان ئه‌ولای پرسه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك دوو كه‌سی دڵڕه‌شی ‌سه‌رمه‌ست به‌ میلیشیا ناوییان ببات.
Top