ئایندەی سووریا و كوردی رۆژئاوا بەرەو كوێ؟
October 18, 2016
وتار و بیروڕا
قەیرانی شۆڕشی سووریا
گەل و وڵاتی سووریا بە مەترسیدارترین قۆناغی مێژووییدا گوزەردەكەن، رژێمی ستەمكاری ئەسەد لەوەتەی پێنج ساڵە گەلەكەی خۆی قڕدەكات، لە دوا ئاماردا ژمارەی قوربانییەكان نزیكەی یەك ملیۆن هاووڵاتییە، وێڕای زیندانیكراو و بریندارو كەمئەندامان، هەروەها زیاتر لە نیوەی گەلی سووریا ئاوارەو دەردبەدەربوون، رژێمی سووریاش لە ساڵی یەكەمی راپەڕینەكەدا گوێی نەدا بە ئیرادەی ئاشتییانەی گەلەكەی لە پێناو چاكسازی و پەرەپێدان، ئەو كاتەی كە لە شێوەی خۆپیشاندانی ئاشتییانەدا بوو، بۆیە رژێمی سووریا پەنای بردەبەر هێنانی سوپای ئێران و رووسیاو میلیشیا مەزهەبییەكان بۆ پشتگیریكردنی، بەمەش سەرپێچی كرد لە سەروەریی نیشتمانی و سەربەخۆیی وڵات، بەمەشەوە نەوەستا بەڵكو بەشداریكرد لە پێگەیاندنی گرووپە تیرۆریستە چەكدارییەكان، رژێمی سووریاو حكومەتی عێراق سەركردەو بەرپرسە تیرۆیستییە زیندانیكراوەكانیان لە بەندیخانەكانی بەغداو دیمەشق ئازادكرد، لەوانەش رێكخراوەكانی ئەلقاعیدەو داعش، هەروەها ئێرانیش كۆمەڵێك تیرۆرییستی رەوانەی سووریا كرد بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی بدات كە شۆڕشێكی نیشتمانی و دیموكراسییە و رژێمیش پارێزەری عەلمانییەتە.
داگیركاریی رووسیا
تاقمی حوكمڕان لە رووسیا(كە بریتین لە هاوپەیمانییەكی پاشماوەی دامەزراوە ئەمنییەكان و بەڕێوەبەرانی پیشەسازییەكانی جەنگ و تۆڕگەلێكی مافییای سنووربەزێن) بۆتە دوژمنی سەرەكیی گەلی سووریا و شۆڕشەكەی، دوای ئەوەی وەك دەوڵەتێكی داگیركار بنكەی دەریایی و وشكانی لەنێو خاكی سووریا دامەزراند، هەروەها بە هەزاران سەربازو ئەفسەرو سەدان فڕۆكەی تازەی نارد بۆ ئەوەی گیانی هەزاران كەسی سڤیل لە شارەكانی حەلەب و حەماو حمس بكەنە قوربانی و بە ئاشكرا بۆتە پارێزەری سەربازی و سیاسیی رژێمی سووریا، جگە لەمە دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی سووریا بە هاوكاریی رووسیا لە حەمیمیم و دیمەشقەوە بە فەرمانی ئەو دەوڵەتە دەستیان كرد بە هەڵوەشاندنەوەی ریزەكانی ئۆپۆزسیۆن و لەباوەشگرتنی ئەو تاقم و گرووپانەی كە سەر بە رژێمن و دواتر وەك نوێنەرانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن بە دەرەوەیان نانساندن. فاكتەروهۆكارگەلێكی زۆرهەن كە رۆڵیان بینیوە لە تەگەرەخستنەبەر كاروانی شۆڕشی سووریا، هەندێكیان ناوخۆیین و هەندێكیش نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، دیارترینیان:
یەكەم: پێویستە رۆڵی سەرەكیی ئەو لایەنانە لەبەرچاو بگرین كە بریتین لە رژێمی ئەسەد و تاران و مۆسكۆو میلیشیا مەزهەبییەكان ئەوانەی كە رێگەگرن لە سەركەوتنەكانی شۆڕش و دواتر درێژەدان بە شەڕ و پەرتكردنی ریزەكانی ئۆپۆزسیۆن و نانەوەی دووبەرەكی لەنێوان پێكهاتەكان، هاوكات رۆڵی شەرمەزاری و گوێ پێنەدانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا و هەندێ رژێمی دیكەی عەرەبی.
دووەم: هەندێ لەناو حزبە نەریتی و ئیسلامی و قەومچییەكان خزانە نێو شۆڕشەوەو هەوڵیان دا بە لاڕێیدا بەرن و دواتر توانیان دەست بگرن بەسەر هەندێ شوێنی هەستیاردا، ئیخوان موسلمین لە سووریا رۆڵی زۆر خراپی گێڕا لە جیاكردنەوەی پێكهاتەو پۆستەكانیی سوپای ئازادو پەرتكردنی ریزەكانی، بە پاساوی ئایدیۆلۆجی و حزبی و بە سوودوەرگرتن لە جوگرافیای توركیا و پارەو سامانی كەنداو، سەرباری ئەمەش كۆمەڵگەی سووریا كە فرەئایین و مەزهەب و نەتەوەیە، بوونی ئیسلامی سیاسیی لە سەركردایەتیكردنی شۆڕشی پێ قبووڵ نییە.
سێیەم: كاتێ ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریا سەری هەڵدا دوای ساڵێك لە تەمەنی شۆڕش و دواتر بوو بە ئیئتلاف، دوای ئەوەی بە خێرایی نادیموكراسیی ئەو ئەنجومەنە ئاشكرابوو، دەركەوت كە زۆربەی نوێنەرانی پێكهاتە سورییەكان و نیشتمانپەروەرەكان و نوێنەرانی هەماهەنگییەكانی لاوان و بێلایەنەكان و سوپای ئازادو هێزە شۆڕشگێڕەكانی دیكەی لێ دوورخرانەوە، هەندێ هەلپەرستانیان بە ناوی رەوتە سیاسییەكان و بزووتنەوەی كوردی هێناو خستیاننە نێو ئەو ئەنجومەنەوە، لە ئەنجامدا دووچاری شكست بوو و زیانێكی زۆری بە كێشەی سووریا گەیاند.
دۆخی كوردی سووریا
دۆخی كورد بەشێكە لە كێشەی گشتیی سووریا، ئەگەر هەندێ تایبەتمەندیی ئەو دۆخە رەچاوبكەین هەر لە سەرەتای راپەڕینەوە، دەبینین كە شارو شارۆچكەو ناوچە كوردییەكان هاوكات لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی سووریا خۆپیشاندانی ناڕەزایی تێدا بەرپابوو، لاوانی كورد پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانە بوون بە هاوكاریی بزاڤی لاوانی عەرەبی چالاكییەكانیان پتەوتر دەكرد، بەڵام حزبە كوردییە نەریتییەكان خۆیان لەم بزاڤە بەدوور گرتبوو، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك (ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی) لە كەشوهەوایەكی پابەند بە هەڵوێستی بێلایەنی لە نێوان شۆڕش و رژێم دامەزرا، لەجیاتی ئەوەی بچێتە ریز شۆڕشەوە رۆڵی هەلپەرستی و رارایی بینی و رووبەڕووی هەموو چالاكییەكانی لاوان بووەوەو رژێم ئاسا مەبەستیان دامركاندنەوەی ئەو چالاكییانە بوو.
لەبەر ئەم هەڵوێستە بوو كە ئەنجومەنەكە نەیتوانی پڕۆژە نەتەوەییەكەی كورد گەڵاڵەبكات و داكۆكی لێبكات و گفتوگۆ لەگەڵ شەریكەكان بكات لە عەرەبە شۆڕشگێڕەكان بۆ ئەوەی دەربارەی ئەو پڕۆژەیە لێكتێگەیشتنێك درووست بكات، ئەم لاوازییە بووە هۆی ئەوەی كە گرووپەكانی پەكەكە لەودیو سنوورەوە بێن و دەست بەسەر رەوشەكەدا بگرن بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئەسەدو دواتر دامەزراندنی دامەزراوگەلی ئەمنی و سەربازی و داگیركردنی ناوچەو بازگە سنوورییەكان.
دەسەڵاتی – ئەمری واقیع- ی سەر بە تاكە حزب (پەیەدە) وەك لقێكی پەكەكەی توركیا، هەمان رێچكەو میتۆدی حزبی بەعس بەكاردێنێت لە سەپاندنی حوكمڕانیی تاكە حزب و كپكردنەوەی دەنگ و رەتكردنەوەی راوبۆچوونی جیاوازو كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان بە راوەدوونانی لاوان و سەپاندنی سەرانەو دەركردنی یاساگەلێك كە دژ بە هەموو داب و نەریتی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، لە پێناو بەرژەوەندیی حزبەكەی هەموو رێچكەیەكی گرتۆتەبەر و گەنج و لاوانی كردۆتە قوربانی لە ململانێیە ناوخۆیی و ئیقلیمییەكاندا.
لە گەرمەی ململانێی حزبە كوردییەكان و ترازانی ریزی كوردی و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچە كوردییەكاندا و شكستی حزبەكانی هەردوو ئەنجومەن لە بەرجەستەكردنی پڕۆژەی نەتەوەیی و دابڕان لە بزاڤی دیموكراسیی سووریا وشۆڕش، هەروەك بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند هەڵسوكەوتە هەڵەكانی حزبە كوردییەكان بووە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی و گومڕاكردنی گەلی كورد لە سووریا لەنێوان شایستەبوونی كە لەگەڵ شۆڕش بێت یان لەگەڵ رژێم، لەبەردەم ئەمانە هەموویان پێویستە كوردی سووریا و بزووتنەوەكەی لەم بەلاڕێدابردنە رزگاربكرێن.
شایانی باسە لەوەتەی چەند ساڵێكە هەوڵی تاكلایەنەو بە كۆمەڵ لەنێو كوردی سووریا لەئارادایە بۆ رزگاربوون و گۆڕینی ئەو دۆخە نیگەرانییە، ئەوە بوو لەم دواییەدا پڕۆژەیەكی جیددی بە ناوی – BIZAV – گەڵاڵەكرا مەبەستی بنیاتنانەوەی بزووتنەوەی نیشتمانیی كوردی سووریا بوو بە رێگەی گرێدانی كۆنگرەی نیشتمانیی كوردی لەو كوتلە مێژووییە زۆرینەیەی لە گۆڕەپانی نیشتمانیی كوردیدا هەیە( بێ لایەن و بزاوتی لاوان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەموو خەباتگێڕە دێرینەكام و هەندێ لە جەماوەری حزبەكان، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە هەوڵیان دا رێچكەكەی دابەش بكەن بۆ چەند قۆناغێك كە بە هەنگاوی خوێندنەوەی راوبۆچوونی جەماوەر دەست پێبكات لەرێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دواترهەردوو پڕۆژەی بەرنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی بخەنە بەر لێدوان و گفتوگۆكردن بە رێگەی چەند لیژنەیەكی بەدواداچوون لە ناوەوەو دەرەوەدا، ئینجا كۆبوونەوەگەلێكی لاوەكی و فراوانی بەدوادابێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ لیژنەی ئامادەكاریی رێكخستنی كۆنگرەكە، هەروەها دانانی نوێنەر بۆ كۆنگرەی گشتی لەپێناو بنیاتنانەوەی بزووتنەوەی نیشتمانیی كوردیی سووریا، ئەم پڕۆژەیەش دوا هەوڵە بۆ رزگاركردن كە پێویستی بە پشتگیریی و هاریكاریی برایان و برادەران هەیە.