كورد و جه‌نگێك له‌پێناوی مرۆڤایه‌تیدا..

كورد و جه‌نگێك له‌پێناوی مرۆڤایه‌تیدا..
لە شەڕی ڕزگاری موسڵدا، پێویستە میدیای کوردی واز لە جیاكاریی و بەشبەشێنەی حزبی بێنێ وشەڕی دەروونی خەڵكی كوردستان و تێكدانی میزاجی گشتی نەكات، بەرپرسانە مامەڵە بكات، پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ئیبراز بكات نەك بۆ مزایداتی حزبی، درز و برینەكان قووڵتر بكاتەوە.
دەبێ میدیا هەستیار بێت لە بەكارهێنانی هەندێ زاراوەی نادروست وئیستیفزازی كە كار لە دڵساردكردنەوەی خەڵک و پێشمەرگە بكات. نابێ میدیا بە سوكسەرنجدان و لە ئاستێكی نزمدا ڕەهەندەكانی سیاسیی و لێکەوتەکانی ئەم شەڕە گەورەیەو ئەركی پێشمەرگە ببینێ.
با میدیاكان هاوكارو پشت و پەنای پێشمەرگە بن، كێشەی ناوخۆی حزبەكان تێكەڵ بە سەنگەرەكانی بەرگری نەكەن، چونكە دوو بەرەكی یەكێكە لە مەترسییە هەرە گەورەكان بۆ سەر ئامانج و دەستكەوتە نەتەوەییەكانمان..
خوێنی ڕۆڵەكانمان لە سەر چاوەی یەك كانیلەی خەباتی خوێناویی نەتەوەیەک سەرچاوە دەگرن و جیاناكرێتەوە، فەرماندەیەكی پارتی و یەكێتی و حزبەکانی دی وەك یەك چاو لێ بكرێن و ڕۆڵی هاوسەنگەرانەو یەك میحوەریان لێك جیا نەكرێتەوە، بۆیە ئەركی فەرماندەو بەرپرسانی پێشمەرگەیە هاوئاهەنگ بن و ئەركی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان بكەنە خاڵی سەرەکی هاوبەش لە پێناو سەركەوتنە مەزنەكەدا، ڕێگە بە هیچ بیرتەسكێكی حزبی نەدەن، بە نەفەسی سەنگەرجیایی بجوولێتەوە.
ئەو شەڕە هەر تەنیا شەڕی كورد نییە، شەڕی تیرۆرە، شەڕی ئازادی كوردە لە پێناوی پاراستنی دەستكەوتەكان و دیاریکردنی جوگرافیاو گەیشتن بە سەربەخۆیییە، بۆیە كە پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی مەیدانی دایە، مایەی شانازی و گەورەیییە بۆ میللەتێك كە ڕۆڵە گیانفیداوئازاكانی خۆی خستۆتە بەرەی پێشەوەی شەڕێكی جیهانیی دژ بە هێزە تاریكەكانی سەردەم. ئەم شەڕە، شەڕی پاراستنی بەها ئینسانییەكانە، شەڕی لەناوبردنی دژەكانی مرۆڤایەتییە. شەڕێكی پیرۆزە، لە پێناو سەقامگیركردنی دەستەكەوتەكانی كوردستان.
زانراویشە هەندێ ئاماژەو ئینزاری جیددی لە لایەن دۆستانی گەلی كوردستان بە حزبەكان دراوە، كە دەبێ یەك بن، چونكە گۆڕانكاری سیاسیی گەورە لە ناوچەكەدا لە ئارادایە، ڕەنگە دوای شەڕی موسڵیش سەروسیمای ئەو گۆڕانكاریی و نەخشە جیۆسیاسییەكان باشتر دەركەون..
جاران دوژمنانی كورد، زوتر دەیانتوانی ناكۆكییەكانیان وەلا نێن و لە دژی كورد یەك بگرن، بەڵام ئێستا ناكۆكییەكانی داگیركەرانی كوردستان هێندە قووڵ بونەتەوە، ناتوانن هێندە بە ئاسانی لە دژی كورد یەكبگرن، كەواتە دەرفەتە و دەبێ كورد بۆ پاراستنی خاک و یەکێتی گەلی خۆی یەك بگرێ.
لەو ڕوانگەیەوە كورد دەتوانێ زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرێ بەرژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێ و سوود لە ناكۆكیی هێزە گەورەكان وەربگرێ، بە مەرجێك ناكۆكییە نێوخۆییەكانی بخاتە لاوە.
با ئەو شەڕە ببێتە شەڕی زیاتر لێك نێزیككردنەوەی كوردو كەمكردنەوەی كێشە نێوخۆییەكان، ببێتە هۆكاری بەرجەستەكردنی داخوازییەكانی گەلی كوردستان..
بۆئەوەی میدیاكانیش بەڕۆڵی نەتەوەیی خۆیان هەستن لەم جەنگەدا، گرنگە ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی میدیایی هەبێت و، فەرماندە سەربازییەكان لەڕێگەی ئەو ژوورەوە مامەڵە لەگەلأ میدیاكاندا بكەن و بەیەكسانی زانیارییەكانی جەنگ بە میدیاكان بدرێت و بەشێوەیەكی ڕۆژانە زانیارییەكان لەو ژوورەوە بەسەر میدیاكاندا دابەش بكرێن. تاكو هەر میدیایەك لەئاوازێك نەخوێنێت! چونكە ئەم جەنگە جەنگی سەدەیە بۆكورد. بواری ئەوەی تێدانیە جگەلەیەكگرتوویی، بەهیچ شێوەیەكی تر مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.
Top